ئەردۆغان: له‌دژی‌ کۆمەڵکوژیی غه‌ززه‌ سکاڵا تۆمار دەکەین
  2023-11-18       502       

 


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا ده‌ڵێت، له‌نیوه‌ی‌ ڕێ غه‌ززه‌و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به‌جێناهێڵن‌و "بەدو هەزار پارێزەرەوە لەهەر شوێنێک پێویست بکات سکاڵا دژی‌ بەو کۆمەڵکوژییە تۆمار دەکەین".

ئاوێنه‌: سەرۆك کۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەیدا لەئەڵمانیا، له‌باره‌ی‌ شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی‌ غه‌ززه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "بەدو هەزار پارێزەرەوە لەهەر شوێنێک پێویست بکات سکاڵا دژ بەو کۆمەڵکوژییە تۆمار دەکەین. بەدواداچونی بۆ دەکەین‌و لەنیوەی ڕێی بەجێی ناهێڵین‌و دەبێ  [ئیسرائیل] باجی ئەو [کۆمەڵکوژییە] بدەن".

وتیشی‌، "باشترین هەنگاو لەئێستادا بۆ غەززە دابینکردنی ئاگربەست‌و ئامانجی لەپێشینەشمان ئاشتییەکی سەقامگیرە لەناوچەکەدا".

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکان لەکەرتی غەززە، ئەردۆغان وتی، "لێگەڕێن، چەک‌و تۆپ‌و تانک دەچنە ناو نەخۆشخانەکان، بەدوای تونێلەکاندا دەگەڕێن. هەموو ئەوانە دەرکەوت کە درۆن".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەگەڵ میسر لەهەوڵداین بۆ ئەوەی بەزوترینکات دەستمان بەوانە ڕابگات کە پێویستیان بەنەشتەرگەری هەیە".

سەرۆك کۆماری توركیا لەبارەی داوای یارمەتی کەسوکاری دیلە ئیسرائیلییەکان لێی‌، وتی، "دەزگای هەواڵگریمان ڕاسپاردووە بۆ ئەم مەبەستەو لەم بابەتە دەکۆڵینەوەو بۆ دەستکەوتنی دەرئەنجامێک لەهەوڵداین".

ئەردۆغان لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لەو پارتە سیاسیانەی تورکیا گرت کە لەگەڵ پرسی فەڵەستین هاوسۆز نین و وتی‌، "بەداخەوە دەبینین لەناو پەرلەمانەکەماندا سەرۆکی گشتی حزبی سیاسی هەیە کە وەک ناتانیاهو قسە دەکات. ئێمە وەڵامدەری ئەوان دەبین، لەژێر چەتری ئەم پەرلەمانەدا نابێت و ناکرێت ڕێگە بەکەسانێک بدرێت کە وەک ناتانیاهو قسە بکەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×