دیلیمای کورد دوای نەمانی قاسمی سلێمانی

چیا عەباس
  2020-01-07     671

کوشتنی قاسم سلێمانی و هاورێکانی لە لایەن ئەمریکاوە شتێکی ئەوتۆی لە جەوهەری ناکۆکی و ململانێکانی ئەمریکای لەگەڵ ئێران و هیلالی شیعە نەگۆریوە، ئەوەی گۆڕاوە شێواز و ئاستی ململانێ و بەرەنگاربونەوەکان خەستتر و توندتر دەبن. کاتێک ترەمپ ئەمریکای لە رێکەوتنە ئەتۆمیەکە کشاندەوە رون و ئاشکرا بو کە خواست و نیازەکانی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێران و میحوەری شیعە چین.

ئێران لە وردەکاریەکانی ئەم پەیامە تێنەگەیشت، بۆیە کۆمەڵێک کاری وەک تەحەدا بەرامبەر ئەمریکا ئەنجامدا، لەوانە خستنە خوارەوەی درۆنێکی پێشکەوتوی ئەمریکا، دەست بەسەراگرتنی کەشتیەکی نەوت لە هورمز،  تەقینەوەی چەند بیرێکی نەوت لە سعودیە، چاوبازی لە گەڵ روسیا و تورکیا دژ بە ئەمریکا و بێگومانیش هەوڵە ژێر بەژێرەکانی تری، تایبەت بە رێگەی میلیشیا چەکدارە شیعەکانی یەمەن و لوبنان و عێراق و سوریاوە. 

دەمێکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات پێگەی ستراتیژی خۆی لە کەنداو و ناوچەکە بەهێز بکات، هیچکات رێگەی ئەوەی پێنەدراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی کەنداو  کە سعودیە و کوێت و قەتەر و میرنشینەکانی تر رۆڵی کارگەریان بە پشتیوانی ئەمریکا تێدا هەبو ئێران یان دورەپەرێز خستبو.

پاش ئەوەی ئێران بێ ئومێد بو لە بەدەستهێنانی ئەو رۆلەی خەونی پێوە دەبینی، دەسەڵاتدارانی لە سایەی چەمکی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی دەستیان کرد بە دروستکردنی میلیشیای چەکداری شیعە مەزهەب، کارکردن بۆ بەرنامەی ئەتۆمی، دروستکردنی فەیلەقی قودس وەک بازوی سەربازی بۆ خۆشەکردنی زەمینەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە و تەرخانکردنی دەیان ملیار دۆلار و دەیان هەزار چەکدار لە وڵاتەکانی ناوچەکە. دوای روخاندنی سەدام و دەست بەکاربونی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا و دواتر تەقینەوەی کێشەکانی سوریا و سەرهەڵدانی داعش زەمینەیەکی لە بار بۆ ئێران رەخسا لەو گۆمە لێڵەدا راوی خۆێ بکات. نیەت و کار و کردارەکانی ئێران لە ناوچەیەک کە با شەدەماری ئابوری و ئاسایشی دنیا ناسراوە هاوشێوەی هێزێکی کۆلۆنیاڵیزم بون بە بەرگێکی مەزهەبی ئاینییەوە و بەقۆستنەوەی تورەیی و نارەزایی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر ئەمریکا و رۆژئاوا. لەم سەردەمەدا کە دنیا بە جەمسەرگەری سیاسی و سەربازی و ئابوری و تەکنۆلۆژی بەرێوە دەبرێت، تەماعکاری هەر لایەن و هێز و وڵاتێک  لە دەرەوەی ئەو جەمسەرگەریە بەهێزەی دنیا نرخی گرانی دەبێت.

