حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ بەم رۆژە گەیشت؟

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید
  2019-11-24     499
حکومەت و پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هێزە سیاسییەکان ئەو زنجیرە یەک لەدوای یەکانەن کە هەریەکەیان بەرهەمی لەدایکبوی ئەوی تریانە، هەمو حکومەتێک کەپێکدێت دەرهاویشتەی ئەو پەرلەمانەیە کەهەڵبژێردراوی خەڵکە بەتایبەت ئەگەر سیستەمەکە پەرلەمانی بێت وەک ئەوەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت، تەواوکەری زنجیرەکەکە بریتیە لەو پەرلەمانەی کە لەئەنجامی هەڵبژادنێکی پڕ ساختە و فێڵکردن هاتەکایەوە و بەبەکارهێنانی یاسایەک کە هێزە سیاسییە گەورەکان وەستای دورینی بون پڕ بەبەری خۆیان و هێزە مامناوەندەکانیش بونە شاگردێکی دڵسۆز و هێزە گچکەکانیش بە بێدەسەڵاتی تەماشایان دەکرد.

هەمو ئەمانەش دورنەبون لە چاودێریی هەندێ سەفارەت و کۆنسوڵخانەی وڵاتانی ئیقلیمی و بیانی، حکومەت پێکهات بەڵام بەبێ رێکارە دەستوریەکەی کە دەبێت کوتلەی گەورە دیاری بکرێت، ئەو کوتلە گەورە بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و بەرپرسیارێتی شکست و سەرکەوتنەکانیشی لەئەستۆ بگرێت، هەربۆیە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی حکومەتێکی دەستوری نییە لەڕوی پرەنسیپەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە، بەڵکو حکومەتی تەوافوقی چوار لایەنی خاوەن هەژمونی بەهێزن کە بریتین لە بەشێک لە کورد و دو رەوت لە شیعە و رەوتێک لە هێزە سونییەکان ئەم حکومەتەیان پێکهێنا و هەندێ هێزی مامناوەندیان کردە بەشداری خۆیان و هێزە بچوکەکانیش بونە تاماشاکەرێکی بێدەنگ و هەتا توانای ئەوەیان نەبو ئەم هێزە بچوکانە خۆیان کۆبکەنەوە و رکابەرێکی بەهێز دروست بکەن، بەڵکو بونە تەواوکەری وێنە ناشیرینەکە و هەریەکەیان ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیانەوێت لە رێگەی یەکێک لەو هێزە گەورانەوە بچنە ناو پڕۆسەکە، بەڵکو شتێک لە کێکە خوراوەکەیان بەربکەوێت.

هەر بۆیە عادل عەبدولمەهدی لەو ساتەوە بڕیار و ئیرادەی لەدەست نەما کە رازی بو پۆستێکی هەستیاری پڕ کێشە وەرگرێت، بەبێ فراکسیۆنێکی بەهێز کە تەرجەمەی دیدگا و بۆچونەکانی بکات، یان ئەو بەرنامەی کارەی کە چەند رۆژ خەریکی نوسینی بو بەخۆی و ستافە پڕۆفیشناڵەکەی و پاشانیش هێزە پێکهێنەرەکان رازی بون لەسەری، کە بەدڵنیایەوە بۆ جێبەجێکردن نەبو، بەڵکو تەنها بۆ ئەو مەبەستە بو کە نەدەکرا حکومەت بەبێ بەرنامەی کار دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگینا ئەو هێزانە هەر لەناو هۆڵی پەرلەماندا لەکاتی خوێندنەوەی کارنامەکەی حکومەتدا، بە ئاماژە و ئیشارەت بە عادل عەبدولمەهدییان وت پێویست ناکات بیخوێنیتەوە، چونکە دەیانزانی ئەوان حکومەتیان بۆ خزمەتی خەڵک نییە و بۆ خزمەتی خۆیانە.

