شاسوار عەبدولواحید بۆ باڵیۆزانی وڵاتان: لە هەرێم حکومڕانی چەتەکان هەیە نەك حکومی خەڵک
  2023-03-22       581       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا باڵیۆزی 40 وڵاتی کۆکردەوە و یادی نەورۆز دەکاتەوەو ئاماژە بەوەدەکات، لە ماوەی 32 ساڵی حکومڕانیدا دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ هەڵبژاردنێکیان لە کاتی خۆیدا ئەنجامنەداوە. دەشڵێت: لە هەرێمی كوردستان حوكمڕانی چەتەكانمان هەیە نەك حوكمی خەڵك.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، نەوەی نوێ لە ئۆفیسی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە بەغدا باڵیۆزی ئەمریکا و ئێران و روسیا و ٣٧ وڵاتی دیکەی کۆکردەوە و یادی نەوزۆر دەکەنەوە.

 لە کۆبونەوەکەدا باڵیۆزانی ئەمریکا و روسیا و ئێران و بەریتانیا و ئیتالیا، فینلاند و میسر و لوبنان و بولگاریا و هیندستان و پاکستان و فلیپین و ڤەنزوێلا و یەمەن و ئەرمینیا و ڕۆمانیا و ئیندۆنیزیا و فەلەستین و مۆریتانیا و لیبیا و سودان و سۆماڵ ئامادەن.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "لە هەرێم دو بنەماڵە چەک و پارەیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان نەک ژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەکان و زیاتر 65%ی داهاتی هەرێم لە ژێر دەستی دو بنەماڵەی حوکمڕانە." وتیشی"لە هەرێم حکومڕانی چەتەکانمان هەیە نەک حکومی خەڵک."

ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر حکومڕانانی هەرێم بەردەوام بن، هیچ بەهایەک ناهێڵنەوە بۆ ئەو تۆزە دیموکراسییەی کە هەیەو حکومڕانانی هەرێم سەرقاڵی خۆمەشغوڵکردن و خۆدزینەوەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "عێراق وڵاتی خێر و بێرە، دەتوانێت وڵاتێکی خۆشگوزەران بێت، دەرفەتی گەورەی هەیە بەرەوپێشبچێت و دەتوانێت ببێتە شوينێکی ئارام و پر خێر بۆ خەڵک، و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانیی بەڵام بە داخەوە لە عێراق زمانی چەک و میلیشیا زاڵە بەسەر زمانی عەقڵ و ئاوەدانی و دیموکراسی."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×