عێراق و توركیا: پەكەكە هەڕەشەی ئەمنییە بۆ سەر هەردو وڵات
  2024-03-15       399       

عێراق و توركیا لە راگەیەندراوی هاوبەشیی كۆبونەوەی ئەمنیی نێوانیاندا دەڵێن، پەكەكە "هەڕەشەی ئەمنییە" بۆ سەر هەردو وڵات و بونیشی لەنێو خاكی عێراق "پێشێلكردن"ی دەستوری عێراقە.  توركیا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەكات كە پەكەكەی وەك رێكخراوێكی قەدەغەكراو لە عێراق ناساندوەو هەردولاش تاوتوێی ئەو رێكارانەیان كرد كە پێویستە دژی پەكەكە بگیرێنەبەر.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەی هاوبەشی كاری ئەمنیی عێراق و توركیادا كە لە بەغدا بەڕێوەچوە، لە لایەنی عێراقی هەریەكە لە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێم و بریكاری دەزگای هەواڵگری عێراقی و لەلایەنی توركیش هەریەكە لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەزگای میت و بریكاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئامادە بون.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق كراوە كە بڕیارە پاش مانگی رەمەزان ئەنجام بدرێت و سەردانەكەش بە "مێژویی" ناوبراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردولا رێككەوتن لەسەر دروستكردنی چوارچێوەیەكی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەكان ئەوەش لە رێگەی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنەوە كە بڕیارە ئامادەی بكەن و لەو بارەیەشەوە بڕیاردرا بە دروستكردنی چەند لیژنەیەكی هاوبەشی هەمیشەیی كە لە بوارەكانی "روبەڕوبونەوەی تیرۆر"، هەروەها بازرگانی، كشتوكاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوەدا كاربكەن.

هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، كۆبونەوەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەو گرنگییەی كە بە یەكێتی عێراق لەڕوی سیاسی و سەروەریی و پاراستنی خاكەكەی دەدرێت.

هەروەها لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا هاتوە، "هەردولا جەختیان كردەوە كە رێكخراوی پەكەكە هەڕەشەی ئەمنییە بۆ سەر هەریەكە لە توركیاو عێراق، بەدڵنیاییش بونی ئەم رێكخراوە لەنێو خاكی عێراق، پێشێلكردنی دەستوری عێراقییە."

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"توركیا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق كرد بۆ ناساندنی پەكەكە وەك رێكخراوی قەدەغەكراو لە عێراق، هەردولاش تاوتوێی ئەو رێكارانەیان كرد كە دەبێت لەدژی پەكەكەو درێژكراوە قەدەغەكراوەكانی بگیرێنەبەر كە ئەو رێكخراوە لەڕێگەی بەكارهێنانی خاكی عێراقەوە توركیا دەكاتە ئامانج."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا هاتوە، هەردولا باسیان لەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانە كرد كە ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت بەتایبەت "شەڕو كۆمەڵكوژیی لە غەززە و تاوتوێی رێگەكانی پشتیوانیكردنی پرسی فەلەستین كرا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆتاییشدا هەردولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە كۆبونەوەو پەیوەندییەكان لەسەر ئەو پرسانەی باسكراون.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×