بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە ٦٠ ڕۆژنامەنووس لە غەزە كوژراون
  2023-11-20       203       

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین بڵاوی كردەوە، لە سەرەتای شەڕی غەزە لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ تا ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ١٩ی تشرینی دووەم، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانە كوژراوەكان لە غەزە بۆ ٦٠ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەوە.

ئاوێنه‌: نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین لەبارەی دواین ئاماری كوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە غەزە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە سەرەتای شەڕی غەزەوە تا ئێوارەی دوێنێ ٦٠ ڕۆژنامەنووس كوژراوە، دوایین ڕۆژنامەنووس بیلال جەدەڵا و مستەفا سەوافی ڕۆژنامەنووسی دیار و یاریدەدەری پێشووی وەزیرى ڕۆشنبیری حكومەتی فەڵەستین بوون، کە شەهید بوون.

ئاماژەی بەوەش كردووە، مستەفا سەواف دوای بۆردوومانی ماڵەكەی لە شاری غەزە لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی خێزانەكەی شەهید بوو، هەروەها بیلال جەدەڵاش لە بۆردوومانێكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی لە شاری غەزە شەهید بوو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین لە غەزە ئەوەشی خستە ڕوو، تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان بە ئامانجی بێدەنگكردنی دەنگی ڕاستییە، كە داگیركاریی و كوشتنی بەردەوامی لە كەرتی غەزە ئاشكرا دەكات.

 لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی رابردوو چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×