گەنیوەکانی مێژو

چیا عەباس
  2023-07-30     446

مێژو وەک مریشکێک ریقنە و هێلکەش دەکات، ئەم راستیە مێژوی کورد لە خەبات و سیاسەت و خۆشی و ناخۆشی دەگرێتەوە لەسەر ئاستی حزب، گروپ، خانەوداە و تاکەکانیش. کەسێکی بەویژدان ناتوانێت نکۆڵی لە لایەنە گەشەدارەکانی ئەو مێژوە و پێکهاتەکانی بکات، سەری نەوازش بۆ قوربانی و شەهیدەکان دانەنەوێنێت.
بەکورتی و کوردی لەم دۆخەی ئێستای باشوری نیشتمان بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیان هاوران لەسەر هەڵە و گەندەڵی و نادەدپەروەری شێوازی حوکمرانی و کار و کرداری دەسەڵاتداران و پاشکۆکانیان، ئەمە زۆر زۆری لەسەر وتراوە و نوسراوە و خەڵک تا قوڵایی ناخ لێیان تێگەیشتون. ئەم نوسینە لەسەر گەنیوەکانی ئەو مێژوەیە، ئەوانەی دو رو دەرچون لە گەڵ مێژو و ئێستایان.
یەکێک لە کارەکانی دو هێزی دەسەڵاتدار ئاوردانەوەیەکی مادی بو لەو بژاردانە لە تێکۆشەر و کادرەکان، تایبەت ئەوانەی بەدڵی ئەوان بون، لەگەڵ بەرپابونی شەری ناوخۆ ئەم ئاوردانەوەیە زۆر خەستتر و بەرفراوانتر بو. لە گەڵ روخاندنی سەدام و رشتنی پارە بۆ هەرێم ئیتر کەوتنە خۆیان بۆ بەیاساییکردنی ئەم کارە، دەرئەنجامەکەی لای هەمو ئاشکرایە: سەردیوار و نیودیوار و چارەکەدیوار و بندیوار، تێكۆشەر و خائین، هەق و ناهەق لەدەوری مێزی دەسەڵات دەسورانەوە و چاوەروانی پارویەکی چێشتە مجەورەکە بون، بەرادەیەک ئیتر بۆنی دەهات، بۆیە دەسەڵات بچێک بەو پرۆسەیەدا چاوی خشاندەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکانی موچە و بودجە لە هەرێم، هاوکاتیش بەرفراوانبونی خەستی نارازی خەڵک بەشێک لەم پاروخۆرانە (سەرەرای ئەوەی تێكۆشەر و پێشمەرگە دێرینەکان لێێان مافی رەوای خۆیانە ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین کراوە، باقیەکەی لە کۆنە جاش و تەواری و سیخور و کوردکوژ پەڵەیەکی ئێجگار رەشی قێزەوەنە لەو پرۆسەیەدا) سواری شەپۆلی نارازی خەڵک بون و بە قسە و وشە کەوتنە هێرشکردنە سەر دەسەڵات، تەنانەت لەمانە کەمیش نین ئەوانەی رێکخراوەیی و ئاشکرا هەزار و یەک تۆمەتی درۆ بۆ دەسەڵات دروست دەکەن و داوای روخاندن و لەناوبردنیان دەکەن.
ئەم تاقمانە سەرپشكن چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دەسەڵات دەکەن و بیری لێدەکەنەوە، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز نابێت بوارێان بدرێتی تورەیی و نارەزایی خەڵک بۆ سپیکردنەوەی خۆیان بەکاربهێنن. ئەوان بەشێکی هەستیاری ئەو سیستەمە نایاسایی و نارەوایەبون و دەهۆڵیشیان بۆی لێداوە، بێجگە لە شایستە رەواکانی خۆیان بە سەدان ملیۆن دۆلار سودمەندی شاردراوە و ژێربەژێر بون، ئێستاش دەیانەوێت لەسایەی نارازیبوندا وسڵی خۆیان دەرکەن. کورد وتویەتی: بانێکە و دو هەوا، بەڵام بەلای ئەمانەوە بانێکە دەیان هەوا.
بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی دەنوسن و زۆر دەڵێن بەردەوام تیری کەوانەکانیان ئاراستەی دەسەڵات دەکەن و زۆر بێ نمەکیش دەرچون بەرامبەر بە سەرکردە و بەرپرسانی پێشویان کە لە ئاوی زەمزەمیان هەڵکێشابون، بۆ جارێکیش ئاور لەوە نادەنەوە کە خۆیان لەسەر و دەوری مێزە چەورەکەی دەسەڵات چ زەرەر و نائومێدیان بەخەڵک بەخشیوە و چۆن سەروەت و سامانی نیشتمانیان هەڵلۆشیوە، وەک وتراوە: کە ماڵی خۆت لە شوشە بو بەرد مەگرە کەس.
مەخابن ئەمجۆرە مرۆڤانە لە مێژو و ئێستا و ئەو دنیا تەرە بون و بونەتە نمونە زیندوەکەی گەنیوەکانی مێژو.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×