فراكسیۆنی پارتی داوای "هەڵوێست" و پێشنیاری "دەستلەكاركێشانەوە" بۆ سەرۆك كۆمار دەكات
  2024-03-30       945       

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە لەم دۆخەدا سەرۆك كۆمار دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە قازانجی هەرێمی كوردستان و دەتوانێت بە دو ڕێگە دادگای فیدڕاڵی بێنێتەوە سەر "ڕێگە ڕاستەكەی" ئەویش بە نشاندانی هەڵوێست كە لەئەگەری نەبونی بەدەمەوە هاتن ئەوا "پێویستە بە فەرمی دەست لەكار بكێشێتەوە."

ئاوێنە: مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە نوسینێكدا لەژێر ناونیشانی "بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق: واز لە موسەكین بێنەو هەڵوێستە راستەقینەكە بنوێنێنە" لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"ئەوەی لەم دۆخەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت باڵانسی زۆربەی كێشەكان لە قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێنێتەوە، بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراقە، ئەو پارێزەری دەستورەو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕێگری لە هەر لایەك بكات لەوانەی كە دژایەتیی كورد و كوردستان دەكەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرۆك كۆمار دەتوانێت بە دو ڕێگە دادگای فیدڕاڵی بێنێتەوە سەر "ڕێگە ڕاستەكەی" كە بە بڕوای ئەو رێگەی یەكەم ئەوەیە كە سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەك دەربكات و داوا بكات لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو بڕگەیەی كارنامەی حكومەتەكەی سودانی جێبەجێ بكرێت كە بریتییە لە ناردنی پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی بۆ پەرلەمان و دەرچواندنی لەماوەی شەش مانگ لەدوای پێكهێنانی حكومەت، ئەگەر نا هەڵوێست وەردەگرێت.

بەبڕوای جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، رێگەی دوەمیش ئەوەیە كە "ئەگەر بەدەمەوەهاتن نەبو، ئەوا بە ڕای ئێمە، مرۆڤ شەرمە لە پۆستێكدا بێت كە كەس حیسابی بۆ نەكات، بۆیە پێویستە بە فەرمی دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەوكات كەسیش گلەیی لێ ناكات."

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختی كردۆتەوە كە "جگە لەم دو چارەسەرە، ڕێگەی سێیەم لەبەردەم سەرۆك كۆماردا نییە، پێشوازیكردن لە تەیف سامی و تەلەفۆنكردن لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، موسەكینەو دەردەكە چارە ناكات!"

دەقی نوسینەكەی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی:

بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق: واز لە موسەكین بێنە و هەڵوێستە راستەقینەكە بنوێنێنە

بەڕێزان هەروەك دەزانن پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كوردە لە عێراقدا، پێویستیشە پێش ئەوەی بخرێتە خزمەت كۆی عێراقییەكان، ئەو پۆستە بخرێتە خزمەت مافەكانی كورد و هەرێمی كوردستان لە وڵاتەكەدا!

بەداخەوە كورد بەپێی پێویست سودی لەم پۆستە نەبینیوە، بگرە زۆرجار ئەو پۆستە بۆتە بارێكی گران بەسەر شانی هەرێمی كوردستانەوە و یەك دوانێك لەوانەی بونە سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر حیسابی كورد، بەداخەوە نەك هەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەوەستان، بەڵكو لەگەڵ شۆڤێنییەكان و هەندێك لە عەرەبە شیعەكان، پیلانگێڕییان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد.

ئێستا بارودۆخی عێراق رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبون دەچێت، لەگەڵیشیدا شۆڤێنییەكان و هەندێك لە عەرەبە شیعەكان، بەمەبەستی لابردنی سەرنجی رای گشتیی عێراقی لەسەر شكستەكانیان و تاڵانكارییەكانیان لە داهاتی وڵاتەكەدا، بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن! بە ڕادەیەك كە بەداخەوە خەریكە لە ڕێگەی هەندێك دامەزراوەی عێراقەوە پێچەوانەی هەمو ڕێككەوتن و عورف و یاساكان و پێچەوانەی دەستور، هەوڵی لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەدەن!

لەم ماوەیەدا و بە تایبەتیش لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، پرۆسەی تەعریبكردنی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لوتكە، ماددەی 140ی دەستور بەتەواوی پشتگوێخراوە، ڕێگە نادرێت هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، كار بۆ لاوازكردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمەكەمان دەكرێت، لە بەغداوە هەوڵی نانەوەی دوبەرەكی لەنێوماڵی كوردستان دەدرێت، گەندەڵیی لە عێراق گەیشتۆتە لوتكە، وڵاتەكە پڕكراوە لە میلیشیای سەر بە وڵاتێكی دراوسێ! سیستەمی فیدڕاڵی بە تەواوی دژایەتی دەكرێ و هانی ناوەندگەرایی دەدرێت! هۆكاری بەشی هەرەزۆری ئەم كێشانەش لەوەوە سەرچاوەیان گرتوە كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق (لە ڕوانگەی ئێمە) وەك دادگایەكی بێلایەن رەفتار ناكات و بڕیارەكانی لە ڕوانگەی دوژمنایەتیكردنی كوردەوە سەرچاوە دەگرێت!

ئەوەی لەم دۆخەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت باڵانسی زۆربەی كێشەكان لە قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێنێتەوە، بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراقە، ئەو پارێزەری دەستورەو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕێگری لە هەر لایەك بكات لەوانەی كە دژایەتیی كورد و كوردستان دەكەن. بۆیە سەرۆك كۆمار دەتوانێت بە یەكێك لەم دو ڕێگەیە، دادگای فیدڕاڵی بێنێتەوە سەر ڕێگە ڕاستەكەی:

یەكەم: ئەوكاتەی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی پێكهات، كارنامەی حكومەتەكەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، هاوكات ئەو وەرەقە سیاسییەش دەنگی لەسەر درا كە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتەوە (كە هەمویان حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقن) واژۆی لەسەر كرابو. لە پەرلەمان وەرەقە سیاسییەكەش هاوشێوەی كارنامەكەی سودانی دەنگی لەسەر درا، ئەمەش مانای وایە كە بو بە بەشێك لە كارنامەی حكومەتەكەی سودانی. یەكێك لە خاڵەكانی ئەو كارنامەیە ئەوەبو كە دەبوایە لە ماوەی شەش مانگ پاش دروستكردنی حكومەتی عێراق، پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق و دەربچوێندرێت، چونكە ئەو دادگایەی ئێستا هەیە، بەپێی دەستور دروست نەبوە.

ئێمە بە پێویستی دەزانین بەڕێز سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەك دەربكات و داوا بكات لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆ نمونە (دو مانگ) ئەو بڕگەیەی كارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بكرێت، ئەگینا هەڵوێست وەردەگرێت. ئەمەش لەبەر خاتری گەل و هەرێمەكەی چونكە ئەگەر كورد نەبوایە، بەڕێز سەرۆك كۆمار كۆشكی سەلامیشی نەدەبینی!

دوەم: ئەگەر بەدەمەوەهاتن نەبو، ئەوا بە ڕای ئێمە، مرۆڤ شەرمە لە پۆستێكدا بێت كە كەس حیسابی بۆ نەكات، بۆیە پێویستە بە فەرمی دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەوكات كەسیش گلەیی لێ ناكات!

جگە لەم دو چارەسەرە، ڕێگەی سێیەم لەبەردەم سەرۆك كۆماردا نییە، پێشوازیكردن لە تەیف سامی و تەلەفۆنكردن لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، موسەكینە و دەردەكە چارە ناكات!

مەریوان قەرەنی

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٩ی ئاداری ٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×