چاوپێکەوتنێکی پوتین، جێی بایەخی هەموو جیهانە
  2024-02-10       1458       

ئا: ئاوێنە

 

چاوپێکەوتنەکەی تەکەر کارلسۆن، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمریکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا کە دوو کاتژمێری خایاند، کاردانەوەی بەرفراوانی سیاسەتمەداران و ناوە دیارەکانی میدیاکانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە، ئەمە یەکەم چاوپێکەوتنی پۆتینە لەگەڵ میدیایەکی ڕۆژئاوا، لەو کاتەوەی روسیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ شەڕی دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

 

ئەم چاوپێکەوتنە، بەر لەئەنجامدانیشی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک تەکەر کارلسۆن لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X ریکلامی بۆ کرد، لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمیشدا کە چاوپێکەوتنەکە بڵاوکرایەوە، تەکەر کارلسۆن بوو بەبەناوبانگترین کەسایەتی میدیایی ئەمریکی، لەبەرئەوەی ئەم چاوپێکەوتنە بەسەدان ملیۆن بینەری هەبوو لەسەرتاسەری جیهاندا.

هەرچەندە هەندێک لەمیدیا دیارو میدیاکارە جیهانیەکان رەخنەی ئەوەیان لەتەکەر کارلسۆن گرت کە پوتین چاوپێکەوتنەکەی وەک سەکۆیەک بۆ ریکلام‌و پڕوپاگەندەکردن بۆ خۆی بەکارهێناوەو وێنەیەکی وای گەیاندوە بەوەرگر کە لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەپێناوی "بەرگریکردن لەروسیا" بووە.

پۆتین لەسەرەتای چاوپیکەوتنەکەدا وتی "ئەتەوێ چاوپێکەوتنێکی نمایشی بکەین یان گفتوگۆیەکی راستەقینە؟"، ئەم پرسیارە بووە مایەی پێکەنینی تاکەر کارلسۆن‌و پوتین داوای لێکرد سی چرکە گوێی لێبگرێ پێشینەی مێژووی دروستبوونی ئۆکرانیا کە قەوارەیەکی دروستکراوی سەردەمی ستالینە باس بکات، بەڵام قسەکانی نزیکەی ٣٠ خولەکی بەردەوامی خایاند، کە وردەکاریی مێژووی روسیاو چۆنیەتی دروستبوونی کۆماری ئۆکرانیاو پۆڵەنداو لیتوانیاو لاتیڤیای گێڕایەوە.

 

پاشان چەندین پرسی گرنگی سەبارەت بەجەنگی ئۆکرانیاو ناتۆو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاو پۆڵەنداو ئەڵمانیاو چین ورژاند، لێرەدا گرنگترین ئەو خالانە دەخەینەڕوو کە پۆتین لەم چاوپێکەوتنەدا ورژاندنی:

 

دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا

پۆتین: درەنگ یان زوو روسیاو ئۆکرانیا دەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام ڕوسیا هێشتا ئامانجەکانی لەئۆکرانیا بەدەستنەهێناوە کە بنبڕکردنی نازیزم‌و نازییەکانە، ئۆکرانیا قەوارەیەکی دەستکردە کە لە سەردەمی ستالینیزمدا دامەزراوە، ئۆکرانیا لەسەر داوای ستالین دروست بووەو پێش ساڵی ١٩٢٢ بوونی نەبووە، کاتێک یەکێتی سۆڤیەت دامەزرا، ئۆکرانیای سۆڤیەت زەوییەکی زۆری بەدەستهێنا لەسەر کەنارەکانی دەریای ڕەش، پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ ئۆکرانیا پەیوەندییەکی مێژووییەو زمان و رەگەزو ئایین بەیەکیانەوە دەبەستێت.

دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت‌و سەربەخۆیی ئۆکرانیا، گەڕان بەدوای ناسنامەی دەوڵەت دەستیپێکرد و بڕیاریاندا کەسانێک کە هاوکاری هیتلەریان کردووە، وەک هێمای نەتەوەیی وەربگرن، کەسانێکیان وەک باندێرا کە هاوکاری نازیزمیان دەکرد، کردە سیمبولی نەتەوەیی و شکۆمەندی خۆیان. دەبێت ئەو کەسانەی بیرۆکەی نازییان هەیە لەناوببرێن.

