مەتەڵی خرۆشاندنی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا!

ئەنوەر حەمە عەلی
  2019-02-08     1192
‌هێلەک زەردەکانی فەرەنسا بەردەوامن لەکۆبونەوەو خۆ نیشاندان لەفولکەو شەقامەکانی شارەکانی فەرەنسادا، هەرچەندە ژمارەیان لەچاو سەرەتاکانی سەرهەڵدانیان دابەزیوە. لە ئاکتی دوانزەهەمی ئەم  بزوتنەوەیادا، شەمەی ڕابوردوو ڕۆژی ٢ ی گوڵانی ٢٠١٩، نزیکەی شەست هەزار بوون لە شارو شارۆچکەکانی فەرەنسادا بەڵام لە یەکەم ئاکتدا، لە ڕۆژ حەڤدەی ڕێبەندانی ٢٠١٨، نزیکەی ٢٨٢ هەزار کەس بوون کە هاتنە سەر جادە و فولکەکان. ڕۆژی پێنجی مانگی گوڵان،  بەشێکیان لە مانگرتن و خۆپیشاندانێک بەشداریان کرد کە لە لایەن سەندیکاکانی چەپڕەوی کۆنفێدراسیۆنی گشتی کار وهێزی کرێکارەوە ڕێکخراوبوو لە سەرانسەری فەرەنسادا. لە ئامارێکی تازەدا کە ڕۆژی ٧ گوڵانی ٢٠١٩ لە وێبسایتی ڤەنت مینوتی فەرەنسیدا بڵاو بۆتەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو کە تا ئێستاش دوو لەسەر سێی خەڵکی فەرەنسا پشتیوانی لە داواکانی هێلەک زەردەکان ئەکەن. لە ڕاستیدا،  زۆر لێکۆڵینەوە و نوسین لە سەر ئەم خرۆشانە ئەکرێت چونکە خرۆشانێکی تازە و ناوازەیە لە مێژووی فەرەنسادا بەتایبەتی لە بەر چوار هۆکاری سەرەکی:
یەکەم:  ئەم خرۆشانە موبادەرەی هیچ هێزێکی سیاسی، سەندیکاو ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی نەبوو ە نییە بەڵکو خرۆشانێکی سپۆنتەنەییە( لە خۆوەیی)کە زیاتر لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئەنتەرنێتەوە ڕێکخرا و وە ڕێک ئەخرێت.
دووەم: مەیلی سیاسی ئەم خرۆشانە بە ئاراستەی چەپ یان ڕاست دیارنییەو جێگەی سەرنجە.
سێیەم: لە دوای خرۆشانی خوێندکارانی فەرەنسا، لە ساڵی ١٩٦٨، بۆ ئازادی ، ئەم یەکەم جارە کە خۆپیشاندەران سەنگەر لە بەرامبەر هیزەکانی پۆلیس و ناوخۆ لێئەدەن و بەرەنگاریان ئەبنەوە.
چوارەم: بەشێکی گرنگی هێلەک زەردەکان ناسیاسیین و تەنانەت دەنگیان نەداوە لە پرۆسەی دیموکراسیدا.  
 میژووناسی بواری چەپی ڕادیکاڵ ، سیلڤیان بولوک لە بابەتێکیدا بە سەردێڕی "هێلەک زەردەکان: ئەوەی بەشێک لە چەپ نایەوێت بیبینێت" کە لە وێب سایتی گۆڤاری هەفتانەی فەرەنسی نوڤێل ئۆبسێرڤاتۆری ڕۆژی ١١/١٢/٢٠١٨دا بڵاوبووەتەوە، ئاماژە بەوە ئەکات کە لە خۆپییشاندانەکانی مانگەکانی ڕێ بەندان و ڕەشەمێی ساڵی ٢٠١٨دا، ئەوشوێنانەی کە پارتی نەتەوە پەرستی فەرەنسا "گردبونەوەی نەتەوەیی "  دەنگی زۆری بەدەست هێناوە، زیاتر جادە و شەقامەکان بڕین و تێکدانیان تێداکراوە. ئەو ئەڵێت لە بەیانی ڕۆژی ٢٤/١١/٢٠١٨ چەند گروپێک لە ڕاستڕەوە نەتەوەپەرستەکان، لە گەڵ پۆلیسدا بە شەرهاتن و کەوتنە سەنگەر لێدان لە شاشەقامی شامزەلیزێ لە پاریس.  بە ڵام لە دوا نیوڕۆی هەمان ڕۆژدا، چەند گروپێکی چەپی ڕادیکالیش سەنگەریان بۆ بەرەو ڕوبونەوەی پۆلیس و هێزی ناوخۆ ڵیدا و چەند کەسایەتییەکی چەپ کەوتنە پشتیوانی ئەم خرۆشانە تازەیە و وە ئەوانەی ئێستا لە فولکەکاندا کۆ ئەبنەوە زیاتر مەیلەو چەپن. ئەلبێرت ئۆجیێن، لێکۆڵەرەوە لە دامەزراوەی مارسێل مۆس ی فەرەنسی، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلپێریۆدیکۆی ئیسپانی، کە لەڕۆژی ٣/٢/٢٠١٩ بڵاو بوەتەوە ئەم سەرنجە دوبارە دەکاتەوە و ئەڵێت لە باکور و باشوری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا کە پارتی گردبونەوەی نەتەوەیی دەنگی زۆری هێناوە، سلۆگان و لافیتەی دژ بەبێگانەو پەناهەندەکان بینراون لە ناو خۆپیشاندانەکانی هێلەک زەردەکاندا.
 بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئەم خرۆشانە خرۆشانێکی دژە باج و خەراجەو داوای سیاسی ، کۆمەڵایەتی و کولتوری نییە یان لاوازە وەک و خرۆشانی ژاکیری ساڵی  ١٣٥٨ لە باکوری فەرەنسادا  یان بزوتنەوەی پوژادیسمی ڕاستڕەوی ساڵەکانی ١٩٥٠. بەڵام ماتیلد ڕاڕێڕ، ـمێژووناس لە بواری شۆرشەکاندا،  لە لێداوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، ڕۆژی ٧/١٢/٢٠١٨، ئەڵێت ئەم بۆچوونانە هی ئەو کەسانەیە کە ئەیانەوێت لە هەیبەتی ئەم خرۆشانە کەم بکەنەوە چوونکە لە ئێستادا  باج و خەراج ناخرێتە دەستی بەگزادە و شا و پیاوە دینییەکانەوە وەکو سەدەکانی ناوەڕاست. ئێستا باج و خەراج لە لایەن نوێنەرەکانی خەڵکەوە لە پەرلەمان بڕیاری لە سەر ئەدرێت و دەوڵەت باج و خەراج کۆ ئەکاتەوە بۆ دارایدانی دەوڵەت و سێرڤیزە کۆمەڵایەتییەکانی. هەروەها ئەڵێت، ڕەنگە بەشیکی ئەم خرۆشانە زیاتر پەیوەندی بە وەوەهەبێت کە خەڵک باجیکی زۆر ئەدات بە دەوڵەت بەڵام هەست ئەکات سێرڤیزەکانی دەوڵەت وەک و قوتابخانە، خەستەخانە، پۆست و سێرڤیزە کۆمەڵایەتییەکانی تر پاشەکشە ئەکەن و کوالیتییەکەیان خراپ ئەبێت. ئەو پێی وایە بەرواردکردنی ئەم خرۆشانە بە شۆڕش و خرۆشانەکانی رابوردوەوە تەنها بۆ نرخدان یان بێنرخکردنی ئەم بزوتنەوەیە و  یارمەتیدەرنابێت بۆ تێگەیشتن لەم بزوتنەوەیە.
فەیلەسوفی فەرەنسی و لێکۆڵەرەوە لە سەنتەری نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی فەرەنسا، جانکلۆد مۆنۆد، لە جاوپێکەتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی فرانس کولتور، بۆ باسکردنی کتێبێک کە لەلایەن خۆی و  چەند جاودێرێکی ترەوە نوسراوە بە ناوی" بنجی هەوا زەردە، تێگەیشتن لە خرۆشانێکی ناوازە"،  وە لەرۆژی ٢٤/١/٢٠١٩ لە لایەن ئێدیتۆریاڵی سۆی بڵاوکراوەتەوە، پێی وایە کە ئەم خرۆشانە زیاتر پەیەوەندی بە تەبەنی کردنی سیستمی نیۆلیبرالیزمە ،بەتایبەتی لەلا یەن دەوڵەتی ئێستای فەرەنساوە، هەیە.  ئەو ئەڵێت، لەلایەکەوە دەوڵەت سێرڤیزە کۆمەڵایەتییەکان کەم ئەکاتەوە و باج  لە سەر خەڵک زیاد ئەکات بە بیانووی نەبوونی پار ە بەڵام لەلایەکی ترەوە ملیۆنان یۆرۆ ئەدا بە کۆمپانیا گەوەرەکان بۆ بەردوام بوونیان. ئەمەش هەستێکی لەلای خەلک دروست کردوە کە ئەم شێوەیە لە دەوڵەتداری کردن نادادپەروەرانەیە. 