لە دوای پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، عادل عەبدولمەهدی دوچاری گرفت و کێشە بو بەوەی نەیدەتوانی ئارەزو و داواکاری هێزە پێکهێنەرەکان رەت بکاتەوە تاکار گەیشتە ئەوەی حکومەت لەبری ئەوەی حکومەتی خەڵک بێت، بو بە حکومەتی چەند لایەنێک.


ئەوەش دەرئەنجامەکەی لەماوەی ساڵێکی حکومەتدا بەپێی شیکاریەکانی لیژنەی پلانی ستراتیژی پەرلەمان: حکومەت تەنها (36٪)ی بەرنامەی کاری جێبەجێکردوە بۆ ساڵێک (هەرچەندە خۆی دەڵێت 79٪ی جێبەجێ کردوە) زیاد لە چوار وەزیر مەلەفیان بۆ کراوەتەوە بۆ لێپرسینەوە و بەخودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، لەخۆپیشاندانیشدا زیاتر لە (300) شەهید و زیاتر لە (15) هەزار بریندار و ژمارەیەک گیراو و هەتا بێسەرو شوێنیش هەیە، لەشەقامێکی سەرەکی بەغدای پایتەخدا و لە شوێنێکی زۆر ئەمیندا و لە نزیک بارەگای دوان لەسێ پۆستە سەرۆکایەتییەکان، بەڕێوەبەرێکی وەزارەتێک کە خەڵک چاوەڕێیە ئاسایشیان بپارێزێت دەفڕێنرێت بە رۆژی روناک.

بۆیە تەنها چارەسەر ئەوەیە بە زنجیرەکەی سەرەتادا بڕۆینەوە و یەک لەدوای یەک هەڵیان بوەشێنینەوە تا دەگەینە ئەو ئاستەی کە دەکرێت بڵێین لەهەوڵی چاکسازیداین ئەگەرنا ئەوەی ئێستا پەرلەمان و حکومەت دەیکەن جگە لە پینەو پەڕۆکردن هیچی ترنییە و پەردەپۆشی شکستەکانە و هەرگیز شەقامی ناڕازی قەبوڵی ناکات، خۆلادان لێی کات بەفیڕۆدانە، بارودۆخەکە زیاتر دەئاڵۆسکێت و بژاردەکان زۆرتر دەبن.

لەهەموی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئێمەی نوێنەرانی خەڵک ئەو راستیە بزانین کە ئەگەر جەماوەر بەیاسایەکی خوارو خێچ ئێمەی کردوە بەنوێنەری خۆی، دەتوانێت بە خۆپیشاندان لە نوێنەرایەتیمان بخات و ئەو حکومەتەی بەدەنگی ئێمە دروست بوە، جەماوەر شەرعیەتی لێبسەنێتەوە و ئەو کۆمسیۆنەی دەسەڵاتی وەکالەت وەرگرتنی هەبوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکە مافی بریکاربونیان لێ وەرگیرێتەوە و بە کوردیی کرمانجی دەبێت:

1- حکومەت هەڵبوەشێتەوە و لەبری ئەوە حکومەتێکی کاربەڕێکەر هەبێت بۆ ماوەی شەش مانگ.

2- پەرلەمان لەماوەی ئەو شەش مانگەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکات بەشێوەیەکی گونجاو و لەبەرژەوەندی پڕۆسەکە بێت بەسەرپەرشتی شارەزایانی نێودەوڵەتی.

3- هەڵبژاردنی پێشوەخت کە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا ئەنجام بدرێت بەسەرپەرشتی دادوەران و ویلاتە یەکگرتوەکان.


4- بابەتی هەمواری دەستور بخرێتە خولی تازە و لیژنەی تایبەتی بۆ پێکبهێنرێت.

5- حکومەتی ئایندە حکومەتی زۆرینەی سیاسی بێت و ئۆپۆزسیۆنێکی کارامە رکابەری حکومەت بکات و پێکهێنەرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن تێکەڵەیەک بن لە نەتەوەی جیاواز و ئاین و ئاینزاو مەزهەبەکان.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×