میدیای رەسمی توركیا دەڵێت: ئەو هێلیكۆپتەرەی لە دهۆك كەوتەخوارەوە توركی نەبوە
  2023-03-15       1455       

ئاژانسی رەسمی هەواڵی دەوڵەتی توركیا(ئانادۆڵۆ) لەزاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەوە دەڵێت، ئەو هێلیكۆپتەرەی ئەمشەو(چوارشەممە) لە سنوری پارێزگای دهۆك كەوتەخوارەوە، توركی نەبوە.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لە هەواڵێكدا لەزاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری توركیاوە وتویەتی، ئەو هەواڵە "راست نییە" كە باس لە كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرێكی سەربازیی توركیا لە سنوری دهۆك لە باكوری عێراق دەكات.

جەختیشی كردۆتەوە كە "هیچ هێلیكۆپتەرێكی سەربە هێزە چەكدارەكانمان لەو ناوچەیە بونی نەبوە."

نزیك سەعات 9ی ئەمشەو چوارشەممە، هێلیكۆپتەرێك لە نزیک گوندی بێرکیاتی لە سنووری چەمانکێ لە قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوەو تێكشكا.

فەرماندەیەکی سەربازی لە نزیک شوێنی روداوەکە کە نەیویستوە ناوی بڵاوبکرێتەوە بە روداوی وت، تاوەکو ئێستا تەرمی حەوت کەس دۆزراونەتەوە کە بەهۆی ئاگرەوە جەستەیان سوتاوە.

تاوەكو ئێستا لایەنە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی روداوەكەوە هیچ لێدوانێكیان نەداوەو ناشزانرێت هۆكاری كەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیكۆپتەرە چییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×