پرسی بەبنەماڵکردنی گۆڕان!

چیا عەباس
  2019-05-07     702

لەچەند نوسینێکمدا ئاماژەم داوە بەوەی گۆڕانی ئێستاو گۆرانی جاران زۆر جیاوازیان هەیە، پێوەرەکانی گۆرانبون، ئیدارەدان‌و سیاسەتکردن، سروشتی بزوتنەوەکە‌و کەشوهەوای کارکردن‌و هەڵسوراندنی ئەرکەکان لەئێستادا نامۆن بەرابوردو. یەکێک لەجیاوازیە بنەرەتیەکانیش سەرهەڵدانی چەند سەنتەرێکی بریاردانە لەناو گۆڕاندا. لەم وتارەدا هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر سەنتەری دەسەڵاتی کورەکانی کاک نەوشیروان.

لەدوای وەفاتی کاک نەوشیروان هەڵسوراوان‌و گۆرانخوازان‌و دۆست‌و ناحەزانی بزوتنەوەکە، هەر یەک لەروانگاو بەمەبەستی جیاجیا، سەرهەڵدانی ئەو سەنتەرەی دەسەڵاتی نماو چیا یان بەپرسی بەبنەماڵەکردنی بزوتنەوەکە ناوزەدکردوەو تا ئەم چەرکەیەش وا باسدەکرێت.

یەکێک لە خەسڵەتە زەقەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لەباشور دەسەڵاتی بنەماڵەیە بە رێگەی حزبەوە، دیاردەیەک تەنانەت بەشێکی هێزە ئیسلامیەکانیشی گرتۆتەوە، بەڵام ئەم پرسە لە ناو گۆڕان بە شێوە کلاسیکیکە سەری هەڵنەداوە و ئایندەشی نارونە.

پارتی زەمینەیەکی مێژویی بەهێزی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە هەیە، بنەماڵە جومگە گرنگەکانی پارتی و دواتر حوکمرانیشیان بەدەستەوەیە، ئاشکرا نیە چەند کەس لە شەجەرەی خانەوادەی بارزانی دەسەڵاتدارن، بەلایەنی کەم دەیان لە کەسایەتیە ناسراوەکانیان لە جومگە جیاکاندا باڵادەستن. پرسی بنەماڵەی بارزانی لە ناو پارتیدا دروست نەبوە، ئەوان پێش دروستبونی پارتیش بە حوکمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و رۆڵیان لە بزافی کوردایەتی بنەماڵەیەکی گەورەی ناوداری دەسەڵاتدار بون، داتر پارتی بۆتە خەیمەی رێکخراوەیی و حزبی زۆری دەسەڵاتەکانیان. تا ئەم چرکەیەش هیچ گروپ و ئاراستەیەک نەیتوانیوە دەسەڵاتی بنەماڵە لە ناو پارتیدا لاواز بکات، ئەزمونی جەلالی بە گەرانەوەی گروپی یاخیبو لە دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ لای هەمان دەسەڵاتی بنەماڵە کۆتایی هات.

پاش روخاندنی سەدام و سەرهەڵدانی زەقی بەرژەوەندیەکانی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە لە ناوچەکەمان بە بنەماڵەکردنی یەکێتی لە لوتکەی ئەجێندای دەسەڵاتدارانی ئەو حزبە و هێزە پەیوەنددارەکاندا بو. سەرەرای نارەزایی ناوخۆی یەکێتی بەڵام دوای یەکەم نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبو مام جلال ئیتر بە وردی کار بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە دەستیپێکرد.
یەكیک لە خەسڵەتە بنەرەتیەکانی بنەماڵە ئەوەیە مەرجەعێکی باوەرپێکراو بۆ بریاردان هەیە.

دوای رێکەوتنی ستراتیژی بەبنەماڵەکردنی یەکێتی بوە ئەمری واقیع، هەر دو هێز و بە پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانیان جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێم و نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا  بگرنە دەست، ئەم واقیعە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بو، چونکە ئەوان باشوری کوردستان بە فاکتەرێکی گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق دەبینن و ئارامی کوردستانیش بە ئەڵقەیەکی گرنگ بۆ ئەجێنداکانیان لە عێراق و ناوچەکە دەژمێرن. چەندین راپۆرتی بیانی باوەرپێکراو باس لە گرنگی ئەو هاوسەنگیە لە سەر بنەمای دەسەڵاتەکانی بنەماڵە دەکەن، هەر بەو هۆیەشەوە رێگا دراوە هەر دو بنەماڵە لە حوکمرانیدا دەستکراوەبن تا دۆخەکە تێک نەچێت.

