پارێزگاری بانكی ناوەندی: ئەمریكا چاو بە سزاكانی سەر بانكە عێراقییەكاندا دەخشێنێتەوە
  2024-03-14       183       

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بونی "بازرگانیی نایاسایی" هۆكاری ناجێگریی بەهای دۆلارە، دەشڵێت، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رێككەوتون بۆ چاوخشاندنەوە بەو سزایانەی كە بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە بانكە نێوخۆییەكانی عێراقدا سەپێندراون.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەكەیان میواندریی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقی كردوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا چەند دۆسیەیەكی گرنگ تاوتوێ كراون، لەوانە: رێكارەكانی چارەسەركردنی جیاوازی گەورەی نێوان نرخی رەسمی دۆلارو نرخەكەی لە بازاڕەكاندا، حەوڵە دەرەكییەكان لەڕیگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە، سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەسەر ژمارەیەك لە بانكە نێوخۆییەكانی عێراق، پلانەكانی داهاتو بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی سیستمی بانكی لە عێراق و فراوانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان، داڕشتنەوەی پێكهاتەی بانكەكان، روكردنە پارەدانی ئەلیكترۆنی و ئەگەری هەمواركردنی یاسای بانكی ناوەندی.

لە كۆبونەوەكەدا عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان وتویەتی، چاومان لە هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوامە لەگەڵ بانكی ناوەندیی لەپێناو بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكانی نێوخۆ.

لای خۆیشییەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆبونەوەكەدا رێسای بنەڕەتییان لەپێناو چاودێریكردنی پڕۆسەی حەواڵە دەرەكی و نێوخۆییەكان داناون و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ناجێگیریی بەهای دۆلار هۆكارەكەی بونی بازرگانیی نایاساییە كە هەندێك لە بازرگانانی بچوك پێی هەڵدەستن لەڕێگەی كشاندنەوەی دۆلاری كاش لە بازاڕەكان.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا عەلی عەلاق وتویەتی، ئەو سزا دەرەكییانەی كە بەسەر بەشێكی زۆری بانكە نێوخۆییەكانماندا سەپێندراون، بونەتە رێگر لەبەردەم هەوڵ و پلانەكان بۆ كردنەوەی هێڵی پەیوەندیی لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییە باوەڕپێكراوەكاندا.

پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەشداوە هەماهەنگێیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە بۆ جێبەجێكردنی پلانی رێكخستنی بازرگانی دەرەكی و كۆبونەوەی بەردەوامیشیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هەیەو رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە چاو بە سزاكانی سەر بانكە نێوخۆییەكانی عێراقدا بخشێنرێتەوەو لەداهاتوشدا نابێت ئەو جۆرە بڕیارانەی سەپاندنی سزا بەبێ گفتوگۆكردن و ئاگاداكردنەوەی بانكی ناوەندی بەسەر بانكە عێراقییەكاندا بسەپێنرێن.

عەلی عەلاق وتوشیەتی، پڕۆسەی چاپكردنی دراوی عێراق بەگوێرەی پاڵپشتییەكی دارایی پێویست بەڕێوەدەچێت بەشێوەیەك كە هاوسەنگی نێوان دراوی ناوخۆیی و دراوە بیانییەكان بپارێزێت و رێگری لە رودانی هەر هەڵاوسانێكی دارایی بگرێت.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×