ترەمپ: بەرپرسانی ئێران بۆ ئەوەی نهێنیەكانیان ئاشكرا نەبن هێڵی ئینتەرنێتیان راگرتوە
  2019-11-21       1793       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا  لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی ئێرانەوەو دەڵێت، ''بەرپرسانی ئێران بۆ ئەوەی نهێنیەكانیان ئاشكرا نەبن هێڵی ئینتەرنێتیان راگرتوە''.

ئاوێنه‌: كەمێك پێش ئێستا لە ئەكاونتی خۆی لە تویتەر، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتی، دۆخی ئێران زۆر ناسەقامگیرە، رژێمی ئێران ئینتەرنێتی راگرتوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئێران نەتوانن قسە بكەن و هیچ نەزانن لەبارەی ئەو تونوتیژییەی ئێستا وڵاتەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت.

دەشڵێت، رژێمی ئێران وادەزانێت دەتوانێت لە جیهانی بشارێتەوە، كە ئێستا ئەو وڵاتە بە چ مردن و تراژیدیایەكدا تێپەڕ دەبێت.

هەر ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندانەکان حکومەتی ئێران بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە، هێڵەکانی ئینتەرنێتی پچڕاند و سانسۆری لەسەر هەموو ڕاگەیاندنەکان دانا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێران قورستربێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناوبەناو زانیاری بڵاو دەکرێتەوە.

هەرچەند هیچ ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە و ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە جیاوازییان تێدایە، بەشێوەیەکە هەندێک باس لە کوژرانی زیاتر لە 200 کەس و هەندێکیشیان باس لە کوژرانی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن، بەڵام دوێنێ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کوژرانی 106 کەسی پشتڕاست کردبووەوە، کە زۆرترین ژمارەی کوژراوەکان هی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە کوژرانی 16 کەس لەو شارە پشتڕاست کراوەتەوە، دوای ئەوەش شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بە 14 کوژراو و ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان بە 14 کوژراو و شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بە 9 کوژراو زیاترین قوربانییان داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×