ساڵی نوێی خوێندن‌و پرسیار لەدیدو پلانی ستراتیجی

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-09-27     1209

کەرتی پەروەردە وخویندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستاندا، یەکێکە لەو کەرتانەی کە ساڵ لە دوای ساڵ قەیرانی زۆرتری بۆ دروستدەبێت و ڕوو لە لاوازی دەکات و زانکۆکانی کە بەشێکن لە عێراق لە ریزبەندی کۆتاکانن لە ئاستی جیھاندا و ئەگەر بەپێی پێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک یونسکۆش بیپێوین، خوێندن لە ھەرێمی کوردستاندا زۆر کەم ئەو مەرجانەی تێدایە کە پێویستە لە خوێندنێکی سەرکەوتوو گەشەکردوودا ھەبێت.

ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەدەست جۆرەھا قەیرانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و ئابوریەوە، ھەموو ھێزە سیاسییەکان و میدیا و رۆژنامەنوس و ئەکادیمیەکانیش جەخت لەسەر ئەم دوو لایەنە دەکەنەوە و پرۆژەی چاکسازیی دەنووسن و رەخنە دەگرن و کردوویانە بە بابەتی یەکەمی کێشەکان لەلای خەڵک، زۆربەیان ئەو بۆچوونەیان ھەیە کە دەبێت چاکسازی لەو بوارانەدا دەستپێبکات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و رەخنەیە ئەوەیە کە ھیچ کەسێک لەو کەسایەتی و لایەنانە ئاوڕێک لە کەرتی پەروەردە و فێربوون و خوێندنی باڵا نادەنەوە و تەنانەت لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانیش بە درێژایی ٢٨ ساڵی رابردوو نەیتوانیوە بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ و زانستی رۆڵی خۆی ببینێت و ھەتا ئێستاش توێژینەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە لەسەر قەیرانەکان و چارەسەری گرفتەکانی ئەم کەرتە، کە بە یەکێک لە کەرتە گرنگەکان دادەنرێت لەنێو کۆمەڵگە و حکومەتدا، بێ ئاگا لەوەی  کە چاکسازیی بنەڕەتی دەبێت لەم کەرتەوە دەست پێبکات، سەد مەخابن کەرتی پەروەردە بەو گرنگی و رۆڵە ستراتیجیەی کە ھەیەتی لەسەر ئاستی جیھان، لە کوردستاندا بەو گرنگییە باسی ناکرێت و حکومەت و وەزارەتەکانیشی وەک ھەر کەرتێکی تری ئاسایی سەیری دەکەن و تەنھا بە شێوەی ڕۆتینی دەیانەوێت لەکاردا بەردەوام بێت.

ئێستا لەسەر ئاستی جیھان و ھەموو ئەزموونە ھاوچەرخەکانی جیھان ئەوەیان سەلماندووە کە ھەر دەوڵەت و گەلێک بیەوێت گەشە بکات و پێشبکەوێت دەبێت سەرەتا لە خوێندنەوە دەست پێبکات و ھەموو وڵاتانی پێشکەوتووش لە دەوروبەر و لەسەر ئاستی گشتی جیھان تەنھا لە ڕێگەی خوێندنەوە گەشەیان کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش خاوەنی پلانی ستراتیجیی کورتخایەت و درێژخایەن بوون و حکومەتیش لەڕووی پشتیوانی و بودجەوە وەک وەزارەتی یەکەم ھاوکاری کردوون، ئەگەر بێینە دەرەوەی کوردستان و لەسەر ئاستێکی فراوانی جیھان سەیر بکەین، دەبینین ئەو وڵاتانەی کە جڵەوی گۆڕانکارییە گەورەکانیان بەدەستە و خاوەنی ئابورییەکی بەھێزی جیھانین، ئەو وڵاتانەن کە لەڕووی شۆڕشی زانیاری و تەکنۆلۆژیاوە پێشکەوتوون و سەرچاوەی سەرەکی ئەمانەش خوێندن و زانکۆ و ئەکادیمیەکانن، لەبەرئەوە ئێستا ئەو ململانێ گەورانەی کە لەسەر ئاستی جیھان ھەیە لەسەر بواری خوێندنە .

