پارتی‌‌و سۆسیالست له‌به‌غدا به‌لیستێك به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن
  2023-09-16       584       

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەگەڵ پارتی‌ سۆسیال دیموکراتی کوردستان له‌شاری‌ به‌غدا هاوپه‌یمانتێییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان پێكده‌هێنن‌و یه‌ك كاندیان هه‌یه‌. به‌رپرسێكی‌ پارتی‌-یش ده‌ڵێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق حزبه‌كه‌ی‌ 100 کاندیدی هەیە.

ئاوێنه‌: ئیسماعیل مەندەلاوی، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەبەغدا به‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگەیاندووه‌، لەدیالەو کەرکوک‌و موسڵ کاندیدیان هەیە، لەشاری کەرکوک 30 کاندیدیان لەهەموو نەتەوەو پێکهاتەکان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەشاری موسڵ 54 کاندیدیان هەیەو لەدیالەش به‌ 14 کاندید به‌شداری‌ له‌هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ده‌كه‌ن.

وتیشی‌، "لەشاری بەغدا هاوپەیمانیەتییەکمان لەگەڵ پارتی‌ سۆسیال دیموکراتی کوردستان دروستکردووەو یەک کاندیمان هەیە، هەروەها لەپارێزگای سەڵاحەدینیش یەک کاندیدمان هەیە."

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا دەشڵێت، "پێش دوو رۆژ لەگەڵ لیژنەی باڵای هەڵبژاردن کۆبوینەوەو هەموو کاندیدەکانمان لەسەر پێوەری لێهاتویی هەڵبژێردراون، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازەو بارودۆخەکە وادەخوازێت."

بڕیاره‌ رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکای عێراق‌و شاری‌ كه‌ركوك (بێجگە لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت. 

به‌پێی‌ ئامارو ژماره‌كانی‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، زیاتر له‌ 23 ملیۆن‌و 367 هه‌زارو 81 كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها نزیكه‌ی‌ شه‌ش هه‌زار كاندید له‌چوارچێوه‌ی‌ 134 لیستی پارت‌و هاوپەیمانییەکان‌ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگان ده‌كه‌ن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×