ڕۆژئاوا هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیایان ڕەتکردەوە کاتێک یەنیکۆڤیچ سەرکەوت، سی ئای ئەی ڕاستەوخۆ کودەتاکەی لەئۆکرانیا ڕێکخست، ئەڵمانیا و فەرەنساو پۆڵەندا گەرەنتی ڕێککەوتنی یانکۆڤیچ و ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام ڕەتیانکردەوە. زێلێنسکی بەڵێنی بەدەنگدەرانی ئۆکرانیا دا کە ئاشتی بهێنێت، بەڵام کاتێک هاتە سەر دەسەڵات بەڵێنەکەی شکاند. زێلێنسکی خۆی بە سەرۆکی ئۆکرانیا دەزانێت، بەڵام تەنها ئەو کارە دەکات کە ئەمریکا پێیدەڵێت بیکات. ئۆکرانیا دەوڵەتێکی سەر بە ئەمریکایە.

هاوپەیمانی تاوانکاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لە دژی خەڵکی دۆنباس هەبوو و ناچار بووین بیانپارێزین، چەند جارێک لەگەڵ واشنتۆن قسەمان کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕابگیرێت و ڕێککەوتنەکانی مینسک جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە.

ئێمە پێشنیارمان کرد کە لە ڕێگەی ئاشتیانە بگەینە چارەسەرێک سەبارەت بە ئۆکرانیا، بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتین، ئەوانیش بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ڕووسەکان. پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لەگەڵ بایدن قسەم کرد و لەو کاتەدا پێم گوت کە ئێوە هەڵەیەکی مێژوویی گەورە دەکەن بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بە چەک. پێویستە ڕۆژئاوا واز لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بهێنێت و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بابەتەکە کۆتایی دێت پێویست ناکات ئەمریکا لە ئۆکرانیا شەڕ بکات و باشترە لەگەڵ روسیا ڕێکبکەوێت. تێناگەم بۆچی سەربازانی ئەمریکا لە ئۆکرانیا شەڕ بکەن لەکاتێکدا هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە؟!

ئێمە دانوستان ڕەت ناکەینەوە، بەڵام ئۆکرانیا ئەوەی ئەمریکا داوای دەکات جێبەجێی دەکات و ئامادە نییە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت‌، تەنها شەیتان دەزانێت بۆچی زێلێنسکی لەدانوستانەکانی لەگەڵ روسیا کشایەوە. بۆریس جۆنسن ئۆکرانیای ڕازی کرد کە درێژە بەشەڕەکە بدات و لە دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ بکشێتەوە.

 

دەربارەی پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ ئەمەریکاو ئەوروپاو چین

پۆتین: ڕۆژئاوا هەرگیز سەرکەوتوو نابێت لەگەیاندنی "شکستێکی ستراتیژی" بەسەر روسیادا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە لە فراوانکردنی شەڕەکە بۆ وڵاتانی دیکەی ناتۆ، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر پۆڵەنداو لاتڤیا، مەگەر "پۆڵەندا هێرش بکاتە سەر روسیا.

شەڕی ئۆکرانیا بە سەرکەوتنی سەربازی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا کۆتایی دێت و ئێمە ئامادەین بۆ ئەم گفتوگۆیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو سی ئای ئەی لەپشت ڕووداوی شکانی هێڵی غازی نۆردستریم-ن لە کەنارەکانی سویدو دانیمارک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکا سوودمەندە لە بڕینی هێڵی غاز.

پێشنیارمان کرد کە روسیا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بچێتە ناو ناتۆ، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە، لەبەرئەوەی ترسیان لە ڕوسیا هەبوو وەک وڵاتێکی گەورەو بەهێز.

ئەمریکییەکان بەڵێنیان دا کە ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات تەنانەت یەک ئینجیش فراوان نەکەن، بەڵام ٥ جار فراوانتر بوو. ناتۆ ژێرخانی سەربازی لە کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت جێگیر کردووە.

سەردانی ئەمریکام کردو پێشنیاری دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی هاوبەش‌و یەکگرتووم لەگەڵ واشنتۆن کرد، بەڵام رەتیانکردەوە.

