سودانی دو پەیوەندی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری ئەمریكاوە پێگەیشت
  2023-10-23       361       

سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ سەقامگیری ناوچەكەو فراوان نەبونی گۆڕەپانی شەڕی غەززە دەكەنەوە. هەروەها لە پەیوەندییەكی دیكەی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا جەخت لە پابەندبونی عێراق بە پاراستنی راوێژكارانی سەربازیی بیانی و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتان لە عێراق دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمشەو دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشتوەو تێیدا باسیان لە پێشهاتی گرژییەكانی كەرتی غەززەو خراپی دۆخی مرۆیی فەلەستینییەكان كردوەو جەختیشیان لە گرنگی هەماهەنگی كردۆتەوە بۆ گەیشتنی هاوكارییەكان بە خەڵكی غەززە كردۆتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سودانی و بلینكن ستایشی هەوڵەكانی عێراقییان كردوە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بە خەڵكی مەدەنی غەززەو هەروەها جەختیشیان لە پێویستی یەكخستنی هەوڵە هاوبەشەكان كردۆتەوە بۆ گەرەنتیكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەو فراوان نەبونی گۆڕەپانی شەڕەكە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك وەزیرانی عێراق پابەندبونی وڵاتەكانیان لە بەردەوامیدان بە هاوبەشیان لەچوارچێوەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا، دوپاتكردۆتەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی دیكەی تەلەفۆنی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكاوە پێگەیشتوەو تێیدا تاوتوێی بونی راوێژكارە سەربازییە بیانییەكان و كارمەندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیان كردوە كە لە عێراقن بۆ دژایەتی تیرۆر و پشتیوانی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە پێدانی راوێژو مەشق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمریكا جەخت لە پابەندبونی عێراق بە پاراستنی راوێژكارە سەربازییە بیانییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتان لە عێراق كراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×