ئەردۆگان چۆن تەحەدای ترەمپی كرد؟

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
  2019-07-14     330
ئێستا لەواشنتن و لەناو كۆنگرێس گفتۆگۆكان لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر توركیادا پرسێكی گەرمە، وا بڕیارە ئەم هەفتەیە هەندێك سزای توند بەسەر توركیادا بسەپێنرێت، وەك وەڵامێك بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری S400 ڕوسی.

ئەوەی جێگای سەرنجە هەندێك لە مێدیایی كوردی وەها ڕووماڵی ئەم ڕووداوە دەكەن كە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان تەحەدای ترەمپ و ئەمەریكای كردوە و گوێ بە مەترسی و هەڕەشەكانی ێەمەریكا نادات و خاوەن بڕیاری سەربەخۆیە، ئەمەریكاش هیچ كاردانەوەیەكی نابێت، ئەم لێكدانەوەیە تەواو هەڵەیە.

ڕاستە توركیا هێزێكی ناوچەیی بەهێزە بەڵام توركیا لەڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازیشەوە لە ئاستێكدا نیە بتوانێت تەحەدای ئەمەریكا بكات، بیرتانە ترەمپ پێش چەند مانگێك بەتەنها تویتێك ئابوری توركیای توشی داڕمان كرد و لیرەی توركی زیاتر لە سەدا٦٠% نرخەكەی لەدەستادا و ٥ ملیار دۆلار زیانی بە ئابوری توركیا گەیاند، ئێستاش دوو بژاردە لەبەردەم توركیادایە،یان سزا یاخود سازشكردن لەسەر كۆمەڵێك پرسی جێناكۆكی لەگەڵ ئەمەریكا.

-سزا چاوەڕوانكراوەكان بۆسەر توركیا چین؟
ئەوەی چاوەڕوان ٨/٢دەكرێت ئەمەریكا پرسی فرۆشتنی فڕۆكەی F35 بە توركیا ڕابگرێت و لە چوار چێوەی یاسای كاتسا(CAATSA) كۆمەڵێك سزای ئابوری بەسەر توركیا بسەپێنێت پێدانی قەرزی ١٠ ملیار دۆلاری بۆتوركیا ڕابگرێت و لە بواری وەبەرهێنانیشدا هاوكاریەكانی لە گەڵ توركیادا ڕابگرێت

-یاسا (CAATSA) چیەو بۆچی مەترسی دارە؟
یاسای كاتسا كە كورتكراوەی (Countering America's Adversaries Through Sanctions Act) واتە یاسای (ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا لە ڕێگای سزاوە) ئەم یاسایە لە ٢٠١٧/٧/٢٧ لەلایەن. كۆنگرێسەوە دەركراو لە ٢٠١٧/٨/٢ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە واژۆی لەسەر كراو تا ئێستا یاساكە بەسەر وڵاتانی( ڕوسیا و كۆریای باكور و ئێراندا) سەپێنراوە كە دوژمنی ستراتیژی ئەمەریكان

ئەگەر ئەم یاسایە بەسەر توركیاشدا بسەپێنرێت ئەوا مەترسیەكی گەورە دەبێت بۆسەر ئایندەی توركیا، چونكە توركیا هاوشانی وڵاتانی( ڕوسیا و كۆریای باكور و ئێران) دەچێتە ڕیزی دوژمنە ستراتیژیەكانی ئەمەریكاوە لە كاتێكدا ماوەی زیاتر لە٦٠ ساڵە توركیا لەدوای ئیسرائیل توركیا دووەم هاوپەیمان ستراتیژی ئەمەریكابووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

-بۆچی ئەمەریكا نیگەرانە لەكڕینی S400 ؟
هەر چەندە پێشتر وڵاتانی هند و ئەندەنوسیای هاوپەیمانی ئەمەریكا سیستەمی S400 و فڕۆكەی SU35 ڕوسیان كڕی و ئەمەریكا هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، بەڵام توركیا لەبەر ئەوەی بەشداری پرۆژەی فڕۆكەی F35 ئەمەریكیە و هەروەها ئەندامی ناتۆیە دۆخەكە زۆر جیاواز ترە چونكە ناتۆ لە بنەڕەتدا لە ساڵی ١٩٤٩ بۆ دژایەتی ڕوسیا( یەكێتی سۆڤیەتی جاران)دامەزرا.

لەڕوویەكی تریشەوە هەرچەندە مەودای ڕادارەكانی S400 تەنها ٢٠ میلە ئەمەش وادەكات فڕۆكەی F35 ئەمەریكی توانای تێكشاندنی ئەو سیستەمە موشەكیە هەبێت، چونكە فڕۆكەیF35 لە دوری ٤٠ میلەوە دەتوانێت لە ڕێگەی موشەكی ئاسمان بەزەویەوە سیستەمی موشەكیS400 تێك بشكێنێ.

بەڵام ترسی ئەمەریكا ئەوەیە كە لە ڕێگای توركیاوە زانیاری لەسەر خاڵە لاوازەكانی فڕۆكەی F35 بگاتە دەستی ڕوسیاو لە سیستەمی موشەكی S500 كاری لەسەر بكات كە بڕیارە تاساڵی ٢٠٢١ بەرهەمی بێنێت، هەروەها هۆكارێكی تری نیگەرانیەكانی ئەمەریكا ئەوەیە كە كڕینی سیستەمی موشەكی S400 ڕوسی لەلایەن توركیاوە دەرگا بەڕووی وڵاتانی دیكەی ناتۆدا دەكاتەوە كە چەكی ڕوسی بكڕن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×