ئایا گۆڕانکاریی لەکوردستاندا ئەستەمە؟

هێمن ئەحمەد
  2020-06-25     844
بەدریژایی مێژو و سەردەمە جیاوازەکان ژیان لە کوردستان پڕ لە نەھامەتی و کێشمەکێش بوە ، بارودۆخ ھەرگیز لەبار نەبووە بۆ ھاوڵاتیانی . ئینجا ئەم نالەباری و تەنگژە و قات و قڕی و کوشت و بڕینەی خەڵک یان دەسەڵات دارە شۆڤێنیە یەک لە دوایەکەکانی بەغداد دروستیان کردووە یان ھێزێکی دەرەکی و داگیرکەر یان پارت و شۆڕشە کوردیەکان ، لە ئێستاشدا دەسەڵات و حکومەتی کوردی . ھەرچەند ھاوڵاتیش کەم و زۆر ئەمەی پێ قبوڵ نەکراوە و بەشێوەی خۆنیشاندانی ئارام و ھەندێ جار ڕژانە سەر شەقام و توندو تیژی ، بە گژ ئەم نادادیانەی دەسەڵاتدا چۆتەوە .بەڵام ھەموو جارەکان دۆخەکە دوای ئەمەش نەگۆڕاوە . دەسەڵاتیش بێدەنگ بوە لە ئاستی داواکاریە سەرەتاییەکانی خەڵک و بە ھێزیش بە گژیاندا چۆتەوە . زۆر جاریش دەسەڵات بە بەڵێنی درۆ ماوەیەک توانیویەتی توڕەیی و دواکاریەکانی ھاوڵاتی کپ بکاتەوە . لەبەرئەوە ناڕەزایەتی و خۆنیشاندانەکان دەرەنجامی خراپتر و زیانی زیاتری لێکەوتۆتەوە نەک ببێتە ھۆی چاکسازی و ھۆکارێک بۆ ئەوەی دەسەڵات بە خۆیدا بچێتەوە . پارت و ھێزە ئۆپۆزسێۆنەکانیش نەبوونە جێی متمانە ی خەڵک و پێشەوایەکی ڕاستگۆی خەڵکی نەبوون . ھەر بۆیە دەبینین لە ئێستادا سەرەڕای ئەم ھەموونەھامەتی و زوڵم و زۆرەی دەسەڵات ، چیترشەقام ناتوانێت مەکۆیەکی گەورە و شوێنی گردبونەوەی زۆربەی چین و توێژەکانی ناڕازی بێت . 
لێرەدا ئەوەی دەمانەوێت زیاتر ھەڵوێستەی لەسەر بکەین ئەمەیە ؛ تا ڕادەیەک نامانەوێ لۆمە و سەرزەنشتی ئەو دەسەڵات و ھێزانە بکەین کە خۆماڵی نین و کوردی نین . بەڵام بۆچی دەسەڵاتێکی کوردی دەبێت بەم شێوەیە فەرمانڕەوایی بکات و ببێتە جێگەی تانەو تەشەر و بێ متمانەی زۆربەی زۆری ھاوڵاتیانی . لەکاتێکدا ھەر ھاوڵاتی دروستکەر و ھاوکار و پارێزەری ئەم دەسەڵاتە بووە ، ھەر لەساتی دروست بونی یەکەم دەستە و تاقمی چەکداری و شۆڕش گێریدا ھەتا دروست بوونی قەوارەو دەسەڵاتێکی کوردی . دەبێت دەسەڵات زۆر بە پەلە بەخۆیدا بچێتەوە . بزانێت و تێبگات بۆچی ھاوڵاتی تا ئێستا خۆی بە کەسێکی دڵسۆزی  پارتێکی کوردی و پارێزەری دەسکەوتەکان و حکومەتی کوردی زانیوە . بەڵام چیتر ھاوڵاتی ناتوانێت وەک پێشان بیر بکاتەوە و ڕەفتار بکات . نەک ھەر ئەمە، بەڵکو توڕە و ناڕازی و نیگەران و ھەندێ جاریش ئارەزوی ڕاپەڕین و پەلاماردان دەکات . 
تێناگەین دەبێت بەرژەوەندی ئەم دەسەڵاتە چی بێت کاتێک دەست دەکات بە چەوساندنەوە و برسی کردنی ھاوڵاتیەکانی ! بۆچی دەست دەبات بۆ قوت و مووچەی خەڵکی بەناوی چاکسازیەوە . لە کاتێکدا ھەمووان دەزانین گەندەڵی و نادادی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و زۆرترین بەھەدەردان و دزی لە بودجەی ھەرێم لە کوێدایە و چۆن ڕێکخراوە . خۆ دەزانن کۆمەڵێک خەڵکی تاوانکار و دەست بەخوێن سوربوی دژی ئەم خەڵکە کە بەکرێگیرا و چڵکاو خۆری ڕژێمی پێشوی عێراق بوون ، تەنھا مافی ئەوەشیان نەبو لە دوای ڕوخانی ڕژێم لەسەر ئەم خاکە بژین . کەچی پاش ڕاپەڕین ئەمانە بونە کاربەدەست و خاوەن ڕێز و مووچە خۆری ئەم دەسەڵاتە . وە لێرەو لەوێ دەبینرێن چۆن خۆیان دەکەن بە بارەگا حیزبیەکاندا کاتی  مووچە وەرگرتن . ھەندێک لەم کەسانە و کومەڵێکی زۆری تریش کە ساڵانێکە بوونەتە دانیشتوی ئەوروپاش لەوێوە دەگەڕێنەوە و مووچەکانیان وەردەگرن . بەبێ ئەوەی لە ھەموو ژیانیاندا چەند ڕۆژێکیش خەبات و تکۆشانیان کردبێت یان قوربانیان دابێت لە پێنا و  ئەم خاک و وڵاتە . ئاخر ئەی ھاوار کەی ڕەوایە بۆ دەسەڵاتێک بەچەند مانگ جارێک مووچەیەک دابەش بکات ، سەرەڕای ئەوەش بیر لەڕێژەیەکی زۆری بڕینی بکاتەوە . 
ئەی ئێستا چارە چیە ؟ ھەموو ڕێگەکان تاقی کرانەوە و ھیچیان نەگۆڕی . خەڵکیش بێزار و وەڕەس بوون لە قوربانی دان و ھاوار کردن . کەواتە دەبێت دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە ھەموو سەری خۆمان ھەڵگرین و وڵاتیان بۆ جێ بھێڵین ، یان ملیان بۆ بدەین و خۆمان و خواست و داواکاریەکانمان ڕادەست کەین و چیتر چاوەڕوانی ھیچ گۆڕانکاریەک نەکەین لە کوردستان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×