قەتەر: ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەرلەبەیانی سبەی دەستپێدەكات
  2023-11-23       282       

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە سەعات 7ی سەرلەبەیانی سبەی هەینییەوە دەستپێدەكات كە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەی یەكەم رۆژی ئاگربەستەكەدا 13 بارمتەی ئیسرائیلی كە لای حەماسن، ئازاد دەكرێن.

ئاوێنە: ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگربەستی كاتی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە سەعات 7ی سەرلەبەیانی سبەی هەینییەوە دەستپێدەكات كە بۆ ماوەی چوار رۆژە.

هەروەها وتیشی، سەعات 4ی ئێوارەی سبەینێ، 13 بارمتەی ئیسرائیلی كە لای حەماسن، ئازاد دەكرێن كە لیستی ناوی ئەو 13 كەسە رادەست كراون و خۆیشیان سبەی رادەستی خاچی سوری نێودەوڵەتی دەكرێن.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، بنەمای پەیوەست بەو كەسانەی كە ئازاد دەكرێن، "تەنیا بنەمایەكی مرۆییە"و ئەوانەی ئازاد دەكرێن بەشێكیان ژن و بەشێكیشیان منداڵن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ئازادكردنی ئەو ژمارەیە تەنیا پەیوەستە بە رۆژی یەكەمی ئاگربەستەوە.

وتیشی، ئامانجی قەتەر ئەوەیە رێككەوتنی ئەم ئاگربەستە، بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی كۆتایی بێت.

بەپێی رێككەوتنەكەی ئیسرائیل و حەماس كە قەتەر نێوەندگیر بوە، لەماوەی چوار رۆژی ئاگربەستدا  50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×