زیادە بۆ ئەوەی گۆڕان بۆ ئەو گەمەکەرە زەبەلاحانە هێزێکی نوێ بو، هاوکاتیش بە بزوتنەوەیەکی چەپخوازی ( بێ متمانە) هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرد. کاتێک لە ٢٠٠٩ گۆڕان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا ئەمریکیەکان لە راپۆرتەکانیاندا خەم و مەراقی خۆیان نەشاردۆتەوە دەرباری ئەم روداوە و بە " بومەلەرزەیەکی سیاسی" چاوەرواننەکراو وەسفیان کردوە، هاوکات ترسیشیان لێ نیشتبو کە تێکچونی هاوسەنگی هێز نێوان پارتی و یەکێتی نائارامیەکی گەورەی لێ بکەوێتەوە، باشترین بژاردەیان لەو سەردەمەدا مامەڵەی دو فاقەیی بو لە گەڵ گۆڕان، ئەمە لە کاتێکدا گۆڕان هێزی چەکداری نەبو و توانای دارایی زۆر لاواز بو، بەڵام بە هۆی کاریزمای کاک نەوشیروان و خەسڵەتە تایبەتەکانی و خاوەنی نیو ملیۆن دەنگی نارەزا بو حسابی وردیان بۆ دەکرد.   

لە لایەکەوە موجامەلەکردنی گۆڕان و فشارکردن لێی، هاوکاتیش پشتگیری لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییان پێرەو دەکرد. کاتێک گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دورخرایەوە زلهێزە پەیوەنددارەکان هەڵوێستێکی شەرمنانەیان هەبو و ژێر بەژێریش پێیان خۆش بو بەو مەرجەی گۆڕان، ئەوەی ئەوان باسیان لێدەکرد، بژێوی و ئاژاوە و نائارامی دروست نەکات، بە واتایەکی تر وەک لاین مانێک جار جار عەلەمە نیللیەکەی راوەشێنێت.  

گۆڕان لە سەردەمی کاک نەوشیروان لە چەند وێستگەیەکی هەستیاردا روبەروی ئەمریکا بۆتەوە، یەکەمجار کاتێک کاک نەوشیروان ئاماژەی بە عوسیانی مەدەنی بەرامبەر بە حوکمرانی برێمەر کرد، دوا جاریش لە دوا دانیشتنی کاک نەوشیروان لە ساڵی ٢٠١٥ لە گەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، باڵێۆز داوای لێ کردبو رازی بێت ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژ بکرێتەوە، لە وەڵامدا بە باڵیۆزی وتبو: کاتێک تۆ رازی بیت سەرۆک ئۆباما بۆ خولی سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە منیش بە داواکەی تۆ رازی دەبم. لە نێوان ئەم دو روداوەدا بەردەوام ئەمریکا مامەڵەیەکی سر و ساردی گۆڕان یان کردوە و بەدەنگ داواکاریە رەواکانیەوە نەچون.

کاک نەوشیروان هیچ هەڵپەی نەدەکرد بۆ پەیوەندی توند و تۆڵ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێران زۆر هەوڵی لە گەڵدا و تورکیاش بە هەمان شێوە. 

سارد وسری گۆڕان و ئەمریکا و پشگوێخستنی خواست و داواکاریەکانی ئێران و تورکیا بۆ گۆڕان باجێکی زۆری هەبو، بە تایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام گۆڕان ئیرادەی سەربەخۆی پاراست و نەبوە بەشێک لە گەمەی جەمسەرە بەهێزەکان. ئەم راستیانە ئەو زلهێزانەی هاندەدا تا پێکهاتە و ئاراستەکانی گۆران دەستەمۆ بکەن، لە سەردەمی کاک نەوشیروان سەرجەم هەوڵەکانیان پوچەڵ دەرچون. دوای وەفاتی دۆخەکە زۆر گۆرا و دەرفەتێک دروستبوە بۆ دەستەمۆکردنی گۆڕان.     

