تیمی سیاسی كۆنسوڵگەری بەریتانیاو لیژنەی سامانە سروشتییەكان كۆبونەوە
  2020-01-29       481       

ئەمڕۆ چوارشەممە ڤینێی ئانیکات، بەرپرسی تیمی سیاسی  كونسوڵگەری بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدادو چاکسازی لەدۆسیەی نەوتدا لەگەڵ لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان کۆبوەوە.

ئاوێنە: عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەکان، لە راگەیەندراوێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەكۆبونەوەكەدا ئەوەی خستۆتەڕو"ھەنگاوی گرنگی چاکسازی دەبێت نەوت بێت."

لەكۆبونەوەكەدا وتوشیانە: رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بۆ دابینکردنی بەشە بودجەی ھەرێم و رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە، بژاردەیەکی دروستە.

وتوشیەتی"لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، رامانگەیاند: چاکسازی گەورەو سەرەکی لە دۆسیەی نەوتدا پێویستە، بۆ ئەمەش ھەنگاوی جدی و پێویست دروستکردنی سندوقی داھاتی نەوت و دامەزراندنی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتە."

جێگری سەرۆکی لیژنەو ئەندامانی لیژنە بەڕونی باسی پێویستی ڕێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیان کردو، بەرنامەی لیژنەیان بۆ چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و دروستکردنی سندوقی داھاتەکانی نەوت ڕونکردەوە.

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"سوپاسی ئەو ھەوڵەی بریتانیامان کرد لە ھەولێرو بەغدا داویانە، بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢٠."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×