قاسمی سلێمانی جێبەجێکەری ئەو پلانە فرە ئاراستانە بو بۆ دروستکردنی جەمسەرگەریەکی شیعە لە ناوچەیەکی زۆر هەستیاری دنیادا، بەڵام نە خۆشی و نە بەرپرسانی ئێران دەرکیان بەو راستیە نەکردبو هێڵێکی سور هەیە بۆ کارەکانیان، هەر وڵات و هێز و کەسێک ئەو هێڵە ببەزێنێت لەلایەن زلهێزەکانی دنیاوە و بە لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان گورزی کوشندەی لێدەدەن، ئەوەی بەسەر قاسمی سلێمانی و هاوکارەکانی رویدا ئاوێنەی ئەو واقیعەن.
شەرکردنی ئەمریکا پێویستی بە تەکنۆلیژیای زۆر پێشکەوتو و ئامرازەکانی تری شەرە، ئێران خاوەنی ئەوە نیە و ناشبێت، بۆیە لە سەرەتاوە شەرێکی دۆراو دەکات.

زیادە بۆ ئەمانەش دۆخی ناوخۆی ئێران نائارام و ناجێگیرە. بەشێکی زۆری هێزە یاخیبوەکانی ئێران خۆیان ماتداوە بۆ هەڵێکی گونجاو تا جومگەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆشەوە تێکبدەن. 

شیعەکانی عێراق دەست و قاچیان بەستراونەوتەوە، گەندەڵی و چەتەیی و جەردەیی کوشندەیان سەدان هەزار هاوڵاتی عێراقی بۆ چەند مانگێکە رژانۆتە سەر شەقامەکانی باشور و ناوەراستی عێراق، ماڵی ناوخۆی شیعە تەنراوە بە رکابەری و ململانێ، کورد و سوننە زۆر لێیان نیگەران و دڵگرانن و لە هەر زەنگێکی لاوازبونی دەسەڵاتی بەغدا دەبێت هەنگاوی جدی بەرەو کوردستان وعێراقێکی نوی بگرنە بەر. 

عێراق هێچ قوڵاییەکی ستراتیژی نەماوە، ئەوەی هەیەتی و نیەتی سوریا یەکی دارزاو و ئێرانە و ئەوەش وەزعی ئیرانە، لە فرۆکەخانەی بەغدا گەورە بەرپرسانی ئێران و حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە دەکوژرێن، عادل عەبدول مەهدی و فراکسیۆنەکانی شیعە لە هات و هاوار  لە هۆڵی پەرلەمان زیاتریان پێ ناکرێت، هەر بریارێکیش بدەن لە دۆخی ئێستای ناوچەکە بەهای یەک فلسی قەڵبی نابێت. 

لەم سەردەمە زمانی هێز و تەکنۆلۆژیا و ئابوری و هەواڵگری قسە دەکات نەک وەعز و نوشتە و دوعای سەر مەرقەدەکان. سەردەمی سیاسەتی واقیعبینی سەردەمانەیە نەک خەیاڵ پڵاوی و خۆبەستنەوە بە ئەفسونەکانی مێژویەکی بەسەرچو.    

لەم ململانێی و شەر ومەرافانەدا پرسیار ئەوە نیە کێ چەند لە سەر هەقە، ئەوان بۆ خۆیان بە خاوەنی هەقی کارەکانیان دەزانن، بەڵام بۆ دەرەوەی ئەو دو لایەنە پرسی هەق و ناهەقی رێژەییە، ئەمەش بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانیان مامەڵە لە گەڵ ئەو پرسەدا دەکەن.
دوای ئەم روداوە کورد لە کوردستانی گەورە و تایبەت لە باشور روبەروی دیلیمایەکی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری و ئابوری ئاڵۆز بۆتەوە.

دروستە قاسم سلێمانی رۆڵی گرنگی لە بەرەنگاربونەوەی داعش لە کوردستان و عێراق هەبوە، بەڵام ئەوەی بۆ خاتری چاوی کورد نەکردوە بەڵکو بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی بوە، کوردیش لە بەرامبەردا لە سونگەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانەوە ئەو کارانەی بەرز نرخاندوە ، ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نیە، بەڵکو فەسڵی هەستیار و گرنگ دوای نەمانی قاسمی سلێمانی دەست پێدەکات. 

