گەر بگەڕێینەوە بۆ دۆخی چەند ساڵ لەمەوبەر و تا ئەمڕۆژانەشی لەگەڵدا بێت، زۆربەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و فەرمانبەران و موچەخۆرانی بە تایبەت، ھیوا و متمانەیان بە گەردنی دەسەڵاتەکەی بەغدادەوە ھەڵواسیبو، دوای بێھیوابونیان لە ھەرێم. بەڵام بەغداد بەم ڕەفتارانەی لەگەڵ موچەخۆران ئەنجامی دا سەلماندی کە؛
مەبەست و ئامانجیان بۆ سەرنج ڕاکێشان و توڕەکردنی فەرمانبەرانی ھەرێمە و بەکارھێنانیانە دژی دەسەڵاتی ھەرێم و قەوارەکەی.
سەلماندیان ئەوەندەی مەبەستی سیاسی و دژایەتیکردنی ھەرێم و خەڵکەکەیان ھەیە مەبەستی چارەسەر و باشترکردنی دۆخی فەرمانبەرانیان نیە. ھەرچەند سەرنج و ھۆکارگەلێک ھەن لەسەر لایەنی ھەرێم، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ھاوڵاتی شایەنی ئەوە نیە سزا بدرێت و برسی و شەکەت بکرێت، لەوڵاتێکی پڕ خێر و ساماندا.
بۆیە گەر پێشان بەغداد بە بیانوی جیاواز و شێوازی ھەمەجۆر تاڕادەیەک توانیبێتی سەرنجی خەڵکی ھەرێم ڕابکێشێت و باوەڕیان پێبێنێت کە ئەوان دڵسۆزیانن و بەچاوی ھاوڵاتیبون سەیریان دەکەن و دەیانەوێت چارەسەری کێشەی موچە و بژێویان بکەن، ئەوا چیتر ناتوانن سود لە توڕەییان وەرگرن و شەقام بجوڵێنن و دەنگی ناڕەزایەتی فەرمانبەران لەھەرێم بکەنە کۆسپ و کارتێک دژی ھەرێم. دەزانن ناتوانن درێژە بەم سیاسەتە بدەن. چونکە ئەوانیش متمانەیان لەدەستدا و چیتر جێگەی بڕوای خەڵک نین. ھەمو ئەو لایەن و کەسایەتیانەی پێشتر لایان وابوو کە بەغداد تاکە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانە و فریادڕەسی فەرمانبەرانە،ئەوانیش بەجۆرێک بێدەنگن و بە شیکار و ڕای ھەمەجۆر خۆیان دەدزنەوە لەو ھەڵوێست و متمانە و بۆچونە ئەرێنیەی کە پێشتر بەرانبەر بەغداد ھەیانبو. ھەر بۆیە بەڕونی دەبینین و ھەست دەکەین خەڵکی ناڕازی لەبری ناڕەزایەتی و توڕەیی و خۆنیشاندانی جەماوەری جۆرێک لە خۆخواردنەوە و بێدەنگیان ھەڵبژاردوە. ھەرچەند لێرە و لەوێ ھەندێک جار گردبونەوەی بچوک و بۆڵەبۆڵی بێ ئەنجام دەبینرێت.
لە ئێستادا،خەریکە دۆخەکە بەسەر دەسەڵاتی بەغدادا پێچەوانە دەبێتەوە، ھەرچەند خەڵکی ڕاستەوخۆش نەتوانن بەرکەوتەیان ھەبێت لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە. بەڵام ھاوڵاتی ئاستی نیگەرانی و توڕەیەکەی چەندان جار زیاترە بەرانبەر بەغداد لەوەی کە ھەیەتی بەرانبەر ھەرێم. چونکە ئەو دۆخەی ئەوان دروستیان کردوە بۆ موچەخۆر زۆر نالەبارترە لەو دۆخەی پێشتر ھەبو. لە کام گۆشەی سەر ئەم زەویە ھەبوە موچەخۆر لەماوەی سێ مانگدا موچەیەکی پێنەدرێت و خانەنشینێک لەبری ڕێز و پێزانین بۆ ساڵانی خزمەتی بەدرێژایی ھەمو تەمەنی، ماوەی نیو ساڵ ھیچ بڕە پارەیەکی پێنەدرێت و ھیچ ئاسۆیەکی ڕونیشی لێ دیارنەبێت؟
زۆرینەی فەرمانبەرانی ھەرێم وا بیردەکەنەوە ئەوەی بەغداد لەگەڵ خەڵکی ھەرێم ئەنجامی داوە و بەردەوامە لێی، تەنھا دەستبڕین و گەمە و بەلاڕێبردن و سەرقاڵکردن بوە بۆ مەرامی سیاسی و دژایەتی نەتەوەیی و ململانێی ھەرێمی و ڕکابەریی دەسەڵات و کۆکردنەوەی متمانە و لێدانی بەرژەوەندی گشتی گەلی کورد بوە و ھیچی تر. گەر نا بەغدا زۆر بابەت و ھۆکار ھەیە وەک دەسەڵاتی کارگێڕی و دادوەری و یاسایی دەتوانێت دەستی بۆ درێژ بکات دژی ھەمو ئەو لایەنانەی کە بەربەستن لەبەردەم بژێوی و مافەکانی خەڵکی.