کورد لەنێوان شۆڤینیزمی عەرەبی‌و ئیسلامی سیاسی‌و ئیسرائیل

چیا عەباس
  2023-10-12     389

سەردەمی شەری عەرەب و ئیسرائیڵ لە ساڵی ١٩٦٧ رادیۆی ئیسرائیڵ پەخشی بەزمانی کوردیشی هەبو، رۆژێک چاوپێکەوتن بو لە گەڵ هەندێک سەربازی عێراقی کە لە شەرەکەدا بەدیلی گیرابون. یەكێک لێیان سەربازێکی کوردی خەڵکی گەرەگی مەڵکەندی لە سلێمانی بو، لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: باش مامەڵەمان دەکەن، برنج و مریشکمان دەدەنێ، بەم زوانەش پێش جەژن بەرەڵڵامان دەکەن. ئەنجا قسەکەی روی ماڵیان کرد و گوتی: بە قوربانتان بم تا دێمەوە بێ من قەلی جەژن نەخۆن.
یادەوەریەک هەرگیز لەبیری ناکەم.
لە سەرەتای دەیەی دوەمی سەدەی دو هەزار، چەند کوردێکی باشور نیشتەجێ لە هۆڵەندا بەشداریان لە سیمینارێک کردبو کە پارتی کاری هۆڵەندی لە شارێکی باشوری هۆڵەندا رێکی خستبو، شاندێکی کنێسێتی ئیسرائیڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیە دەرەکیەکانی کنێسێتیش بەشدار بو.
لە میانەی سیمینارەکەدا بەرێوەبەرەکەی، Bert Koenders، ئەندامی پارتی کار و ئەندامی پەرڵەمانی هۆڵەندا و لە ٢٠١٤-٢٠١٧ وەزیری دەرەوەی هۆلەندا و دۆستێکی دێرینی کورد ، داوای لە بەشێک لە کوردەکان کردبو شاندی کنێسێتی ئیسرائیڵ ببینین.
کوردەکان پاش بێنە و بیبە و سەرەرای ترسێکی مێژویی سەپیندراو بەسەریاندا لەلایەن شۆڤێنزم عەرەبی و ئیسلامی سیاسی کە نزیکبونەوە لە ئیسرائیڵ خیانەتێکی گەورەیە پێیان باشبو شاندەکە ببینین و تەحەدای تۆمەت بەخشین و چاوسورکردنەوەی نەیاران بکەن، پەیامێکیش بێت پێیان بڵێین سەرپشک و بەرپرسن لە کارەکانیان و کوردبونیان ناخەنە بەر رەحمەتی شمشێری هیچ عەنتەر و عەقیدە و مەزهەبێکەوە. لە دانیشتنەکەدا و لە تاو و توێکردنی پرسەکاندا ئیسرائیلیەکان لایان گرنگ بو پەیوەندیەکانی کورد لەگەڵ ئیسرائیڵ شاردراوە نەبن، کوردەکان سەرەرای تێگەیشتنیان لە هەڵوێستی ئیسرالیەکان بەڵام لەناچاریەوە ئامادەی ئەو هەنگاوە نەبون و پێان وابوە ئایندە زەمینەی بۆ خۆش دەکات.
خوالێخۆشبو مەلامستەفا لە سەردەمی شۆرشی ئەیلول ئاشکرا و بێ دودڵی لە مانگی نیسانی ١٩٦٨ سەردانی ئیسرائیڵ دەکات بە یاوەری دکتۆر محمود عوسمان و خوالێخۆشبو شمس الدین موفتی. لەو سەردانەدا سەرۆکی ئیسرائڵ زلمان شازار لە گەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە و پێی دەڵێت: " واز لە ئۆتۆنۆمی بێنە و کار بۆ دەوڵەتی کوردی بکە". بارزانی چاویشی دەکەوێت بە سەرۆک وەزیران لیفی اشکۆل و وەزیری بەرگری مۆشی دایان. بارزانی وەک سەرۆکی دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ کرابو. دوای ئەم سەردانە دەزگا باڵاکانی ئیسرائیڵ لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ١٩٦٩سەردانی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆرشی ئەیلول دەکەن ، شاندی ئیسرائیڵ پێشنیازێکی مۆشی دایان دەخەنە بەردەم بارزانی بۆ سازدانی هەماهەنگی سەربازی هاوبەش بۆ ریگریکردن لە دروستکردنی بەرەیی عەرەبی رۆژهەڵات، بارزانی هێمنانە پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە. (سەرچاوە: التیارات السیاسیة في کردستان العراق – لاپەرە ١٥١ تا ١٦٦ - نوسینی صلاح الخرسان).
پێشتریش خوالێخۆشبو ابراهیم احمد کە سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بو بە دەستپێشخەری کامەران بەدرخان لە حوزەیرانی ١٩٦٣ لە پاریس چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی بینوە ( وردەکاریەکان لە هەمان سەرچاوەی ئاماژەپێکراو باس کراون). هیچکات پارتی و دواتریش یەکێتی بەجیا پەیوەندی ژێربەژێریان لە گەڵ ئیسرائیلیەکان نەبریبو.
کۆتایی دەیەی دوەمی ئەم سەدەیە کارمەندێکی باڵای سەنتەری رابین لە ئیسرائیڵ کە رۆژنامەگەرێکی ناسراوی رۆژنامەی جوریاڵیزم پۆستی ئیسرائیلی بو بۆ کۆرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەر بە پەکەکە لە بەلجیکا بانگهێشت کرابو و ئەندامی پانێڵی کۆرەکە بو، لە دانیشتنەکانی پەراوێزی کۆرەکە گوتی: زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە عێراق پەیوەندیان لە گەڵ ئیسرائیڵ هەیە، لەچی دەترسن وا بە ترس و لەرزەوە مەرحەبایەکمان دەکەن، گەر هەروا بمێنن ئیرادەی سەربەخۆی خۆتان ناسەلمێنن.
