ئەردۆغان لەبەردەم پایزێکی سەختدا

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-09-24     786

لە ھەفتەی ڕابردوودا داود ئۆغلۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا جیابونەوەی خۆی لە پارتی داد و گەشەپێدان ڕاگەیاند ئەمەش پێش ئەوەبوو کە ئاکەپە بەفەرمی لە پارتەکەی دەری بکات .


داود ئۆغلۆ لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەنوسیەکەیدا ووتی ئاکەپە وازی لە ئەو بنەمایانە ھێناوە کە لەسەری دامەزرابوو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردودا حیزب بەھا و بنەما ڕەسەنەکانی لەدەست داوە، لە لایەکی ترەوە ئەو پێکھاتەیەی کە ئێستا پارتەکە ھەیەتی بە کەڵکی بەخۆداچونەوەو لێپێچینەوە نایەت چونکە لەئێستادا کەمینەیەکی کورتبین دەستیان بەسەر حیزبدا گرتووە، لەلایەکی تریشەوە ووتی لە ئێستادا ئەم پارتە ناتوانێت وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت و ئەو گرفتانە چارەسەر بکات کە دەوڵەت بە دەستیەوە دەناڵێنێت پاشان ووتی پۆست و کورسی لەناو دەچن، بەڵام بەھا باڵاکان بۆ ئێستاو ئایندە دەمێننەوە ، لەبەر ئەوە بنیادنانی بزوتنەوەیەکی سیاسی لەژێر ئەو بنەمایانەدا کە بڕوام پێیەتی بەرپرسیارێتیەکە کە دەبێت بەرامبەر بە گەلانی تورکیا جێبەجێی بکەم.



دەست لەکار کێشانەوەی داود ئۆغلۆ لە پارتی داد و گەشەپێدان بە زەنگێکی مەترسیدار ھەژمار داکرێت چونکە سەرکردەیەکی باڵای پارتەکە بووەو لە ڕابردودا پۆستی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پارتەکەشی لەدەستدابووە، لەھەمان کاتدا لە سەردەمی ئەودا وڵات لە ئاستێکی باشی گەشەپێداندا بووە و تورکیا وەک ئێستا ڕوبەڕوی قەیرانی ئابووری وسیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەدا نەبوەتەوە.


ھەر لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە کەپاشەکشەی پێکراوە پۆستی سەرۆکوەزیری و سەرۆکی پارتەکەیان لێسەندۆتەوە، لەسەر ھیچ کێشەیەکی گەندەڵی و نایاسایی و تاوانکاری نەبوە ، بەڵکو بەھۆی جیاوازی بیروڕاو ڕەخنەکانی بووە لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان لەڕوی بەڕێوبردنی پارتەکەو سیاسەتە ئابوریاکانی و دانانی کەسە نزیکەکانی لە پۆستە باڵاکان و گۆڕینی سیستمی دەسەڵات بۆ سەرۆکایەتی و لادانی سەرۆک شارەوانیەکان کە بە دەنگی خەڵک ھەڵبژێردراون کە دوایەمینیان لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی ماردین و وان ودیاربەکر بوو .



داود ئۆغلۆ لەناو پارتی داد و گەشەپێدان و لەناوخۆی تورکیاو لە ئاستی یەکێتی ئەوروپاو ئۆپۆزسیۆنیش  بە کەسێکی ھاوسەنگ و میانڕەو سەیر دەکرێت لەناو پەرلەمانی تورکیاشدا سەنگی خۆی ھەیە وھەر ئەو ڕۆژەش کە دەستی لەکار کێشایەوە پێنج ئەندام پەڕلەمانی ئاکەپەی لەگەڵدا بوون . 
ھەرچەند بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی ئێستای ئاکەپە بایەخێکی ئەوتۆ بەم ڕوداوە نادەن ودەڵێن کاریزمایی ئەردوغان زۆر لەوە گەورەترە کە بە داود ئۆغڵۆ و ھاوشێوەکانی زیانی پێ بگات .