پاش تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھەتا ئێستا نەمانبینی کە ئەم دوو وەزارەتە بە ھاوکاری لەگەڵ یەکتردا پلانێکی ستراتیجی دابڕێژن لە پێناو بنیاتنانی نەوەیەکی نوێ لە کوردستاندا کە لە ئایندەدا توانای ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی و بڕیاردانی ھەبێت، بۆئەوەی لە ئەم رێگەیەوە بتوانن ژینگەیەکی خوێندنی شیاو و ھاوسەنگ بۆ ھەمووان وەک یەک دەستەبەر بکەن، ھەروەھا ئەو قوتابیانەی کە زانکۆ تەواو دەکەن خاوەنی زانیاری و مەعریفەی پسپۆڕی باشبن و بتوانن گەشە بە کەرتی پیشەیی بدەن و ھەروەھا لە رێگەی گرنگیدانی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی و ھاندانی زیاتر بۆ داھێنانکاریی و گەشەپێدان، پەیوەندی نێوان بازاڕ و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن زیاتر بکەن و گەشە بە توانا و لێھاتنەکان و پێشخستنی بواری ئابوریش بدەن.

دەبووایە لە رێگەی پلانی چەند ساڵییەوە ئەو دوو وەزارەتە بەرچاو رۆشنیان بخستایە بەردەم کۆمەڵگە، ئایە ئەم دوو وەزارەتە دەیانەوێت کۆمەڵگەی کوردی بەرەو چ ئاڕاستەیەکی بەرن، پلانیان چیە بۆ ئەوەی خوێندن بکەنە سەرچاوەی سەرەکی چاکسازیی و گەشەپێدان و پێشکەوتن، ھەروەھا ھۆکارێک بێت بۆئەوەی ئەو کەسەی خوێندن تەواو دەکات دەرگایەکی تازەی ژیانی لێ بکرێتەوە و خۆشەویستی زیاتر بۆ کوردستان دروستبێت و کار لە پێناو گەشەپێدانیدا بکات، نەک بێکار بێت و نەزانێت داھاتووی چی دەبێت، دەبوو لە سەرەتای ساڵی خوێندنی تازەدا ھەردوو وەزارەتەکە لە ڕێگەی وەزیرەکانەوە پلانێکی کورتخایەن بۆ ساڵێک و پلانێکی تری درێژخایەنیان ھەبێت بۆ ١٠ ساڵی داھاتوو، چونکە قوتابیان ھەر لە سەرەتاییەوە ھەتا زانکۆ کە بەسەدان ھەزار دەبن گەورەترین سەرمایەی ئەم کۆمەڵگایەن و ھەر ئەوانیشن ئایندەی کوردستان دەکەوێتە ژێر دەستیان و بەڕێوەی دەبەن، کەواتە بەرنامە و پڕۆگرام و دیدەکان بۆ ئایندە چۆن بن ئەوان بەوجۆرە دەردەبن، دەبێت حکومەتی ھەرێم ئەو راستیە بزانێت کە ئێستا لە کوردستاندا گەورەترین سەرمایە گەنجان و قوتابیانن، لەھەمانکاتدا ئەکادیمی و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای زۆر لە کوردستان ھەیە، ئەگەر پلانێکی ستراتیجی ھەبێت لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە دەتوانێت لە چەند ساڵی داھاتوودا کوردستان بکاتە ئەزموونێکی نموونەیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش بەوە دەبێت خوێندن بەپێی پلانێکی روون و دیدگایەکی ئایندەسازیی بێت، کە بزانێت بەرەوکوێ دەچێت و ئامانجی چیە و خاوەنی چ فەلسەفەیەکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەو پلانە ھەموو دامەزراوەکانی حکومەت بەیەکەوە ببەستێتەوە و گرنگی بە کەلتور بدات و پەیوەندی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا ھەبێت و پلانی دروستکردنی سەرکردەی پەروەردەیی وسیاسی و ئابوری ھەبێت کە ئەمەش ھەمووی لە ڕێگەی خوێندن و پەروەردەوە دروست دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×