پەرلەمانتارێكی عێراق: ناتوانرێت هەفتەیەكی دیكەش بودجە تێپەڕێنرێت
  2023-05-18       241       

سعود ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەدوری دەزانێت، لەماوەیەكی یەك هەفتەی دیكەشدا بتوانرێت پڕۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنرێت، ئەوەش بەهۆی بونی "ناكۆكی گەورە" لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی بودجە لەوانەش تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: سعود ساعدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندوە"وێڕای خواستی حكومەت و نیمچە رێككەوتنێكی سیاسی، بەڵام قورسە لەماوەی هەفتەیەكی دیكەشدا بودجە یەكلایی بكرێتەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەگوێرەی زانیارییەكان تێپەڕاندنی بودجە پێویستی بە كاتی زیاترە."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، بودجە كۆمەڵێكی زۆر ئاڵۆزی تێدایە لەوانە رێژەی تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان كە تاوەكو ئێستا هیچ یەك لە بڕگەكانی گفتوگۆیان لەبارەوە نەكراوە لەگەڵ ئەو خشتانەی كە وەرگێڕانی بڕگە تایبەتەكانی بودجەن، ئەمانەش پێویستیان بە كاتە بۆ دیراسەكردن و چارەسەركردنیان.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاندبو كە رێككەوتون لەسەر ئەوەی رۆژی 17ی ئایار، واتە دوێنێ، وەك وادەی سەرەتایی بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاری بكرێت و دواتریش جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەكلاكردنەوەی بودجەو دەنگدان لەسەری لەم هەفتەیەدا یەكلایی دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×