کاک نەوشیروان نەما، کورەکانی پەلەیانە و چاویان لە خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی تری کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەرەستەی گرنگیان لە بەر دەستدایە:
یەکەم: کوری کاک نەوشیروانن
دوەم: موڵک و ئیرسێکی گەورەیان لە بەر دەستدایە
سێیەم: دەسەڵاتێکی لاواز و ناتەبای گۆڕان بە تەنیشتیانەوەیە
چوارەم: پارتی و یەکێتی و زلهێزە دەرەکیەکان هاریکار و رێگەخۆشکەری ئەم پرسەن

هەرچی پارتی و یەکێتیە لە سایەی کەسایەتی یەکەمی حزبەکانیان توانیویانە دەسەڵاتی بنەماڵە بچەسپێنن و بپارێزن، بەڵام تا کاک نەوشیروان لە ژیاندا بو لە گەڵ ئەو پرسەدا کۆک نەبوە، تەنانەت لە سەردەمی خەباتی شاخی و داتریش لە شاردا کەسێک لە خزمانی کاک نەوشیروان نادۆزیتەوە بە ناهەقی بەرپرسیاریەتی گەورەی هەبوبێت، براکەی، کاک بەختیار، بە خەبات و ماندوبونی خۆی دوا پۆستی پێش راپەرین عەدەد جیهازی شۆرش بوە. 
بە بنەماڵەکردنی گۆڕان زیاتر خواستێکی دەرەوەی بزوتنەوەکەیە و کەسێک خاوەن کاریزماش بونی نیە رابەرایەتی ئەو پرس و پرۆسەیە بکات. 

ناشێت باس لەوە نەکەم هەمو ئامۆزا و پورزا و خوشکەزا و خزمە نزیکەکانی نما و چیا ژمارەیان دەیان کەس تێپەر ناکات، لە ناو گۆڕاندا بێجگە لە ژمارەیەک دۆستی دڵسۆزی کاک نەوشیروان خزمێکی نادۆزیتەوە بەرپرسێکی باڵا بێت، زیادە بۆ ئەمانەش هەر دو کورەکەی کاک نەوشیروان تا ئەم چرکەیەش ژنیان نەهێناوە. بۆیە ناکرێت بۆ دەستەواژەی بەبنەماڵەکردنی گۆڕان لێکدانەوە کلاسیکیەکەی بۆ بکرێت و لەو روانگایەوە بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی تر بشوبهێنرێت. 

دروستە کورەکانی کاک نەوشیروان بەهۆکاری ئەو فاکتەرانەی باسم لێکردون دەسەڵات و پێگەی تایبەتیان لە ناو گۆڕاندا هەیە، کێشەکە لەوەدایە ئەم راستیە بە خراپ بەکاربهێنن و دەست لە کاروبار و بریارە گرنگەکانی گۆڕان وەردەن. ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی دەبیسترێن باس لەو دەست تێوەردانە دەکەن.   
   
بەرامبەر بەم دیاردە نەخوازیارە زۆرینەی ناوخۆی گۆڕان لە گەڵ ئەو پرۆسەیە کۆک نین، لە لاکەی ترەوە فاکتەرەکانی دەرەوەی گۆڕان هاندەر و زەمینە خۆشکەری ئەو پرۆسەیەن، چونکە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بە فاکتەرێکی گرنگ دەزانن بۆ کارنامەکانیان کە لەم ساتە وەختەدا  پاراستنی سەقامگیری و ئارامی باشورە، باشورێک بۆتە خاڵی کۆکردنەوە و بەیەک گەیشتنی زۆربەی بەرژەوەندیەکانی ئەو گەمەکەرە زەبەلاحانە، بوئرەیەکی سارد کە هەڵگری زۆربەی کەرەستە گەرمەکانی تەقینەوەیە. 

ئەوەی ئێستا بەرچاو دەکەوێت فاکتەرە بەرهەڵستەکانی ناوخۆی گۆڕان هێدی هێدی پەراوێز و بێدەنگ دەکرێن و فاکتەرە دەرەکیەکانیش باڵادەستر دەبن. دو کورەکەی کاک نەوشیروان هەوڵێکی زۆریان داوە هاوسەنگی ئەم دو فاکتەرە رابگرن،، بەڵام سەرکەوتو نەبون.  بۆچی؟
گەر کار بۆ پرۆژە مەزنەکەی کاک نەوشیروان دەکەن ناشێت بەو نارونی و زیگزاگیە بیکەن، بە پێچەوانەوە هەرچی بکەن دەکەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×