بارزانی: هەڵبژاردنێك بەئەجیندای دەرەكی‌ بەڕێوەبچێت، تەعبیر لەئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران ناكات
  2024-03-30       569       
مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان

مەسعود بارزانی ڕایگه‌یاند، "هەڵبژاردنێك كە بەئەجیندای دەرەكی‌و بەدەستوەردانی نایاسایی‌و نادەستوری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت، هیچ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی ناهێنێت‌و تەعبیر لەئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران ناكات".

ئاوێنه‌: باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، "ڕۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 لەسەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لەئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق كردووه‌. لەدیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان".

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، "باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق ئەوەی خستۆتەڕو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت."

لای‌ خۆیه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمەریكای كردوه‌و ئاماژەی بەوەداوه‌ كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بووە، "بەڵام لایەنەكانی تر دوو ساڵ بەربەست بوون لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان."

بارزانی‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەرو ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت."

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت، "بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لەئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دور بێت لەدەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی، بەجۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لەبەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە."

مه‌سعود بارزانی‌ جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ ناكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان و په‌رلەمانێك پێكبهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون. 

به‌وته‌ی‌ بارزانی، گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە، بەڵكو بڕینی قوت و موچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان.

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ڕاشیگەیاندووه‌ "ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لەخزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بەدەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟"

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ باره‌گای‌ بارزانیدا هاتووه‌، "هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كردووه‌ كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەردو شەفاف و یاسایی و دوور لەهەر جۆرە دەستوەردانێك بن."

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌.

به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان نیگه‌رانه‌ له‌یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراقه‌وه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ردراوه‌.

به‌گوێره‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق، ھەرێمی‌ كوردستان کراوەتە چوار بازنەی هه‌ڵبژاردن‌، هه‌روه‌ها كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە، 34 کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، 38 کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 25 کورسی بۆ پارێزگای دھۆک‌و سێ کورسیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت. هاوكات 11 كورسی‌ كۆتای‌ توركمان‌و مه‌سیحییه‌كان لابراوه‌.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×