فراكسیۆنی پارتی: پێویسته‌ یاسای بودجه‌ هه‌مواربكرێت و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بخرێته‌ سه‌ر بودجه‌ی حاكیمه‌
  2024-04-06       335       

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە دوای جەژن یاسای بودجەی عێراق هەمواربكرێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە.

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وت، لەدوای رێككەوتنی بەغداو هەرێم لەسەر موچە، پێویستە یاسای بودجەی گشتی عێراق ھەموار بکرێتەوە لەبەر ئەوەی بودجەکە بۆ سێ ساڵە، بۆیە پێویستە موچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە و لەپەرلەمانیش پەسەند بکرێت و  پێویستە دوای جەژنی ڕەمەزانیش یاسایی بودجە ھەموار بکرێت.

ڤیان سەبری وتیشی: "پڕۆسەی ناردنی موچە لەبەغدا زۆر رێکاری پێویستە تاوەکو دەگاتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە ئەوکات کێشەی ناردنی موچە نامێنێت، بۆیە پێویستە سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتایبەت فراکسیۆنە کوردییەکان پاڵپشتی لەوە بکەن بۆ ئەوەی یاسای بودجە ھەمواربکرێتەوە و موچەی مانگانە لە کاتی خۆی ڕەوانە بکرێت بەبێ دواکەوتن بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکی بۆ دروست نەکرێت".

باسی لەوەشکرد: "پێویستە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە ھاتوە بەتەواوی ڕەوانە بکرێت، چونکە لە یاسای بودجە ئاماژەی پێکراوە و مافی ئێمە تەنیا موچە نیە، بەڵام ئەولەویەت بۆ موچەیە، بۆیە چاوەڕێی خشتەکانی ناو بودجە دەکەین تاوەکو حکومەت بۆ ئێمەی ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت ئەوەش بەھەماھەنگی دەبێت لەنێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×