د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هەولێر دەكات و دەشڵێت: داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن.
ئاوێنە: د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین؛ کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو، هەمو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان."
ئاماژەی بەوەشداوە"هاوخەمیی و پەژارەو پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و، هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین."
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر وتوشیەتی"داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیی و هەمو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوربگرن و شکۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات؛ بپارێزن."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی، و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری كوردستان(یەكێتی)، رایگەیاند، هێرشەكە لەڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوەو تێیدا سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەیان شەهیدبون و سێ پێشمەرگەی دیكەیشیان برینداربون.
هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر لەلایەن چەكدارێكەوە هێرشكرایە سەر بارەگای كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان(كەنەكە) لە هەولێرو ئەندامی كەنەكە تیرۆركرا.