١٤٠ ساڵ دوای مردنی مارکس!   
  2023-03-27       1464       

وەرگێڕانی لەئینگلیزیەوە: توانا محەمەد نوری

 

١٤ی ئازار، ١٤٠ ساڵ بەسەر مەرگی کارل مارکس، گەورەترین بیرمەند و شۆڕشگێڕی ئەم سەردەمە تێپەڕی.

هەروەها نزیکەی ١٥ ساڵیش بەسەر قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨دا تێپەڕیوە. قووڵترین قەیران بوو کە تا ئێستا سەرمایەداری ڕووبەڕووی بووبێتەوە، کە جیهانی تا ئێستاش خستە ناو گێژاوەوە.

ئەوانەی ئەمڕۆ تەمەنیان لە دەوروبەری ٣٥ ساڵ یان کەمترە، لە دوای ئەم قەیرانەدا گەورە بوون، تەنیا 'سەرسوڕهێنەرەکانی' سەرمایەدارییان زانیوە: گێژاوی ئابووری، ڕزگارکردنی بانکداران، بانکی خۆراک، خۆپارێزی، کارەساتی کەشوهەوا و زۆر شتی تر.

لە هەمان کاتدا، لەگەڵ هەژارتربوونی هەژاران، دەوڵەمەندەکان هەرگیز چاوەڕوانیان نەدەکرد ئەوەندە دەوڵەمەندتر ببن و بە خەویش ئەوەندەی ئێستا سامانیان کۆنەکردۆتەوە.

دابەشبوونی چینایەتی تادێت زیاتر دەبێت. لە ساڵی ١٩٧٨ تا ٢٠٢٠ مووچەی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە بەرتانیا بە ڕێژەی ١٣٢٢% زیادی کردووە. هاوکات پێشبینی دەکرێت ژمارەی هەژاران لە بەریتانیا لە 11 ملیۆنەوە بۆ 14 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە کە ٣٠%ی منداڵانیشیان تێدایە.

 

تارمایی کۆمۆنیزم

لە ڕاپرسییەکی (Fraser Institute) دەرکەوتوە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ – ٣٤ ساڵدایە پشتگیری کۆمۆنیزم دەکەن.  دامەزراوەکە چاوپێکەوتنی لە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا ئەنجامداوە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتوە کە پشتگیری بۆ کۆمۆنیزم لەلای ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨-٢٤ ساڵدایە، لە بەریتانیا (لەسەدا ٢٩) و تا ڕادەیەکی کەمتر لە ئەمریکا (لەسەدا ٢٠) و ئوسترالیا بە شێوەیەکی نائارامکەر بەرزە (لەسەدا ٢٠).

ڕێژەی پشتگیری بۆ کۆمۆنیزم لەلایەن ئەو کەسانە کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥-٣٤ ساڵدایە، لە بەریتانیا بۆ ٣٢% بەرز دەبێتەوە. بە واتایەکی تر نزیکەی لە هەر سێ گەنجێک لە بەریتانیا یەکێکیان خۆی وەک کۆمۆنیست دەزانێ. ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس.

 

مارکس ڕاستی گووت!

دیارە هێرشی چینی دەسەڵاتدارو میدیا بۆ سەر مارکسیزم و کۆمۆنیزم ئەو کاریگەرییەیان نەبووە کە هیوایان بۆ دەخواست. بە پێچەوانەوە بۆ ملیۆنان مرۆڤی ئاسایی، بیرۆکەی شۆڕشی سۆشیالیستی بە هیچ شێوەیەک خەیاڵی نییە، وەک بانگەشەیان بۆ دەکرد.

مارکس دەڵێ: کاتێک بیرۆکەیەک مێشکی جەماوەر دەگرێتەوە، دەبێتە هێزێکی ماددی. وە ئەمەش ئەوەیە کە دەستی پێکردووە.

بڕیار بوو بیرۆکەکانی مارکس 'بەسەرچوو' یا  'کۆن' بووبن. بەڵام بە پێچەوانەوە دەیسەلمێنن کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش مۆدێرنن. ئەوە سەرمایەدارییە کە 'بەسەرچوە و وێران بووە'.

مارکس ڕوونی کردۆتەوە کە یاساکانی سەرمایەداری لە جەمسەرێکدا دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سامان و سەروەت، بەڵام لە جەمسەرێکی دیکەدا هەژاری، نەهامەتی و زەحمەت و بارگرانیش زیاد دەکات.

ئایا ئەمڕۆ ئەمە وا نییە – نەک تەنها بۆ دەوڵەمەندترین 1%، بەڵکو بۆ ئێمەی دیکە کە بەدەست فشار و نائەمنی و دابەزینی ئاستی ژیانەوە دەناڵێنین؟

قەیرانی سەرمایەداری و فراوانبوونی کەلێنی نێوان چینەکان، بەبێ گومان دەیسەلمێنن کە مارکس ڕاستی کردووە.

