حەماس: لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ڕێکنەکەوتووین
  2023-11-20       290       

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕەتیکردەوە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستپێبکات و ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە.

پێشتر ھەندێک میدیا لە ژمارەیەک سەرچاوەی بزووتنەوەی حەماس بڵاویانکردبوویەوە کە ئەمڕۆ، ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەست پێ دەکات.
عیزەت ڕەشەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی لە میدیاکاندا پشت بەستن بە لێدوانی سەرچاوەکانی حەماس لەبارەی ئەوەی کە ئەمڕۆ، ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستپێدەکات، دوورە لە ڕاستیینەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

ھاوکات ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە تەلئەبیب، ڕەتیکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێککەوتنی ئاگربەست دەست پێ بکات و دیلەکانیش ئازاد بکات.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەکەی ڕایگەیاندووە: “تا ئێستا ھیچ شتێک لەو بارەیەوە لە ئارادا نییە”.

دوێنێ یەکشەممە، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردبوویەوە کە بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئازادکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر بەدیھاتووە.

ئاماژەی بەوەشدابوو: “حەماس ڕایگەیاندووە کە ئامادەییە، ٥٠ ئیسرائیلی بەدیلگیراو لەبەرامبەر پێنج ڕۆژ ڕاگرتنی ھێرشەکانی سەر غەززە و ١٥٠ ئیسرائیلی دیکەی بەدیلگیراو لەبارەی ڕێگادان بە گەیاندنی سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە ئازاد بکات”.

دوێنێ وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ڕایگەیاندبوو: ” جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکبووەتەوە”.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، ٢٣٩ ئیسرائیلی لای حەماس لە غەززە بە دیلگیراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×