كۆتا وتەی مورسی پێش مردنی

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
  2019-06-18     1191
رۆژی‌ 17/6/2019 محمد مورسی لەدادگا ئامادەبووە لەسەر كەیسی سیخوڕی بۆ قەتەرو هەڵهاتنی لەزیندان، لەكاتی دادگایی كردنەكە دا داوای لەدادوەر كردوە قسە بكات لەكاتی قسە كرندا توڕە بووەو هەڵچووە، بەدادوەری وتوە كە بەخراپی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن‌و شەش مانگە خراوەتە زیندانی تاكە كەسیەوەو ڕێگە نادەن خێزان‌و منداڵەكانی سەردانی بكەن لە كاتی ناو هێنانی منداڵەكانیدا لە هۆش خۆی چوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مردنی مورسی كاردانەوەی زۆری بەدوایدا خۆیدا هێناو ئەڕدوگان مورسی بەشۆڕشگێری دیموكراسی‌و شەهیدی بەرگری ناو برد، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیاربوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بو كە ڕایگەیاند ڕاپۆرتیان لەسەر مردنی مورسی لەلایەن میسرەوە پێگەشتوە و هێچ شتێكیان نیە لەسەر مردنی مورسی بیڵێن.

لەسەر ئاستی ناو خۆش هەندێك لەلایەنگرانی مورسی داوای خۆپیشاندان دەكەن بەڵام بەهۆی ڕێوشوێنی ئەمنی توندەوە هیچ كاردانەوەیەك لەشەقامی میسریدا ڕونادات، وەزارەتی ناوخۆی میسریش هۆشداری داوە لەهەر گردبونەوەو خۆپیشاندانێك كە بەتوندی ڕوبەڕوی دەبنەوە.

پێشترو لەڕۆژی ٧ی‌ مانگی ڕابردودا مورسی لەكاتی دادگایكردنی دا لەبەردەم ڕاگەیاندنەكاندا بەدادوەری ڕاگەیاند كە لەزیندان هەوڵدەدرێت خۆی و چەند سەركردەیەكی ئیخوان تیرۆر بكرێت، پێش چوارمانگ‌و لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا خێزانەكەی مورسی و ڕێكخراوی هیومان رایتس هۆچ و لیژنەی پەیوەندیەكانی دەروەی پەرلەمانی بەریتانیا هۆشداریان دابوو لەوەی هەوڵێك هەیە بۆ تیرۆركردنی مورسی.

محمد مورسی لەدایكبووی ساڵی ١٩٥١ و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە ئەندازیاریدا و مامۆستای زانكۆكانی كالیفۆرنیای ئەمەریكا و قاهیرە و زەقازیقی میسربووە، ماوەی ٨ ساڵ ئەندامی پەرلەمانی میسر بووە، لە ساڵی ٢٠١٢ وەك یەكەم سەرۆك كۆماری مەدەنی بەسەرۆكی میسر هەڵبژێردرا.

بەڵام ئەوەی رێكەوتێكی سەیرە ڕۆژی مردنەكەی هەمان ڕۆژی هەڵبژاردنی بوو لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریدا لە ٢٠١٢/٦/١٧ كە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی میسری بەدەست هێنا، لەبەرامبەر ئەحمەد شەفیقی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری میسردا.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەركار لادرا و دەستگیركرا و بە تۆمەتی تیرۆر و سیخوڕی و گەندەلی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، لە دوای ٣٢٧١ كاتژمێر دادگایی كردن و لێكۆڵینەوە لە چوار دۆسیەدا سزای ٤٨ زیندانی و سزایەكی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، كەدواتر سزای لەسێدارەدانەكە هەڵوەشێنرایەوە، بەلام لە ٦ دۆسیەی تردا داگایی كردنی بەردەوامبوو.

داواكاری گشتی میسر داوایەكی خێزانەكەی مورسی ڕەتكردوەتەوە بۆ بەخاكسپاردنی لەشوێنی لەدایكبوونی لەبارێزگای زەقازیق،بڕیاریداوە بەبێدەنگی و بەتەنها بەئامادەبونی خێزان و كوڕەكان و پارێزەرەكەی بەخاك بسپێردرێت لەجێگایەكی نهێنی لە گۆڕستانی مەدینەی نەسر.

تێبینی/ بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی توێكاری و داواكاری گشتی میسر مورسی بەهۆی توڕەبوون و هەڵچونەوە جەڵدەیە لێیداوە و مردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×