مەزڵوم كۆبانی: هێزەكانمان هیچ پەیوەندییەكیان بە تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵەوە نییە
  2022-11-14       580       

مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، بانگەشەكانی توركیا لەبارەی تۆمەتباركردنی هێزەكانیان بە تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ رەتدەكاتەوەو جەختیش دەكاتەوە كە هێزەكانیان هیچ پەیوەندییەكییەكیان بە تەقینەوەكەوە نییە.

ئاوێنە: مەزڵوم كۆبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند،  "ئێمە جەخت دەكەینەوە كە هێزەكانمان هیچ پەیوەندییەكیان بە تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵەوە نییە، ئەو بانگەشانەش رەتدەكەینەوە كە هێزەكانمان بە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیە تۆمەتباردەكەن."

فەرماندەی گشتی هەسەدە، وێڕای ئەوەش سەرەخۆشی لە خۆی بۆ خانەوادەی كوژراوانی تەقینەوەكەو گەلی توركیا راگەیاندوەو هیوای چاكبونەوەی بەپەلەشی بۆ بریندارەكان خواستوە.

هەر ئەمڕۆ ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی تۆمەتباركردنی پەكەكە بە ئەنجامدانی تەقینەوەكە لەلایەن توركیاوە، وتبوی"هیچ پەیوەندییەكی ئێمە بەو ڕوداوەوە نییە، ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەین."

نەپەگە وتبوشی" لەناو توركیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نامومكینەو ئاشكرایە لەبەرامبەر تێكۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاوبوە، بەتایبەتی ئاشكرابونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سوتاندنی سەربازانی خۆیان."

پێشتر سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاندبو"ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لە عەفرینەوە هاتوەتە ناو خاکی تورکیا و بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە."

ئاماژەی بەوەشکردبو"بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەستمان کەوتون پەکەکەو پەیەدە لە تەقینەوەکە بەرپرسیارن."

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 13-11-2022، تەقینەوەیەک شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستەنبوڵی هەژاند و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش برینداربون.    

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×