لە نوسینەکانم، چیرۆکەکانی مێژو، بەوردی باسم لە رۆڵی لۆبی جولەکە لە وڵاتی هۆلەندا لە هاریکاریکردنی بەرگری کورد، تایبەت لە باکور و باشور، کردوە.
لە سەردەمی ئەنفال و قرکردنی کورد یاسر عەرەفات بەناو سیمبۆڵی بەرگری فەلەستین لە لێدوانێکدا گوتی: کوردەکان چ چاوەروان دەکەن سەدام گوڵ بە سەریاندا برژێنێت. هەر ئەم سەرکردە فەلەستینیە لە سەردەمی کۆرەوەکەی دوای راپەرینی کورد لە باشور و کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچارکران بەدەنگ چەند ملیۆنێک کورد لە سنوەرەکانی ئێران و تورکیا بێن،  ئاشکراو بێ شەرم رایگەیاند: کوردەکان چیان دەوێت ئەوە نیە ئەمریکا هەمبەرگیان بە سەریاندا دەرێژێت. گوڵی سەدام و هەمبەرگەری ئەمریکا پێناسەی بو بۆ پرسی نەتەوەی کورد. لە رۆڵی ئەم زاتە کەم ناکەمەوە بەڵام ئەمە ماهیەتە رەسەنەکەی بو، بە پێچەوانەی کورد کە بەردەوام پشتیوانی پرسی رەوای فەلەستینیەکانی کردوە.  
کاک نەوشیروان جارێک بە دو قۆڵی دانیشتبوین، گوتی: ئێران لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا دەروازەیەکی گرنگ بو بۆ سەرهەڵدانەکانی پێش ودوای شکستی شۆرشی ئەیلول. هەزاران پێشمەرگە و تێکۆشەر لە ئێران حەواونەتەوە، نوسینگە و بارەگایان لە پایتەخت و شارە گەورەکانیان هەبوە، سەدان بریندار و پەککەوتە لەو وڵاتە هاریکاری کراون، هەزاران کورد لەو وڵاتەوە رویان لە وڵاتانی تر کردوە، دەروازەیەکی هەستیار بوە بۆ پەیوەندی کورد بە دنیای دەرەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا یارمەتی لۆجیستێک و چەکییان بە کورد داوە. سەرەرای ئەم هەمو کارانە ئێمەی کورد لە ئێران دەسەڵمێینەوە و بە چاوی گومانەوە تێی دەروانین. دەبێت نهێنی ئەم هاوکێشەیە لە چیدا بێت؟
سەیرە دو هێزی گەورەی ناوچەکە کە دوژمنی سەرسەختی یەکترن، ئێران و ئیسرائیڵ. لە پرسی کوردی باشوردا هاوران بۆ نزیکبونەوە لە گەڵ کورد بۆ مەرامە تایبەتەکانیان، ئەویش زیاتر پتەوکردنی پێگەیان لە ناوچەکە.
ئەم دوا روداوانەی نێوان حەماس و ئیسرائیڵ کە بەمەزەندەی زۆربەی چاودێران ئێران رۆڵێکی ژێربەژێری هەستیاری تیدا هەیە و ئاکامەکانیشی کاریگەری هەستیاریان لەسەر دۆخی کورد لە سەرجەم کوردستانی گەورە دەبێت، دەبێت کورد چۆن لە گەڵیان مامەڵە بکات.
لە ساتی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیڵ هەزاران هاوڵاتی عێراق دەچنە بەردەم کۆشک و تەلارەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و داوا دەکەن عێراق بێدەنگ نەبێت، لە وەڵامدا پێێان دەڵێن: زۆر باشە بەیانی سەدان پاس ئامادە دەکەین و وەرن چەکتان پێدەدەین بچن دژ بە ئیسرائیڵ بجەنگن، رۆژی دواتر چەند کەسێك ئامادە دەبن.
ئێستاش بەشێکی سەرکردەی هێزە سیاسیەکانی باشور لە سەر روداوەکانی نێوان ئیسرائیڵ و حەماس ئاگر لە زاریان دەبارێت، فەرمون ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.
لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی ئاشکرا و ئاساییان لە گەڵ ئیسرائیڵ هەیە، کەچی سەرکردەکانی کورد لە سایەی هەرەشە و چاوسورکردنەوەیەکی نارەوای مێژویی شۆڤینزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی و پۆپۆلیستی کوردی دا نەعامە ئاسا سەری خۆیان لە لمدا دەشارنەوە و نقە ناکەن، وەک ئەوەی زیاتر لە پاپای فاتیکان کریستیان بن.
ئایا پەیوەندی کورد و ئیسرائیڵ زەرەربەخشتر دەبێت لە پەیوەندیەکانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل؟ پرسیارێک وردەکاریەکانی وەڵامەکەی بەرچاومان زیاتر رۆشنتر دەکات!  
بۆخۆم لەگەڵ بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی فەلەستیینەکانم، بەڵام بەتوندی دژی  سیاسەتی هەمە رەنگەکانم بەو کەیسە بازرگانی بکەن. خۆشبەختانە بەشە زۆرە هوشیارەکەی فەلەستینیەکان لەم راستیە تێگەیشتون.

 
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×