قەیرانی ئەفراندن لەکوردستان‌و ڕۆژهەڵات: میراتی ئیمپراتۆری عوسمانی؟

ئەنوەر حەمە عەلی
  2019-04-09     451
بەشێکی زۆری دەق و پڕۆژە وێژەیی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسییەکانی دونیای ڕۆژهەڵاتی ناوین و پاشکۆکانی، ئە وانەی کە لە خانەی پێشکەوت و گۆڕان گەرا ئەژمار دەکرێن، پڕن لە ئاماژە بە ناوی نوسەر و تێز و قوتابخانە ڕۆژائاواییە کانی گرێدراو بەم بوارانەوە!. هەتا ئێرە کێشەمان نییە. كێشەکە لەوێوە دەستپێ ئەکات کە زۆر جار ئاماژەکان بە زەحمەت ئەچنە بواری شێلانی ژێرخانی ئەدەبی بەردەست (ڵیترەیچەر ڕڤیوو) لە لایەن نوسەرەکانی دەقەوە بۆ گەشەپێدانی تێزو ئەفراندنەکانی خۆیان. هەندێک جار ئاماژەکان ئەو هەستە لای خوێنەر دروست ئەکەن کە نوسەر ئەیەوێت لە ڕێگەی لێکچونی بابەتەکەی یان تێزەکەی بە سەرچاوە ڕۆژ ئاواییەکانەوە باوەڕی خوێنەر هەڵبەستێت.
 ئەم پەتایە ڕوبەرەکانی پەروەردە، دەوڵەتداری، سیاسەت و تەکنەلۆژیاشی گرتۆتەوە. زۆر جار گوێمان لە سەپانی سیستمی پەروەردەی ئەم وڵات و ئەو وڵات ئەبێت، یان ئەلتەرناتیڤی دەزگاکانی دەوڵەت داری تا ئەگاتە ئەو هەواڵە نوکتە ئاسایانەی کە فڵانە کەس فڕۆکەیەکی یان ئۆتۆمۆبیلێکی دروست کرد، لە کاتێکدا لە ڕۆژ ئاوا، زیاتر لە سەدەیەک ئەبێت ئۆتۆمۆبیل و فڕۆکە داهێنراون!.
 هیچ پێناسەیەکی ترم بۆ نەدۆزرایەوە بۆ ئەم دیاردەیە جگە لە قەیرانی ئەفراندن نەبێت کە بەرۆکی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی گرتوە. 
لێکچونێکی سەیرهەیە لە نێوان ئەم قەیرانەی ئەفراندنی ئێستای شارستانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ قۆناغی چاخە ناوەندەکانی ڕۆژ ئاوا کە بە چاخە تاریەکەکانیش ئەناسرێت لە لایەن ئەکادیمیکیەکانەوە. لەم قۆناغەدا شارستانی ڕۆژ ئاوا نزیکەی خاڵی بون بووە لە ئەفراندن و گۆڕانکاری کە لەڕاستیدا دووانەی یەکترین. ئەم قۆناغەی شارستانی ڕۆژ ئاوا بە دەسپێکردنی قۆناغی ژیانەوە (ڕێنیسانس) کۆتایی دێت و شارستانی ڕۆژاوا دەست ئەکاتەوە بە موبادەرەی ئەفراندن لە زۆربەی بوارەکانی ژیان و زانست.
 بەشێکی گرنگی ئەکادیمی و پسپۆڕان، وەک و ئەکادیمیانی فەرەنسا، گرتنی کۆنستانتینۆپۆل (ئەستەمبوڵ) لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە ساڵی١٤٥٣ ی زاینی و تێکشکانی ئیمپراتۆری بێزەنتی بە سەرەتای قۆناغی ژیانەوەی شارستانی ڕۆژاوا دا ئەنێن. شكستی بێزەنتیەکان بەشێکی زۆری زانایانی ئەم ئیمپراتۆرەی ئاوارەی یۆنان و ئیتالیا کرد کە سەرچاوەی سەرەکی بەرپاکردنی قۆناغی ژیانەوەی ڕۆژ ئاواییەکان بوون. لە ڕاستیدا، ئەم زانایانە زیاتر میراتگری پاشخانی ئەفراندنی ڕۆژهەلاتییەکان و ڕۆمانە کان بوون وەک لە عوسمانییەکان.
 لە بنەما هەرە گرنگەکان کە تایبەمەندی قۆناغی ژیانەوەی شارستانی ڕۆژ ئاوایە، نرخدانەوەیە بە گەنجینە و پاشخانی کولتوری و ڕێکخستنی کۆمەڵگاکانی ڕۆژ ئاوا و دروست کردنی ناسنامەیەکی گشتگیری کلتوری و جیۆگرافی بۆ گەلە کۆمەڵەگاکانی ڕۆژئاوایە. ‌هەر لەم قۆناغەشدایە کە  ووشەی ئەوروپا وەک و ناسنامە و چوارچێەوەیەکی کولتوری، جیۆگرافی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژ ئاواییەکان دروست ئەکرێت. هەر لەم قۆناغەشدایە، کە ئەروپییەکان دەرک بە گرنگی ئەفراندنەکانی ڕۆژهەڵات ئەکەن و ئیتر تێرمی ئەلجەبرا، ئەلگۆریتم ، کیمیا، هتد ،کە زانستەکانی داهێنراوی ڕۆژهەڵاتن،  دێتە ناو زاراوەی ڕۆژ ئاواییەکان و ڕۆژئاوا موبادەرەی ئەفراندن ئەگرێت بە دەستەوە. قۆناغی ژیانەوە یان رێنیسانس ڕێگە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی، سیاسی و پێشەسازی ئەکاتەوە لە ڕۆژ ئاوادا. 