زانیاریمان هەیە کە ئەمریکا پشتیوانی تیرۆریستانی لە روسیا کردووە و بە ئۆپۆزسیۆنی زانیوە. ئەمریکا پاڵپشتی جوداخوازانی قەفقاز دەکرد و چەکی بۆ تیرۆریستان دابین دەکرد.

ڕۆژئاوا ئامانجی لاوازکردنی روسیایە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، واشنتۆن سیاسەتی سزادانی دژی روسیای گرتەبەر. ئەمریکا هەوڵ دەدات روسیا دابەش بکات بەسەر قەوارەی بچووکدا بۆ ئەوەی دژی چین بەکاری بهێنێت. ڕۆژئاوا زیاتر لە چینێکی بەهێز دەترسێت لەوەی لە روسیایەکی بەهێز بترسێت.

ئێمە و چین دراوسێین و چەندین سەدە پێکەوە ژیانمان بەسەربردوەو سیاسەتی دەرەوەی پەکینیش شەڕانگێزی نییە.

پشکی دۆلار لەبازرگانی دەرەکی روسیا بۆ ١٣% دابەزیوە لە کاتێکدا پشکی یوانی چینی بۆ ٣٤% بەرزبووەتەوە. ئاڵوگۆڕی نێوان روسیا و چین ٢٣٠ یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئابوری چین بووەتە ژمارە یەک لە جیهاندا و لە مێژە ئەمریکای تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ئابوری روسیا لە ئەوروپادا پلەی یەکەمە.

هاوکاری چین لەگەڵ ئەوروپا زیاتر لە هاوکاری چین لەگەڵ ئێمە گەشە دەکات و سنووردارکردنی هاوکارییەکانی ئەوروپا لەگەڵ پەکین زیانیان پێدەگەیەنێت.

 روسیا ئامادەیە لە ڕێگەی بۆری “نۆرد ستریم-2”ەوە غاز بۆ ئەوروپا دابین بکات، بەڵام ئەڵمانیا نایەوێت، ئەڵمانیا پارە و چەک بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات و لەدوای واشنتۆن لەپلەی دووەمدایە.

ئەمریکا وڵاتێکی ئاڵۆزە و بە خێرایی لە گۆڕاندایە، ئەمریکا وڵاتێکی ئاڵۆزە و ئاسان نییە بزانین کێ بڕیارەکانی تێدا دەدات.

جیهان لە گۆڕاندایە، بەبێ گوێدانە شەڕی ئۆکرانیا، ئەمریکاش بەرەو خراپتر دەچێت و پێگەی خۆی لە جیهاندا لەدەست دەدات. ئەمریکا بە بەکارهێنانی هێز هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ گۆڕانی جیهاندا بگونجێنێت. بەکارهێنانی دۆلار وەک ئامرازێک لە ململانێی سیاسیدا یەکێکە لە هەڵە ستراتیژییە گەورەکانی سەرکردایەتی ئەمریکا. دەبێت جیهان یەکگرتوو بێت و ئاسایش هاوبەش بێت و تەنها خزمەت بە یەک لایەن نەکات. زۆر ئاماژەی نیازپاکیمان بەرامبەر ئەمریکا کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان بۆ ئەمە وەرنەگرتوەتەوە.

ناتوانرێت ڕێگری لە داهێنانەکانی ئیلۆن ماسک بکرێت، بەڵکو دەبێت لێکتێگەیشتنێک لەگەڵیدا بکرێت، ماسک بێ ئەندازە زیرەک‌و بەتوانایە، پێویستە لەسەر زیرەکی دەستکرد و میکانیزمەکانی بەکارهێنانی بگەینە ڕێککەوتنێکی جیهانی.

ئێمە هەوڵدەدەین ئایندەیەکی گەش بۆ منداڵەکانمان لەسەر بنەمای داب و نەریتی خێزانی و بەهاکان بنیات بنێین، چونکە گەشەسەندنی مرۆڤایەتی لە گەشەسەندنی دەروونییەوە دەست پێدەکات، کولتوری ئێمە لەسەر بنەمای ڕۆحی ڕووسییە، بە پێچەوانەی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی کە پراگماتیکترە.

ئەستەمە لە شەڕی پڕوپاگەندەی ئەمریکادا سەرکەوتن بەدەستبهێنین، چونکە ئەمەریکا هەموو میدیاکانی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×