نەوت نیوەی سەری هەرێمی خوارد و غازیش نیوەکەی تری دەخوات

هێمن ئەحمەد
  2022-03-14     632

 

ئاشکرایە هەمو ئەم کێشمە کێش و تەنگژانەی لەهەرێم ڕودەدەن لەکوێوە سەرچاوەیان گرتوە. لێدان و دەست بردن بۆ بەرژەوەندیە نێودەوڵەتی و هەرێمی و جەمسەریە زلێهزەکان هەروا کارێکی ئاسان نیەو بە سادەیی فەرامۆش ناکرێن. جا بەرژەوەندیەکان ئابوری، سەربازی، سیاسی یان دەسەڵات و شوێن قەڵەمڕەویی لایەنێک بن.
هەموو دەزانین بابەتی نەوت دەرهێنان و ناردن و ساغکردنەوە و فرۆشتنی بەشێوازو و ڕێگەی جیاواز و لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆی هەرێمدا، ناڕونی و لایەنی شاراوەی زۆری تێدایە. هەر بۆیە ئەم بابەتە بەردەوام بۆتە هەواڵی گەرمی مێدیاکان و وێردی سەر زمانی سیاسەتمەدار و نوسەر و ڕۆشنبیرەکان. هەتا بۆتە جێگەی مشت و مڕی ڕۆژانەی  هاوڵاتیانی سادە و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. خۆ هەرگیز ناکرێت کەسیش سەرزەنشت بکرێت لەسەر نیگەرانیەکانیان لەم بارەیەوە. چونکە نەوت و بەرنامە و شێوازی سەرپرشتیکردنی بوە بە گرفت و کێشە و دەردەسەری بۆ هاوڵاتیان. بگرە بۆ نەوەکانی ئایندەش دەبێتە کۆت و بارگرانی کە دەبێت ئەوانیش بەردەوام لە داهاتودا باجەکەی بدەن و قوربانیی ئەو سیاسەتە چەوتەی بەناو ئابوری سەربەخۆیە بن. کارەساتێکی گەورەی ئابوری بۆ حکومەت و دەسەڵاتدار و هاوڵاتیان دروستکردوە لە زۆر لایەن و بواردا کە سەرەکیترینیان ؛نەتوانینی دابینکردنی موچە و کەڵەکەبونی قەرزێکی گەورە و وەستانی پڕۆژەکان و لەکارکەوتنی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و ....هتد. ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیانە ئەوەیە کە تازە بەتازە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت چۆن نەوتیان بە تاڵان کردن دا، ئاواش بەهەمان شێوە گازی هەرێمیش بەتاڵانکردن بدەن. 
بەڵام ئەمجارە ئەم بابەتە تەنها نیگەرانیی نیشتیمانی و حکومی و حیزبی بەدوی خۆیدا نەهێنا. بەڵکو نیگەرانیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیشی بەهێزتر کرد. چونکە دەوڵەتانی هەرێمیش وا هەست دەکەن ئیتر لێرەوە ڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندیە ئابوریەکانیان دەدرێت و ڕێگە نادەن بەئاسانی لایەنێک و دەوڵەتێک بیەوێ سامان و سەرمایەی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بماشێتەوە ئەوانیش تەنها سەیرکەر بن. وە دیارە ئەم ململانێیەی لەسەر خاکی هەرێم ئەمڕۆ بونی هەیە، کاریگەری هەردوو جەمسەری زلهێزیشی پێوە دیارە. وە موشەک بارانکردنی هەولێر لەم ڕۆژانەدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەم مەلەفەوە هەیە. هەرچەندە لایەنی بەرپرس هۆکارەکانی بە بڕ و بیانو و پاساوی تر ناوزەند دەکەن. ئەو دەوڵەتەی  خواستی ئەوەی هەیە لەم کاتەدا ئەم بابەتە زەق بکاتەوە و بۆ بەرژەوەندیە  ئابوریەکانی خۆی هەرێم بخاتە بەردەم ئەم دۆخە مەترسیدارە دوو مەبەستی هەیە ئەوانیش؛
یەکەم؛ بۆ تونترکردنی نیگەرانیەکانی دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتە دراوسێکانیەتی و دروست کردنی بەهانە و هەلە بۆ ئەوان تا لەوڕێگەیەوە پەلاماری هەرێم بدەن و هەرچی دەسکەوتی چەند ساڵەیە لە دەست بچێت. وەک چۆن بینیمان لەو چەندساڵەی ڕابردودا هەمان دۆخ گوزەرا، لە پاڵپشتی کردنی درۆینەی هەرێم بۆ فریودانی دەسەڵات و  دروستکردنی داعش و ....هتد.
دووەم؛ خۆ گەر ئەوەی ویستیشیان بۆیان چوە سەر و توانیان مەلەفی غازیش بەسەرکەوتویی بەلای خۆیاندا ببەن و ئەمیشیان بەدەردی مەلەفی نەوت برد، ئەوا بە سەرکەوتنێکی ئابوری گەورە بۆیان دەگەڕێتەوە.
کەواتە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت زۆر بەوریاییەوە مامڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن چونکە گەر تا ئێستا بەتاڵان بردنی نەوت جێی نیگەرانی حکومەتی عێراق و مەینەتی و دەردی سەری گەورە بوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، ئەمجارەیان بابەتی غاز نەک هەر دەبێتە هۆی نیگەرانی و ململانێ لەسەر خاکی هەرێم، بەڵکو بەتەواوی سەری هەرێم و دەسەڵاتەکەی و هاوڵاتیانیشی دەخوات. هاوپەیمان و دۆستەکانیشتان لەدورە  نزا و نوێژی سەلامەتیتان بۆ دەکەن. کورد دەڵێت "گۆزە هەمو جارێک بەساغی لە کانی ناگەڕێتەوە".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×