سەرەرای ئەوەی قاسمی سلێمانی وەک ژەنەراڵێکی سەربازی فەرمانەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی وڵاتەکەی بە شێوازە سەربازیەکان جێبەجێ دەکرد، بەڵام هاوکاتیش سیاسەتمەدارێکی موحەنەکی وریا و بە ئاگابو، بۆیە بەدرێژایی دەسەڵاتی ئەو لە گەڵ هەرێم بەردەوام لێکتێگەیشتن و لێدوان و خاڵی هاوبەشی دەدۆزیەوە بۆ راگرتنی دۆخەکە و زۆربەی کات هەوڵی گرژبون و ئالۆزبونی پەیوەندیەکانی نەداوە، چونکە ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەلای ئێرانەوە                                                                                                        بەشێک بوە لە ئارامی و ئاسایشی خۆیان.

ئێستا دۆخەکە گۆراوە، ئێران نیەتی توندکردنی ململانێ و ناکۆکیەکانی لە گەڵ ئەمریکا راگەیاندوە، ترەمپیش هەرەشەی وەشاندنی گورزی کوشندە لە ئێران دەکات. کورد لە باشور بەرەیەکی باوەرپێکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکە، پەلەکردن لە تەواوکردنی کۆنسوڵخانی ئەمریکا لەهەولێر کە دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لە دنیادا، بەکارهێنانی فرۆکەخانەئ کۆنی هەولێر وەک بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا و کۆمەڵێک وردەکاری تر باشور لە چرکەیەکدا ناچار دەکەن هەڵوێستی هەبێت و بە کردار بژاردەی خۆی بکات.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت کەف و کوڵی ئەو روداوە گرنگ و هەستیارەیە، ئەمە کۆتایی دێت و دۆخێکی تر دێتە ئاراوە. بایکۆتکردنی فراکسیۆنەکانی کوردستان لە دانیشتنی ٥ ی جانواری ٢٠٢٠ هەنگاوێکی گرنگی پر مانایە بۆ هەمو لایەک.

خۆزگە دۆخەکە بەوە بوەستێتەوە کە بەشداری لێدوان و دانوستان بین یاخود نەبین، بەڵام ئەمە تەمەنایەکی سادەیە، دەبێت سەرکردایەتی سیاسی باشور زۆر بە جدی خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکات، ئەم ئامادەکردنەش پێویستی بەپشتگیری بەرفراوانی جەماوەری باشورە کە زۆربەیان تورە و نارازین لە دەسەڵاتەکانی هەرێم. 

بەرفراوانکردنی حوکمرانی بە بەرەیەکی جەماوەری و دور لە هەژمونی حزبی، ئامادەسازی میللی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی باشوری کوردستان، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی سامانە سروشتیەکانی باشور بە چاودێری نێودەوڵەتی و لە خزمەتی خەڵکی باشور، تۆکمەکردنی سنورەکانی باشور و دابینکردنی ئارامی و ئاسایشیان بە پشتێنێکی نەتەوەیی، بەشداریکردنی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینییەکانی باشور لە کۆی گشتی پرۆسەکاندا و چەندین کاری تر کۆڵەکە بنەرەتیەکانی دابینکردنی مانەوەی نمونەی حوکمرانی دەبن لە باشور و چەندیش بکرێت خۆ دور راگرتن لە پریشکی شەر و مەرافەکانی ئایندە.

نمونەکانی مێژو پێمان دەڵێن بەردەوام کورد لە شەر و ململانێکانی ناوچەکەدا کراوەتە قوربانی، با بۆ یەکجاریش بێت بیسەلمێنن ئێمەش خاوەنی ئیرادە و ناسنامە و کەسایەتی خۆمانین و دەتوانین ئەو چەمکانەش بپارێزین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×