 

گۆڕهەڵکەنەکانی سەرمایەداری

مارکس کەسێکی شۆڕشگێڕ بوو وە سۆشیالیزمی کردە زانست. ئەو تێگەیشتبوو کە سۆشیالیزم تەنیا 'بیرۆکەیەکی جوان' نییە، وەک سۆشیالیستە یۆتۆپیاییەکان، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە گەشەسەندنی کۆمەڵگادا هەیە.

ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی سەرمایەداری دروستی کردوون، سنووری خاوەندارێتی تایبەتیان تێپەڕاندووە، خاوەندارێتی تایبەت بۆتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی زیاتر. دژایەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری خەریکە ڕووخانی خۆی ئامادە دەکات.

مارکس دەڵێت: "لە فۆرمەکانی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە، ئەم پەیوەندییانە [خاوەنی تایبەت] دەگۆڕدرێن بۆ کۆت و بەندەکانیان." “پاشان سەردەمێکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات.”

مارکس تیشکی خستۆتە سەر، سەرمایەداری لە شێوەی چینی کرێکاردا، گۆڕهەڵکەنی خۆی بەرهەم هێناوە. بە پێچەوانەی شۆڕشەکانی پێشووی مێژوودا، ڕووخاندنی سەرمایەداری بە مانای هەڵوەشاندنەوەی چینەکان و جیاوازییە چینایەتییەکان دەبێت.

 

قەیران و شۆڕش

تەنانەت هەندێک لە ستراتیژیستەکانی بۆرژوازی بە ناڕەزاییەوە دان بەوەدا دەنێن کە مارکس لە زۆر بەرەدا ڕاست بووە.

بۆ نموونە، مارتن وۆڵف، سەرۆکی شرۆڤەکاری ئابووری لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز کە ئۆرگانی سەرمایەداری مالی و بازرگانی گەورەیە، لەم دواییانەدا کتێبێکی بە ناوی قەیرانی سەرمایەداری دیموکراتیک نووسی. لەم کتێبەدا نووسەر لە قەیرانی دووانەی سەرمایەداری و دیموکراسی بۆرژوازیدا نیگەرانە.

وۆڵف دەڵێت: "سەرمایەداری، وەک مارکس خۆی بەڕاستی دەڵێت، مەیلی بەرەو قۆرخکاری هەیە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرمایەدارەکان حەز دەکەن بازاڕەکان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ بکەن".

بەڵام ئەوەی کە ئەو و ئەوانی دیکە هەرگیز ناتوانن دان بەوەدا بنێن ئەوەیە کە چەقبەستووی سەرمایەداری خەریکە زەمینە بۆ شۆڕش خۆش دەکات.

نەهێشتنی کێبڕکێ، و مەیلی قۆرخکاری، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە.

ئەمڕۆ بازاڕی جیهانی لەلایەن مشتێک کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە قۆرخکراوە، کە بە دوای قازانجی زیاتردا جیهان تاڵان دەکەن. بەم کارە زەمینە بۆ قەیرانی وێرانکەر و شەڕ و شۆڕش و دژە شۆڕشەکان ئامادە دەکەن.

 

جیهانێک بە دست دێنن!

خرۆشانی شۆڕشگێڕانە لە ئارادایە. ئەمەش لە گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی بەریتانیا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینرێت. لە هەموو شوێنێک ناسەقامگیری هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا بەئاگاهاتنەوەی چینی کرێکار هاتۆتە ئاراوە، کە خەریکە دەچێتە سەر ڕێگای خەبات، لەگەڵ هەموو ئەو هەوراز و نشێوانەی کە ئەمە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو باری دەروونی شۆڕشگێڕانەی کە کاریگەری لەسەر گەنجان هەیە، دەبنە گشتگیر.

دیدگای کۆمۆنیستی لەسەر بنەمای ڕزگاری چینی کرێکار دامەزراوە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە واقیع، بە مەرجێک: کە ئێمە حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕمان هەبێ، لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی مارکسیزم، هەروەک چۆن بەلشەفییەکان پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ کردیان.

ئەرکی ئێمە چەقاندنی سەرمایەداری نییە، وەک ئەوەی ڕیفۆرمخوازەکان ئەیانەوێ بیکەن، بەڵکو ڕووخاندنی سەرمایەدارییە. ڕێگای ناوەڕاست نییە.

کاتێک لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانیان ڕاگەیاند:

"بۆ کۆمۆنیستەکان شەرمە بۆچوون و ئامانجی خۆیان بشارنەوە، ئەوان ڕوون و ڕاشکاو ڕایدەگەیەنن کە ئامانجەکانیان تەنیا ڕوخاندنی بە زۆری سەرتاپای بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێستا، دەکرێ بەدیبێ. با چینە چەوسێنەرەکان بەرانبەر بە شۆرشی کۆمۆنیستی سەرتاپایان بێتە لەرزین. کرێکاران لەم ناوەدا جگە لە زنجیرەکانیان هیچ لەدەست نادەن بەڵکو جیهانێک بەدەست دێنن!"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×