 لە ڕاستیدا سەدان وتارو بیر وڕای لەم جۆرانە لە میدیاکانی فەرەنساو دونیادا بڵاو ئەکرێنەوە لە سەر ئەم بزونتنەوە ناوازەیە. ئەوەی کە ڕوونە ئەم خرۆشانە خرۆشانیکی چوونیەک نیە و هەتا ئێستا هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە ببێت بە خاوەنی یان ڕینماکەری ئەم بزوتنەوەیە. سیستمی نیولیبرالیزم، دارێکی داوە بە دەستی دەوڵەتەوە کە هەردوو سەرەکەی پیساییە. لەلایەکەوە لە لیبرالیزم و بازاری ئازاددا، دەوڵەت ناچارە باج لە سەر کۆمپانیا و سەرمایەی دەوڵەمەندەکان کەم بکاتەوە تا ڕونەکەنە ئەو وڵاتانەی کا باج و کرێی کاریان تێدا هەرزانترە. لە لایەکی ترەوە،  باج لەسەر چینی کرێکار و ناوەند زیاد ئەکات و  سێرڤیزە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە خەباتی ئەم چینانە بە درێژایی دووساد ساڵی ڕابووردوو بە دەست هاتوون،کەم ئەکاتەوە تا بتوانێت بالانسی دارایی دەوڵەت ڕابگرێت. 
لە ڕێ‌ستیدا،  ئەرکی سیستمی نیولیبرالیزم دوو جار لەسەر خەڵکە، لەلایەکەوە ماشینی میدیایی ئەم سیستەمە هانی خەڵک ئەدات تا بەکار‌هێنان زیاد بکات و  خۆی قەرزاری بانکەکان بکات تا پارە و قازانجی  بانکەکان و دەوڵەمەنەکان زییاتر بکات، لە لایەکی ترەوە ئەرکی سەرەکی داراییدانی دەوڵەت هەر لە سەر خەڵكە کە بە هۆی قەرزاری و نەبوونی گەرەنتی بەردەوامبوونی کار لە سیستمی نیولیبراڵدا، لە دڵەڕاوکێی ڕۆژانەدا ئەژی. ‌ڕەنگە ‌‌هێلەک زەردەکان سەرەتای خرۆشاندنی خەڵکی بەکارهێنەر بێت کە قوربانی سەرەکی ئەم سیستەمەن و جەلادی ئیکۆلۆژین.  بە هۆی ئەم بارو دۆخە ، نەبوونی ئەلتەرناتیڤیکی چەپەکان و دیموکراتە یەکسانی خوازەکان کە زۆرینەی خەڵکی ناڕازی لەدەوری کۆبکاتەوە و سستی دینامیکی داهێنانی ئەلتەرناتیڤ  ، ڕاستڕەوە پۆپۆلیستەکان، کە دژی لیبرالیزمن، لە گەشەکردنێکی خێرادان لە سەرانسەری ئەوروپادا.  ئەگەر چارەیەک نەدۆزرێتەوە یان هێزە یەکاسانی خوازەکان مەشخەڵی ئەم ناڕەزاییەتیانە نەگرن بە دەستەوە، ئەوە ئەگەری گرتنە دەسەڵاتی پارتە پۆپۆلیستە ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکان لە فەرەنساو سەرانسەری ئەروپادا زیاد ئەکات. ئەمەش مەترسییەکی گەوەرە بۆ ئەوروپا و دونیا دروست ئەکات چونکە وەک سەرۆکی هەرە پێشووی کۆماری فەرەنسا، فرانسوا میتێران، وتویەتی، ناسیۆنالیزم، واتە شەڕ.
 لە بەرامبەر ئەم باروودۆخەی دەوڵەتداری و بەردەوام بوونی خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان، سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن، لە ناوەڕاستی مانگی خاکە لێوەی  ٢٠١٩ دا، داوای دیبەتێکی سێ مانگی گەورەی نەتەوەیی کرد لە سەر چوار بابەتی سەرەکی: باج و خەراج و خەرجی گشتی، ڕێکخستنی سێرڤیسەکانی گشتی، ترانزیسۆن (گۆڕانی قۆناغ)ی ئیکۆلۆژی و دیموکراسی و هاوڵاتیبوون. ئەم دیبەتە ڕەنگە هێلەک زەردەکان هێورتر بکاتەوە بەڵام ئەلێکسیس سپیڕ، سۆسیۆلۆگی فەرەنسی و نوسەری کتێبی" بەرەنگاربونەوەی باج . گرێدان بە دەوڵەتەوە ، ٢٠١٨" لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلپێریۆدیکۆی ئیسپانی، کە لەڕۆژی ٣/٢/٢٠١٩ بڵاو بوەتەوە، پێی وایە ئەگەر شتەکان بە ئاراستەی یەکسانی زییاتردا نەگۆڕێن لە دوای ئەم دیبەیتە، ڕەنگە هێلەک زەردەکان هێزی زیاتر لە دەورییان کۆبێتەوە و بە توانایەکی زیاترەوە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بکەن.  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×