چه‌ند بڕیارێك له‌ئەنجومەنی وەزیرانه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ خۆپاراستن لەکۆرۆناو پشو له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن
  2020-02-25       787       
له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی‌ خۆپاراستن لەڤایرۆسی‌ کۆرۆنا دراو هه‌روه‌ها لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك پشو ڕاگه‌یه‌ندرا.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و پارێزگارەکانی هەرێم‌و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین کۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، لەرۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2020/2/26 لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەو باخچەو پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 2020/3/10  بکرێتە پشو، سەبارەت بەزانکۆو پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لەرۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشوی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشوی ساڵانەی بەهار دەبێت و لەرۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا جموجۆڵی بازرگانی له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بەردەوام دەبێت بەرەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.


بڕیاره‌كانی‌ ئەنجومەنی وەزیران:

رۆژانە زانیاریی دروست و رێنمایی پێویست لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بە رای گشتی بدرێت.

لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 2020/3/10  بکرێتە پشوو ، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە رۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.

بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان .

بە هیچ شێوەیەک رێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات وجموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە پێداویستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات. 

پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە راسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بن و رێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×