عێراق خۆى هێز ناباتە نێوان کفرى و خورماتو و رێگەى بردنى هێز بە پێشمەرگەش نادات
  2019-02-13       1006       

ناوچەیەکى بەرفراوان، لە سنورى نێوان قەزاى کفرى و قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین هیچ هێزێکى تێدا نییە، هێزە عێراقیەکان رازى نابن پێشمەرگە بڕواتە ئەو ناوچانە و خۆشیان هێزى بۆ نابەن.

ئاوێنه‌: رۆژى دوشەمە، پێشمەرگە هێزێکى بردە ناوچەى قورى چای نێوان ئەو دو قەزایە و ویستى لەو ناوچەیەى هێزى تێدا نیە، خاڵى سەربازى دابنێت، بەڵام دواتر هێزە عێراقیەکان ناوچەکەیان پێ جێهێشتن.

عەمید حاجى عوسمان فەرماندەى ئەو هێزەى پێشمەرگە کە ویستیان لەنێوان قەزاکانى کفرى و خورماتو سەنگەر لێبدەن، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشمەرگە و سوپاى عێراق روپێوى ئەو ناوچانەیان کردوە کە هیچ هێزێکى تێدا نییە، بۆ ئەوەى هێزێکى هاوبەشى بۆ پێکبهێنن."

وتیشى"هێزە عێراقیەکان خۆیان ناتوانن ئەو ناوچانە بەهێز پڕ بکەنەوە، رێگەش نادەن پێشمەرگە هێزى بۆ ببات."

رۆژى دوشەمەى رابردو، پێشمەرگە هەوڵى دا لەو ناوچانەى هێزى تێدا نییە سەنگەر لێبدات، بەڵام درەنگانێکى ئێوارە هێزێکى عێراقى ئاگادارى کردنەوە کە سنورەكه‌ جێبهێڵن.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەلایەن سەروى خۆمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە لێدوان لەسەر مەسەلەى هاتن و کشانەوەى پێشمەرگە لەسنورى خورماتو نەدەین."

وتیشى"پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى گفتوگۆى هەیە، بۆیە ئێمە قسەى لەبارەوە ناکەین."

ئەو ناوچە فراوانەى نێوان قەزاکانى کفرى و خورماتو، کە دەکەوێتە نێوان سەنگەرەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هیچ هێزێکى تێدا نییە، هەمان ئەو ناوچەیەیه‌ کە بە پێگەى چەکدارانى داعش لەناوچەکەدا ناسراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×