وه‌فدێکی حکومەتی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات
  2023-09-16       482       

به‌وته‌ی‌ ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌و گازی پەرلەمانی عێراق، به‌مه‌به‌ستی‌ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هه‌رێم کوردستان، سەرەتای مانگی داهاتو  وه‌فدێکی حکومەتی تورکیا سەردانی بەغدا ده‌کات.

ئاوێنه‌: سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق  ده‌ڵێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو  وه‌فدێکی حکومەتی تورکیا بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی تورکیا - عێراق سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆببنەوە.

لەبارەی مەرجەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا کەمێك نەرمی نواندووە و چاوەڕوان دەکرێت بەربەستەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە بەر لە هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق هەڵبگیرێن.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری‌ ئه‌مساڵ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە ٣٧٠ هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و ٧٥ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×