دەمپارتی: تانەمان لە بڕیاری نەدانی پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان بە كاندیدە سەركەوتوەكەمان دا
  2024-04-02       397       

دەمپارتی ڕایگەیاند، نەدانی مەرسومی سەرکەوتن بە عەبدوڵا زەیدان، كاندیدی حزبەكەیان كە براوەی هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی وان بوە، "درێژەدانە بە کودەتای سیاسی"و تانەشیان لە بڕیارەکە داوە.

ئاوێنە: دەمپارتی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرەڕای ئەوەی کاندیدەکەیان زۆرینەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی شارەوانی وان هێناوە، کەچی دەستەی هەڵبژاردن مەرسومی شارەوانی وانی ڕادەستی کاندیدی ئاکەپە كردوە.

وتوشیەتی، ئەم بڕیارە درێژەدانە بە کودەتای سیاسی و قبوڵنەکردنی ئیرادەی گەلە.

ئاشكراشیكردوە، پارێزەرانمان تانەیان لەو بڕیارە داوە، ئێمە داوا لە دەستەی باڵای هەڵبژاردن دەکەین کە کۆتایی بەم کارە نایاساییە بهێنێت و دان بە ئیرادەی گەلەکەماندا بنێت، پارتەکەمان، ئەندامەکانمان و گەلەکەمان لەسەر پێن، تا ئەم بێ یاساییە کۆتایی پێدێت بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دیموکراسییانە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ، دەستەی هەڵبژاردن لە شاری وان، بڕیاریدا پۆستی گەورە شارەوانی وان، لە عەبدوڵا زێدان، کاندیدی سەرکەوتوی دەمپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی مانگی ڕابردو وەربگرێتەوە و لە جێی ئەوە پۆستەكە بدرێت بە عەبدوڵا ئارڤاس، کاندیدی شکستخواردوی ئاکەپە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×