ئیسرائیل‌و سیناریۆكانی دوای داعش!

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
  2019-06-25     762
كۆبونەوەو ڕێكەوتنی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریكاو ئیسرائیل‌و ڕوسیا بەسەر پەرشتی ناتانیاهۆو لەقودس بۆ دو ئامانج بو كە دەرپەڕاندنی ئێرانە لەسوریاو پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل‌و سەرپێخستنی ڕێكەوتنی سەدەیە، بەڵام لەپشت گەرموگوڕی ئەم پەیوەندیانەوە نهێنی گەورە هەیە.

دەرپەڕاندنی ئێران و میلیشیاكانی لە سوریا لە بەر ژەوەندی هەرسێ وڵات ( ئیسرائیل- ئەمەریكا- ڕوسیا) دایە چونكە ئێران بەهۆی فراوانبوونی نفوز و دەسەڵاتیەوە لە سوریا سەر ئیشە و مەترسی بۆ سەر ڕوسیا دروستكردوە لە سوریا، بەهەمان شێوە بونی ئێران لە سوریا مەترسەیە بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەڵام ئەمە تەنها هۆكارنیە بۆ زانین‌و تێگەیشتن لە دیوی ڕاستەقینەی سیناریۆن دەبێت كەمێك بگەڕێنە دواوە بۆ مێژووی پەیوەندی و ململانێكانی ئەم سێ زلهێزە.

-كورتەیەك لەمێژووی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل‌و ڕوسیا:
مێژووی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و ڕوسیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٨ ئەوكاتەی ڕووسیا دانینا بەسەربەخۆی ئیسرائیلدا بەڵام ساڵی ١٩٥٦ دوای داخستنی نۆكەندی سویس كە دواتر هێرشی سێ قۆڵی فەرەنسا و ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر میسری هاوپەیمانی ڕوسیای بەدوادا هات ، ڕوسیا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند.

دواتریش لە جەنگی ساردی سۆڤیەت و ئەمەریكادا ئیسرائیل چووە بەرەی ئەمەریكا، هەروەها یەكێتی سوڤیەت و ئیسرائیل بۆماوەی ١٢ ساڵ لە جەنگێكی ناڕاستەوخۆدا بوون لە سەرخاكی میسر بەهۆی ئەوەی ڕووسیا پشتیوانی میسری دەكرد لە هەردوو جەنگی ١٩٦٧ و جەنگی ١٩٧٣ دژی ئیسرائیلدا، كە لە هەردوو جەنگەكەدا ئیسرائیل توانی میسر و سۆڤیەتی هاوپەیمانی تێكبشكێنێت.

بەڵام دوای ڕووخانی سوڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ ئەم پەیوەندیانە چونە قۆناغێكی نوێییە بە جۆرێك گرنگی ئیسرائیل بۆ ڕووسیا هیچی كەمتر نەبوو لە گرنگی ئیسرائیل بۆ ئەمەریكا، ڕووسیا دەیویست پشتیوانی ئابوری لۆبی یەهودی بەدەست بێنێت بۆ بنیاتنانی ئیمبراتۆریەتە نوێیەكەی و جارێكی تر هەستانەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و لەدەستدانی لە سەدا ٨٥% خاك ودەسەڵات و هێزی.

لەدوای شكستی سوپای ڕوسیا لەساڵی ١٩٩٦ لە جەنگی شیشان و چەكدارە ئیسلامیەكاندا ئیسرائیل یەكەم وڵات بوو كە پشتیوانی سەربازی و دارای ڕووسیای كرد لە جەنگی لەناو بردنی چەكدارانی ئیسلامی و داگیركردنی چیچاندا، كە ئەمە یەكەم سەركەوتنی ڕوسیا بوو لە دوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و تێكشاندنی هاوپەیمانەكانی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و یوگسلافیای جاران و عێراق و وڵاتانی بەڵقان لەسەردەستی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.

لەدوای هاتنە سەردەسەڵاتی ڤلادمێر پۆتین لە ساڵی ٢٠٠٠ پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و ڕووسیا چووە قۆناغێكی زێڕینەوە، ئیسرائیل بوو بە هاوپەیمانێكی ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا بەجۆرێك ئیسرائیل بوو بە سێوی هاوسەنگردنی هێز و بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا و ڕووسیا لە ناوچەكەدا.

-بۆچی ئیسرائیل چووە بەرەی ڕوسیا دژی ئەمەریكا؟
لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی باراك ئۆباما لەساڵی ٢٠٠٩ پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا ساردوسڕی تێكەوت ئەمەش وایكرد ئیسرائیل زیاتر لە ڕووسیا نزیك بێتەوە بەجۆرێك ساڵی ٢٠١٤ لەكاتی كێشەی ئۆكرانیا و داگیركردنی بەشێك لەخاكی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕووسیاوە، ئیسرائیل دژی ئەمەریكا و ئەوروپا وەستایەوە و پشتیوانی ڕوسیای كرد.

بەهەمان شێوە لەكاتی دەستێوەردانی ڕووسیا لە سوریا ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ پشتیوانی ڕووسیای كرد سەرەڕای نیگەرانیەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا، هەردولانلیژنەیەكی ئەمنیان لە ئاستی باڵا پێكهێنا بۆ هەماهەنگی، ئەوكات ئەڤیگادور لیبەرمانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند ( ڕووسیا لە سوریایە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئیسرائیل دەپارێزێت لەمەترسی ئێران و گروپە تیرۆرستیە سونەكان).

لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپیشدا سەرەڕای دەستكراوەی ترەمپ لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، بەڵام پەیوەندیەكانی ڕوسیا و ئیسرائیل بەهێزتر بوون، چونكە هەرلە بنەڕەتدا ئەوەی ترەمپی هێنایە سەردەسەڵات ئیسرائیل و ڕوسیا بوون، لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕوسیا لەهەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و پشتیوانی لۆبی ئیسرائیلی دۆناڵد ترەمپ توانی بەسەر هیلاری كلینتندا سەركەوێت.

هەربۆیە ئەم قۆناغەی ئێستای دوای داعش بۆ ئیسرائیل دەرفەتێكی زێڕینی مێژوویە كەلە یەكاتدا خاوەنی پشتیوانی ڕوسیا و ئەمەریكاشە، ناتانیاهۆش دەیەوێت پەیوەندیە باشەكانی لەگەڵ ترەمپ و پۆتیندا و سەقاڵی ناوچەكە و جیهان بەكێشەی ئێرانەوە بەكار بهێنێت بۆ هێنانەدی خەونە مێژوویەكانی ئیسرائیلیەكان.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×