بە پێچەوانەی ڕۆژ ئاواوە، ڕەنگە بتوانین قۆناغی نێوان گرتنی بەغداد لە لایەن مۆنگۆلەکانەوە لە ساڵی ١٢٥٨ ی زاینی و گرتنی کۆنستەنتینۆپۆل و هەژمونی عوسمانییەکان بە سەر شارستانی رۆژ‌هەڵاتەوە بەقۆناغی لەدەستدانی موبادەرەی ڕۆژهەلات لە ئەفراندندا دابنێن. تیشکۆی هەرە گەورەی عوسمانییەکان لە بواری سەربازیدا بوە و ئەو دەزگایانەی کە لە سەردەمی عەباسیەکاندا داهێنانیان بەرهەم ئەهێنا بەتایبەتی بەیت و لحیکمەکان، نەبوژێنرانەوە و ڕزین. لەکاتێکدا کردنەوەی زانکۆ و دەزگای پەروەردەیی پێشکەوتو شارەکانی ئەروپای ئەتەنی لە قۆناغی ڕینیسانسدا، لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا تەنها دارولفنونی ئەستەمبوڵ هەبووە کە جگە لە تیۆلۆژی و دین، زانستی تری تێدا خوێنراوە. بەڵام زانست گەلیک کە بۆ بواری سەربازی کەڵکیان هەبێت، بە تایبەتی پزیشکی و دەریایی. لە ئەروپا لە ساڵی ١٧٦٩ ی زاینی ، جەیمس وات، ماشینی هەڵمی داهێنا و ئەم ساڵە وەک و سیمبۆل بۆ سەرەتای شۆرشی پیشەسازی لە ڕۆژ ئاوادا دائەنرێت. بەڵام یەکەم دەرسی فیزیای کرداری، نزیکەی یەک سەدە دوای ئەم داهێنانەی جەیمس وات، لە ساڵی ١٨٦٣ی زاینیدا، لە دارولفنونەکەی عوسمانیەکاندا وتراوەتەوە! 
شۆڕشی پیشەسازی و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتوری و ئابووریەکانی گرێدراوی ئەم شۆڕشە، بەشێکی خوێنەوارانی ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی ،بە تایبەتی لە ئەستەمبوڵ، هەژاند و بزوتنەوەی ڕیفۆرمیان دامەزراند. دواتر ئەم بزوتنەوەیە بە بزوتنەوەی گەنجە تورکەکان ناوی دەرکرد. لە دوای تێکشکانی ئیمپراتۆری عوسمانی، ئەم بزوتنەوەیە لە ژێر سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک دەوڵەتی تورکیای ئێستایان دامەزراند. لە بەرامبەر هەژاری لە ڕادەبەدەری ژێرخانی ئەفراندن و دواکەوتوویی دەزگاکانی کۆمەڵایەتی و دەوڵەت داری کە عوسمانییەکان بە میرات بۆیان بەجێ هێشتبوون و هەستێکی ناسیۆنالیستی تورک گەرا، ئەم بزونتەوەیە هەڵسا بە دابڕاندنی تەواوی کۆمەڵگا لەم میراتە لە ڕێگەی سەپاندنی پرۆسەیەکی توند و تیژی بە ڕۆژ ئاوایی کردنی کۆمەڵگا، ئیتر هەر لە ئەلفابێتەوە بیگرە هەتا ئەگات بە میدیا و بە جل و بەرگ و هونەر. بە مانایەکی تر، لە جیاتی ژیاندنەوەی ئینێرژی داهێنان لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وەک و ڕێنیسانس لە ئەروروپا، ئەمان بڕیاریاندا نان لە ئەفراندنی ڕۆژ ئاواییەکان بخۆن.
 ئەگەر عوسمانییەکان بەشێکی گرنگی هۆکاری لە دەست دانی موبادەرەی ئەفراندنن لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەوە گەنجەتورکەکان پەتای ڕۆژ ئاوا گەراییان خزانە ناو کۆمەڵگا ڕۆژ هەڵاتییەکانەوە.  ئیتر لە ناو تورکیای میراتگری ئیمپراتۆری عوسمانی،  پێشکەو تو خوازی یەکاسان کرا بە ڕۆژ ئاوا گەرایی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەڕادەیەک کە بەشە لۆکاڵ و کۆنسێرڤاتیڤەکەی تورکیا کە زۆرینەی زۆری کۆمەڵگابوون، پەراوێز خرابوون. ئەم نوخبەگەراییە، سەرەنجام تورکیای بەرو  ئەوکۆنسێرڤاتیزمەی ئێستا ڕاکێشا، پاش لە نزیەکەی سەدەیەک لە پرۆسەی بە ڕۆژ ئاوایی کردنی تورکیاو پشتیوانییەکی بێ شوماری مادی و مەعنەوی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا لەم پرۆسەیە. 
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ڕۆشنبیر ، پسپۆڕ، کادر، چالاکوان، دەزگا و کاربەدەستە پێشکەوتن گەراکانی کۆمەڵگای ئێمە ئەم پەتایە نەیگرتونەتەوە؟  ئەگەر یەکێک لە پایە گرنگەکانی ڕینیسانی ئەورو پا، نرخدانەوە بوو بە گەنجینەی کەلەپور ی کۆمەڵایەتی ئەوروپا و لەوێوە گەرای گۆڕانکاری و داهێنانیان چاند، ئایا هەمان ڕێگەش بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش بنچینەیەک نابێت تا جارێکی تر موبادەرەی ئەفراندن بکەینەوە؟  
 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×