فازڵ نەبی: تەنها لە دۆخێکدا سەقامگیری بۆ بازاڕەکان دەگەڕێتەوە
  2023-01-22       497       

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەنها لە دۆخێکدا سەقامگیری بۆ بازاڕەکان دەگەڕێتەوە، ئەوەیش ئەگەر حکومەتی عێراق جدی بێت لە لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دۆلارەوە دەکەن و دۆلار بە قاچاخ لە عێراقەوە دەبەنە ئێران.

ئاوێنە:  نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە، گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو لە رێگەی دەستگیرکردنی خەڵکی هەژار و چاوپۆشین لە باندە گەورەکان نایەتە دی، بەڵکو پەیوەندیدارە بەو کەسانەی دۆلار دەبەنە دەرەوەی عێراق و یاری بە بەهاکەیەوە دەکەن.

وتیشی"بانکی ناوەندی گەر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگیرییەوە هاوکاری نەکرێت، ناتوانێت بەهای دۆلار سەقامگیر بکاتەوە، چونکە بارودۆخەکە و یاری کردن بە بەهای دۆلار لێپێچینەوەی ئەمنیشی دەوێت."

ئەمەش لەدوای ئەوە هات رۆژی شەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ژمارەیەک لەو کەسانەیان دەستگیرکرد کە کاری گۆڕینەوەی دراو دەکەن و چەند نوسینگەیەکیشیان لە پایتەختی بەغدا داخست، بە پاساوی یاریکردن بە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا.

فازڵ نەبی روونیشی دەکاتەوە، دووجۆر بە قاچاخ بردنی دۆلار هەیە، جۆرێکیان بە قاچاخ بردنی دۆلارە بۆ ئێران کە ئەمەریکای نیگەران کردووە، جۆری دووەمیان سپی کردنەوەی پارەیە کە بەرپرسە گەورەکان دەیکەن، ئەمەش ناسەقامگیری بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە، ئەگینا عێراق خاوەنی پارەیەکی زۆری یەدەگە و دەبوو بەهای دراوی عێراقی زۆر بەرزبێت."

لە کاتێکدا، لە سەرەتای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، بەڵێنە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی و بەرپرسانی عێراق بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بەهای دۆلار بابەتی گەرمە، بەڵام بەهای دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی نا جێگیرە و بەڵێنەکان سەقامگیرییان بۆ بەهای دۆلار نەگێڕاوەتەوە.

فازڵ نەبی پێیوایە ئێران بۆ دەستخستنی دۆلار دەستبەرداری عێراق نابێت، و دەشڵێت، "گەر بە قاچاخ بردنی دۆلار کەم بکرێتەوە، کاریگەری لە سەر بازاڕی دراو دەبێت."

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق وتیشی"گەر عێراق مەسەلەی بردنە دەرەوەی دۆلار کۆنترۆڵ نەکات، توشی کێشەی گەورەی ئابووری دەبێت، بۆیە هیچ رێگەچارەیەکی تر لەبەردەم عێراق دا نییە، جگە لە راگرتنی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار."

پێشتریش، کۆتایی ساڵی رابردوو، بانکی ناوەندی عێراق چوار بانکی لە پرۆسەی کڕینی دۆلار بە زیادکردنی ئاشکرا دوورخستەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆلار دەبەنە دەرەوەی عێراق.

فازڵ نەبی، لە بارەی دوورخستنەوەی ئەو بانکانە و کاریگەرییان لەسەر گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو، دەڵێت"ئەو بانکانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە دامەزرێنران، تا دۆلار بکڕن و بیبەنە دەرەوە، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو بانکانە بڕیارێکی گونجاو بوو، کاریگەری خۆشی دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×