خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
  2023-05-27       601       


سبەی یه‌كشه‌ممه‌، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌. هەریەک لەکاندیدی هاوپەیمانێتی جمهور رەجەب تەیب ئەردۆغان‌و کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت کەمال کڵچدارئۆغڵو لەهەڵبژاردنەکه‌دا کێبڕکێ دەکەن.

ئاوێنه‌: ناوەندەكانی دەنگدان لەکاتژمێر 8ی‌ سه‌ر له‌به‌یانی ده‌كرێنه‌وه‌و تا کاتژمێر 5ی‌ ئێواره‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بەردەوامدەبێت. هاوڵاتیانی توركیا سەرۆكێك هەڵدەبژێرن كە ماوەی ویلایەتەكەی بۆ پێنج ساڵە.

له‌خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری‌ توركیادا جارێكی‌ دیكه‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان‌و كەمال كلیچدارئۆغلۆی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن روبەڕوی یەكتردەبنەوە.  

لە 19ی ئەم مانگەدا کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیای ڕاگەیاند، لەخولی‌ یەكەمی هەڵبژاردندا كە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، ئەردۆغان رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ركابەره‌كەشی (كلیچكدارئۆغلۆ) رێژەی 44,9%ی دەنگەكانی برد، ئەردۆغان بەجیاوازی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگ لەپێش كلیچدارئۆغلۆوە بو. 

زیاتر لە 64 ملیۆن هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیە،  لە 14ی‌ ئایاردا  رێژەی بەشداری گەیشتە 87.04٪ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەرێژەی (88.9٪) لەناوخۆی توركیاو (49.4٪) لەدەرەوە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەو پارتی چەپی سەوز -یەسەپە- كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ی‌ خولی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردن، له‌خولی‌ دووه‌میشدا پشتیوانی کەمال ملیچدارئۆغلو دەکەن کە رکابەری سەرسەختی ئەردۆگانە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی هاوبەشیان لەبارەی خولی‌ دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاشكراكردو رایانگەیاند، بەتێڕوانینی ئەوان تەنیا مەبەستیان ئایندەیەکی دیموکراسیی هاوبەش‌و یەکسانە بۆ هەمووان‌و جەختیان لەوەکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە تەنیا بەئەردۆغان‌و کڵچدارئۆغڵو پەیوەست نییە، بەڵکو جۆرێکە لەڕیفرامدۆم. 

پەروین بوڵدان، هاوسه‌رۆكی‌ هه‌ده‌په‌ ڕایگه‌یاند، هیچ تێڕوانینێکی سیاسیی بەراست نازانن کە خەباتی دیموکراسی لەناو کۆمەڵگەدا تێکبشکێنێت، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "بەمشێوەیە دەڕوانینە ئەو پرۆتۆکۆڵەی پارتی سەرکەوتن‌و جەهەپە لەنێوان خۆیاندا واژۆیان کردووەو رەخنەی خۆشمان لەمبارەیەوە بۆ رای گشتیی خستەڕو".
 
وتیشی‌، دەستگرتن بەسەر ئیرادەی سیاسیی کورد لەڕێی دامەزراندنی قەییومەکانەوە دەستگرتن بووە بەسەر ماف‌و ئازادییەکانی گەلانی تورکیا.

ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەکاتێکدا کە دەچینە سەدەی دووەمی کۆماری تورکیاوە، ئێمە لەهەر دۆخێکدابین هەمیشە ئیرادەی گەل لەسەرو هەموو ئیرادەکانەوە دەبینین، درێژە بەخەباتی خۆمان دەدەین بۆ ئایندەیەکی دیموکراسی هاوبەش‌و یەکسان".
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەشدا کە هاوپەیمانی "جمهور" دژ بەبنەماکانی دیموکراسیی‌و دادپەروەریی‌و ئازادی دەوەستێتەوەو رایگەیاند، "لەهەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا، بەتوندی داکۆکی لەگۆڕانی دیموکراسیی‌و خواستی خۆشگوزەرانی کراو دەنگی ناو سندوقەکانیش رەنگدانەوەی ئەمەبو. تاکە بژاردەمان، گۆڕینی ئەو دەسەڵاتەیە کە نوێنەرایەتی ئەم هزرە دەکات".

لەکاتێکدا هەموان چاوەڕوانی خولی دوەمی‌ هه‌ڵبژاردن دەکەن، براوە ئەو کاندیدە دەبێت کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، لەبەرامبەردا به‌گوێره‌ی‌ پێشبینییه‌كانی‌ چاودێران‌و ڕاپۆرتی‌ گروپی راوێژكاری ئۆراسیا كه‌ پێشبینی ئەوەی كرد لەخولی یەكەمدا ئەردۆغان پێش كلیچدارئۆغلۆ ده‌كەوێت، له‌ئێستادا پێشبینی سەرکەوتنی ئەردۆگان لەخولی دوەمی هەڵبژاردنەکاندا به‌هێزه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ 52% تا 55%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×