ساڵی 2022 سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم یەكەم بوە لە خستنەگەڕی سەرمایە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان
  2023-01-09       423       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند، لە ساڵی رابردودا، 39 پڕۆژە مۆڵەتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە سەرمایەی زیاتر لە یەك ملیارو 320 ملیۆن دۆلار پێدراوە، بەوەش لەسەر ئاساتی هەرێمی كوردستان، سلێمانی یەكەمە لە ئاستی خستەگەڕی سەرمایە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ساڵی 2022دا.

ئاوێنە: عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا سەرجەم کارو چالاکی و پرۆژەکانى وەبەرهێنانی بۆ ساڵى 2021ـ 2022 خستەڕو.

عەزیز سەعید وتی، سلێمانی لە ساڵی رابردودا توانیویەتی لەسەرجەم ساڵانی پێشو، موڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان بدات و سەرمایە بەگەڕبخات.

ئەوەشی خستەڕو، لە ساڵی 2021دا تەنها چوار پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان وەگرتوە، لەكاتێكدا بۆ ساڵی 2022، مۆڵەت بە 39 پڕۆژە دراوەو هەروەها 15 پڕۆژەش ئامادەكاری تەواویان بۆ كراوەو بۆ مۆڵەت نێردراون بۆ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان.

ئاشكراشیكرد، بەوەش لە ساڵی رابردودا، بە تەنها لە سلێمانی زیاتر لە هەمو پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان سەرمایە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان بەگەڕخراوە، بەشێوەیەك كە لەسەدا 54ی سەرمایەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی هەرێم لە سلێمانی بوە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی كە لە پڕۆژەكەدا خرانەڕو، لە ساڵی 2022دا، 39 پڕۆژە لە بوارە جیاجیاكاندا بە سەرمایەی (یەك ملیارو 320 ملیۆن و 758 هەزار و 189 دۆلار) لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان مۆڵەتیان وەرگرتوەو 15 پڕۆژەش بۆ مۆڵەت نێردراون بۆ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان.

 

هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەكە خشتەیەكیشی خستەڕو، كە لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئامادەكراوەو بەپێی خشتەكە، سلێمانی یەكەمە لە رێژەی خستنەگەڕی سەرمایە بۆ ساڵی رابردو، لەكاتێكدا لەو خشتەیەی دەستەی وەبەرهێناندا، هەشت پڕۆژەی سلێمانی كە مۆڵەتیان وەرگرتوە هەژمار نەكراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەوبارەیەوە وتویەتی"ژمارەكە زیاترە، چونكە 8 پڕۆژە هەژمار نەكراون، كە دەبێتە مایەی زیادبونی سەرمایەو سلێمانی دەبێتە یەكەمی كوردستان بۆ ساڵی 2022."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×