دوای 48 رۆژ لە شەڕ، ئەمڕۆ ئاگربەست لە غەززە دەستیپێكرد
  2023-11-24       362       

دوای 48 رۆژ لە شەڕ، سەعات 7ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەكاتی ناوخۆی ئیسرائیل، ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس چوە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاوێنە: بەپێی رێككەوتنی ئاگربەستە چوار رۆژییەكە، بڕیارە نزیك سەعات 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی ناوخۆی ئیسرائیل، 13 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادبكرێن و لەڕێگەی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە رادەستی ئیسرائیل بكرێنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، كە لەگەڵ ئەمریكا نێوەندگیریی رێككەوتنەكەیان كردوە، دوێنێ رایگەیاند، لیستی ناوی ئەو 13 كەسەی بڕیارە ئەمڕۆ ئازادبكرێن ئامادەكراوە كە ژن و منداڵن، ئەو ژمارەیەش تەنیا پەیوەستە بە رۆژی یەكەمی ئاگربەستەكەوە.

هەروەها لە ساتەكانی یەكەمی دەستپێكردنی ئاگربەستەكەوە، بارهەڵگرەكانی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان لە دەروازەی رەفەحەوە دەستیان بەجوڵە كردوەو چونە نێو كەرتی غەززە كە سوتەمەنی، دەرمان و پێداویستی پزیشكی و خۆراكیان هەڵگرتوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دوێنێ رایگەیاند، ئامانجی وڵاتەكەی ئەوەیە رێككەوتنی ئاگربەستە چوار رۆژییەكە، بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی كۆتایی بێت.

بەپێی رێككەوتنەكەی ئیسرائیل و حەماس، لەماوەی چوار رۆژی ئاگربەستدا  50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەكرێن.

لەماوەی 48 رۆژی شەڕدا، 14 هەزارو 854 فەلەستینی لە كەرتی غەززە كوژراون و زیاتر لە 35 هەزار كەسیش برینداربون.

هەروەها 1200 ئیسرائیلی كوژراون و زیاتر لە 5 هەزارو 400 كەسی دیكەش برینداربون.

هەروەها لە كەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش 228 كەس كوژراون و دو هەزارو 800 كەسیش برینداربون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×