سەرۆکی لە کار لادراوی شارەوانی دیاربەکر وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
  2019-08-25       2457       
عەدنان سەلچوک مزراکلی سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر، کە بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و کەسێکی دیکە بە قەییم لە جێگەی دانرا، وەڵامی قسەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای دایەوە کە وتبوی ''ئێمە ناتوانین تەماشاکەر بین لە بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو پارانەی لە ڕێگەی باجەوە لە خەڵکی کۆدەکرێتەوە لە بری ئەو بۆ خەڵکی خەرج بکەن دەینێرن بۆ قەندیل''.

ئاوێنه‌: مزراکلی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، وتی ''ئەو شتانەی کە دەیڵێن پێویستە لە ڕاستیدا بەرامبەری هەبێت. لە بارودۆخێکدان کە پێویستە ئەو شتانەی دەیڵێن هەم لە ڕووی ڕێکارەکان و هەم وەک بەڵگەی پێویست بسەلمێنن. ئێمە لەو کاتەوەی هەڵبژێردراوین دەڵێین ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر بە هەموو بەرد و خاک و دار و مرۆڤی ئەم شارە و بەو هەستەوە دەستمان بە ئەرکەکانمان کردووە. ئێمە هەموو کار و ئەرکەکانمان بە پێی یاسا ئەنجام دراوە. ئەو کار و چالاکییانەی لە لایەن شارەوانییەکانی دیاربەکر و وان و ماردینەوە ئەنجام دراون لە کاتی ئەنجامدانیاندا لە کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆدا دەردەکەون و لێکۆڵینەوە لێ دەکرێت. تەنانەت ئەگەر تەنها یەک قوروش کاری هەڵە ئەنجام بدەین لەوێدا دەردەکەوێت''.

مزراکلی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە تەنها لە ماوەی چوار مانگ و نیوی کارەکانیاندا بڕی ٧٣ ملیۆن قەرزی سەر شارەوانی دیاربەکریان داوەتەوە، و وتی: ''هەموو ئایینە حەقەکان دەڵێن ‘بوختان بۆ خەڵکی هەڵمەبەستن’. دەڵێن ‘بوختان لە تاوانە گەورەکانە’. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بوختان بۆ کەسێکی دیکە هەڵبەستێت. پێویستە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پیشان نەدەن. ئەگەر تەنها یەک قوروش لە پارەی ئەم شارە بۆ کاری ناحەق خەرج بکرێت خودا سزای من بدات لەسەری. بەڵام لە حاڵەتێکدا کە شتی وەها ئەنجام نەدراوە و بوختانمان بۆ هەڵدەبەسترێت ئەوکات خودا سزای ئەوان بدات. هەموو ئەو کارانەی ئەنجام دراون بە بەڵگە لەبەردەستدان. چیتر تورکیا ناتوانێت بەم جۆرە ڕێکارە ناحەقی و نایاساییانەوە بەرەو پێش بڕوات''.

مزراکلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ''ئەگەر ئێمە بمانەوێت پێکەوە بژین دەبێت هەبوونی ئێمە قبوڵ بکەن. ئێمە بەردەوام شەڕی ئەوەمان کردووە کە پێکەوە لە تورکیادا لەسەر بنەمای پێکەوەژیان هەموومان پێکەوە بژین و بەردەوام لە چوارچێوەی دادپەروەری و حەقانیەت هەوڵمان بۆ ئەوە داوە. مافێکی زۆر سرووشتی خۆمانە کە چاوەڕێی ئەوە لە دەسەڵات بکەین پابەندی یاسا بن و پابەندی بەهاکانی دیموکراسی بن. ئەو بارودۆخانەی لە دەستووردا باس کراوە لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر ڕوونن. مافەکانی خۆمان دەزانین و تا کۆتایی هەموو مافێکی خۆمان بەکار دەهێنین. ئێمەی کورد بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە بەشداریمان لە هەموو قۆناغێکی ئەم وڵاتەدا کردووە و وەک هاوڵاتییەک کە مافی دیاریکردنی داهاتوومان هەبێت ئیرادەی خۆمان دەخەینەڕوو. سەرەڕای هەموو کارە نایاساییەکانی کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجام دران بە ڕێژەیەکی بەرزی ئیرادەی خەڵکی ئێمە هەڵبژێردراین. بەڵام ئەگەر کەسانێک بێن و بڵێن ‘حساب بۆ ئیرادەی ئێوە ناکەین’ ئەوکات مافی هاوڵاتی بوونی دەستووری ئێمە پێشێل دەکەن و هەر خۆشیان دەبن دۆڕاو لەو کارەیاندا''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×