فەریق ڕوکن قەیس خەڵەف، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییدا، 12 خاڵی سنوریی لەگەڵ ئێران دانراون. دهشڵێت، "لایەنە ئۆپۆزسیۆنه کوردییەکانی ئێران لەسنور دور خراونەتەوەو لەو ناوچانەی کە بۆیان دیاریکراوە، نیشتەجێکراون".
ئاوێنه: فەریق ڕوکن قەیس خەڵەف لەچاوپێكهوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق - ئێران ڕایگەیاندووە، "دوای واژوکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکە، لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و ئەفسەرانی پسپۆڕ لەوەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆو دەزگا ئەمنییەکان پێکھێنرا، نزیکەی یەک ساڵە لیژنەکە کار دەکات بۆ ئەوەی بەرێککەوتن لەگەڵ ئێران میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە دابنێن.
بهوتهی ئهو، "ھێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، تەواوی سنورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەپارێزن".
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق وتیشی، "لایەنە ئۆپۆزسیۆنه کوردییەکانی ئێران لەسنور دور خراونەتەوەو لەو ناوچانەی کە بۆیان دیاریکراوە، نیشتەجێکراون".
فەریق ڕوکن قەیس خەڵەف باسی لەوەیش کردووە کە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییدا، 12 خاڵی سنوریی لەگەڵ ئێران دانراون، لهو ڕوهوه وتی، "ھێزی پاسەوانی عێراق لەو خاڵە سنورییانە، جێگیرکراون".
لە 19ی ئاداری 2023، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژو کرا.
دو خاڵی نێو ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتن بەچەککردنی حیزبه كوردییهكانی ڕۆژههڵاتی كوردستان، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی نێوان ھەردو وڵات.
ڕۆژی 19ی مانگی ئەیلولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران ڕایگەیاند کە بارەگاکانی حیزبه كوردییهكانی ڕۆژههڵاتی كوردستان لەنزیک سنوری ئێران چۆڵکراون و ھێزی پاسەوانیی سنوری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون.