فەرمانگەی میدیاو زانیاری: مریشكی دایكانەی هەرێمی كوردستان دەنێردرێتە عێراق‌و ئوردن
  2023-01-22       575       

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ پڕۆژەی مریشكی دایكانە، یەكێكە لەو پڕۆژانەی بەیارمەتی و هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت؛ پڕۆژەكەش بریتییە لەهاوردەكردنی جوچكە لەوڵاتی سكۆتلەندا بۆ هەرێمی كوردستان و بەخێوكردنیان لەناوخۆدا، تاكو بۆ خواردن ئامادە بكرێن و خواست لەبازاڕدا پڕبكەنەوە.

ئاوێنه‌: كاوە مستەفا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕاسۆن كە بەو پڕۆژەیە هەڵدەستێت، ڕایگه‌یاندووه‌، "پڕۆژه‌ی ڕاسۆن بۆبەرهەمهێنانی دایكانەی‌ مریشكە، بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلكە. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێویستیی بازاڕی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێك له‌ بازاڕه‌كانی عێراق پڕ ده‌كاته‌وه، بەشێوەیەك دەتوانین 40% بۆ50%ی خواستی بازاڕی عێراق پڕبكه‌ینه‌وه. هەروەك چۆن له‌ ساڵی ڕابردوودا بەرهەممان بۆ وڵاتی ئوردن هه‌نارده‌ كردووه‌. پڕۆژەكە له ‌ساڵی 2022، نزیكەی 750 هه‌زار مریشكی خستووەتە‌ بازاڕەكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق وڵاتی ئوردن. هه‌روه‌ها ملیۆنێك جوچكه‌ی گۆشتمان ناردووه‌ته بازاڕەكانی عێراق. به‌رهه‌می سه‌ره‌كیمان جوچكه‌ی داكانه‌یه ‌(كەڵەباب و مریشك)، هه‌روه‌ها جوچكه‌ی گۆشتیش ده‌خه‌ینه‌‌ بازاڕەوە."

لەبارەی دەگمەنی و گرنگیی پڕۆژەكەوە ده‌ڵێت، "له‌ عێراقدا ته‌نیا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ و له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشدا پڕۆژه‌ی له‌و جۆره‌ كەمن؛‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌خێوكردنی ئەو مریشكانە ئاسان نییە و بۆ بەخێوكردنیان خەڵكی تایبەتمەند پێویستە. له‌م پڕۆژه‌یه‌دا 60 كارمه‌ندی ناوخۆیی و بیانیمان هه‌ن كه‌ له‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كاندا كار ده‌كه‌ن."

لەبارەی بەرهەمی هێلكەی ئەم جۆرە مریشكەوەش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "ئەم جۆرە مریشكانە ساڵانە نزیكەی 170 بۆ 175 هێلكە دەكەن، بەم پێیە ڕەنگە بگاتە 100 ملیۆن مریشكی خواردن. بۆیە ئەگەر ڕێژەكە لێكبدەینەوە، گەر هەر مریشكێك 2 كیلۆ بێت، ساڵانە دەكاتە نزیكەی 200 ملیۆن كلیۆگۆشت".

سه‌باره‌ت به‌جۆری ئەو مریشكە دایكانەیەی بەرهەمدێت، ڕایگه‌یاندووه‌، " ئەو جوچكەی بەرهەمیدەهێنین (رۆس 308)ە، لە دنیادا بەناوبانگ و بەربڵاوە. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە هاوكارییەكی زۆر باشمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە و ئاسنكاریمان بۆ دەكەن؛ لەبەر ئەوەی ئێمە هەم جوچكە دەهێنین و هەم جوچكە ڕەوانە دەكەین. ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی و گفتوگۆی بەردەوام هەیە."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×