بەڵام  بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لە ڕۆژنامە گەورەکانی تورکیاو دەرەوەش لەوبڕوایەدان کە دەستلەکارکێشانەوەی دامەزرێنەران و بەرپرسە باڵاکانی ئاکەپە شتێکی ئاسایی نیە چونکە بێجگە لە داود ئۆغلۆ چەندان کەسایەتی تری وەک عەلی باباجان و عەبدوڵا گوڵ و بەشیر ئەتەلای و چەندان کەسایەتی تری لەگەڵدایە کە ھەمویان خاوەن کەسایەتی گەورەن لەناوخۆی تورکیادا .


پێش داود ئۆغلۆش عەلی باباجان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئاکەپە ڕاگەیاند و بەڵێنی دروستکردنی پارتێکی سیاسی نوێی دا . بەپێی داتاو ڕاپرسییەکان پارتەکەی باباجان دەتوانێت زۆر کاریگەرتر بێت لە پارتەکەی داود ئۆغلۆ چونکە بەپێی نوێترین ڕاپرسی لە ھەڵبژاردنی داھاتودا پارتەکەی داود ئۆغلۆ دەتوانێت ٪ ١-٤ بەدەست بھێنێت ، بەڵام پارتەکەی عەلی باباجان دەتوانێت لە ٪ ٣- ٦ دەنگەکان بەدەست بھێنێت بەڵام بەپێی ڕاپرسیەکی تر لە ئێستادا لە ٪ ٣٠ دەنگ نادەنەوە بە ئاکەپە و پارتەکەی عەلی بباجانیش لە ٪ ١٨ دەھێنێت  ، کە ئەمەش بەمەترسی گەورە ھەژمار دەکرێت بۆ ئایندەی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیادا چونکە لە ھەلبژاردنەکانی پێشودا ئەردوغان و پارتەکەی لە ھیچ ھەڵبژاردنێکدا دەنگی زۆرینەی ھاوڵاتیانیان بەدەست نەھێناوەو لە دوبارە کردنەوەی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵدا ئەو ڕاستیە بە ڕونی دەرکەوت.


لە ئێستادا پارتی داد و گەشەپێدان ڕوبەڕوی کۆمەڵێک قەیران بووەتەوە لە ناوخۆو دەرەوەدا لە ناوخۆدا ڕێژەی ھەڵئاوسان گەیشتۆتە ٪ ١٥ ، ڕێژەی بێکاریش ٪ ١٣ ھەتا ئێستاش بەدەست ئەم قەیرانە ئابوریانەوە دەناڵێنێت و نەیتوانیوە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزیتەوە لەبەر ئەوە ھەمو گەلانی تورکیاو لایەنگرانی ئاکەپەش بەشوێن  کاریزمایەکدا دەگەڕێن بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بە سەرنجدان لە ١٨ ساڵی ڕابردوی دەسەڵات لە تورکیادا ئاکەپە و ھەمو گەلانی تورکیا ئەو ڕاستیە دەانن کە گەشەکردنی ئابوری و بەرزبونەوەی ئاستی بژێوی وبوجەی تاک دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابورییەکانی عەلی باباجان و ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەش دەگەڕایاوە بۆ سیاساتەکانی داود ئۆغلۆو عبدوڵا گوڵ.


بەپێی ئەم زانیاری و گۆڕانکاریانە پایزی ئەمساڵ بۆ ئەردۆغان وپارتی داد و گەشەپێدان وەرزێکی سەخت دەبێت چونکە بەرەوڕوی ڕاگەیاندنی دوو پارتی نوێ دەبن لەلایەن دوو کەسایەتی بەھێز کە لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە بوون و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێزن لە سەرتاسەری تورکیادا،  ئەمەش ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە ڕێ خۆشبکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لەم ھەڵبژاردنەش دا ئاکەپە توشی شکستی چاوەڕوانکراو دەکاتەوەو ئەو کاتەش موشەکەکانی ئێس – ٤٠٠ بەفریای ناکەون.                 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×