لەقوتابخانەیەكی كەلار خێزانی منداڵەكان بینا دروست دەكەن
  2019-11-09       1702       

ئا: ئاراز محەمەد

‎قوتابخانەیەك لەقەزای كەلار پارە لەخێزانی خوێندكارەكانی كۆدەكاتەوە بۆ دروستكردنی بیناو بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت ئەوان ڕێگەیان بەو كارە نەداوە.

‎قوتابخانەی سابیس كە بەوتەی پەڕێوبەری پەروەردەی گەرمیان (لەنێوان حكومی و ئەهلیدایە)  بۆ ئەمساڵی خوێندن داوای لەخێزانی خوێندكارە وەرگیراوەكان كردوە (بۆ پۆلی یەكی باخچەی ساوایان) كەوا دەبێت خۆیان پارە كۆبكەنەوە بۆ دروستكردنی بینا بۆ خوێندكارەكان .

‎بەوتەی نەجیب عومەر كە خۆی باوكی خوێندكارەو وەك لیژنەش دیاریكراوە بۆ كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارەیە بە ئاوێنەی وت”لە سەرەتای وەرگرتنی منداڵەكانمان لەو خوێندنگەیە، بەئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی پەروەردەو پەروەردەی گەرمیان و پەروەردەی كەلارو قوتابخانەی سابیس-یش پێیان وتوین كە ئەوان ناتوانن بینا بۆ خوێندكارەكان دابین بكەن."

‎وتیشی”پێیان وتین ئەگەر خۆتان بینا دروست نەكەن ئەوە منداڵەكان لەخوێندن دوادەكەون و ناتوانین بینایان بۆ درەست بكەین. ”

‎نەجیب وتیشی”دواتر ئێمەش لەنێو دایكان و باوكاندا هەشت كەسمان وەك لیژنە دەستنیشان كردوەو لەبەرواری  ٩/١١وە دەستمان كردوە بەكۆكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی كە دیاری كراوە بۆ هەر منداڵێك."

‎وتیشی”ئێمە سەردانی بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانمان كردوەو هەرچەندە پێیی خۆش نەبوە كە پارە لەخێزانی خوێندكاران وەربگیرێت، بەڵام دەستخۆشیشی لێكردوین بۆ ئەو كارەی كە دەیكەین."

‎بەپێی زانیارییەكان خوێندكارەكان (٩٥) خوێندكارن و (٥) خوێندكاریان كەسو.كاری شەهیدی داعشن و بەخشراون لەپێدانی ئەو بڕە پارەیە، بەڵام سەرجەمی (٩٠) خێزانەكەی تر دەبێت  یەكی بڕی (٥٠٠) هەزار دینار بدات بۆ دروستكردنی بینا بۆ منداڵەكەی.

‎هاوكات بەختیار كاكە كە باوكی یەكێك لەمنداڵە وەرگیراوەكانە لەو قوتابخانەیە بۆ ئاوێنە وتی”من لەپێناو منداڵەكەمدا ئامادەم هەمو قوربانییەك بدەم، بەڵام كاتێك قوتابخانەكە حكومیەو ئیشی حكومەتە كە بینا دروست بكات من ئامادەنیم ئەو بڕە پارەیە بدەم. ”

‎وتیشی”پێدانی ئەو پارەیە بە كارێكی نایاسایی دەزانم بۆیە بڕیارم داوە منداڵەكەم لەو قوتابخانەیە بكێشمەوە. ”

‎وتیشی”منداڵەكەم دەخەمە قوتابخانەیەكی ئەهلی و لەوێ پارەی بۆ دەدەم و ناشهێڵم كەس منەتم بەسەرەوە بكات چونكە لێرە بەناوی حكومیەوە (٥٠٠) هەزار بۆ بیناو مانگانەش (١٦٧) هەزار بۆ خواردن و جل وەردەگیرێت ”.

‎هاوكات مامۆستا دارا ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان لەو بارەیەوە بۆ ئاوێنە وتی”ئێمە وەك پەروەردە ئاگادارنین پارە كۆكرابێتەوەو ڕێگەشمان نەداوە بەهیچ كەسێك پارە لەخێزانی خوێندكار كۆبكاتەوە بەمەبەستی دروستكردنی بینا ."

‎وتیشی”ئێمە بەهاوكاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەهەوڵداین تا ئەو بڕە پارەیە لە خێرخواز و دەوڵەمەند كۆبكەینەوە. ”

‎بەپێیی زانیارییەكان قوتابخانەی سابیس بە خێزانی خوێندكارەكانی ڕاگەیاندوە كەوا ئەوان هیچ حەقیان بەسەر دروستكردنی بیناكەوە نییە بەڵام شوێنیان دیاری كردوە بۆ ئەوەی بیناكەی لەسەر دروست بكرێت.

‎دارا وتیشی”ئێمە ئەگەر دەستمان لەهەمو شوێن بڕاو هیچمان پێنەكرا ئەوكات ئەگەر دایكان و باوكانی منداڵەكان ڕازی بون ئەوە دەكرێت خۆیان بینا دروست بكەن."

‎هاوكات بەپێیی چەند وێنەیەك كە ئاوێنە لەگروپ چاتی تایبەتی لیژنەی دروستكردنی بیناكەو خێزانی خوێندكارەكان دەستی كەوتوە دەردەكەوێت كەوا هەندێك لەخێزانەكان ناڕازین و ئەو كارە بەكاری حكومەت دەزانن و دەڵێن”نابێت وەرگرتنی پارە بكرێت بەعادەت و ساڵانە دوبارە ببێتەوە."

‎ئاوێنە ئەوەشی زانیوە كە لەسێ ساڵی ڕابردودا ئەو خوێندنگەیە هەمان كێشەی هەبوەو بەهەمان شێوەی وەرگرتنی پارە لەخێزانی خوێندكارەكان كێشەكە چارە كراوە .


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×