بەشی دارستان و ژینگەی گەرمیان مەترسی لەسەرە
  2020-05-12       1130       

ئاوێنە: ئەیاد محەمەد

لەئێستادا جموجوڵی گروپە چەکدارەکان لەسنوری قەزای خانەقین و ناوچە کێشەلەسەرەکان زیادی کردوە، لەماوەکانی رابردوشدا چەندین کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە، ئەو گروپانە بەبێ جیاوازی دەستپارێزی لەهێزی ئەمنی و هاوڵاتیانیش ناکەن.

شەوی ڕابردو دو هاوڵاتی کوردی گوندی مێخاسیان ڕفاندو دواتر هەمان شەو کوشتونیان و دەغڵ و دان و ئامێرە کشتوکاڵیەکانیشیان سوتاندوە.

بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە لەنزیک گوندی مێخاس بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بونی هەیە کە ئێستا ناوچەکە جێگای کردەوەی تیرۆریستی و تەراتێنی چەکدارانی داعشە .

دوای ئەوەی پەیامنێری ئاوێنە زانیاری لەسەر بەشی پۆلیسی دارستان و مەترسیەکانی چەکدارە تونڕەوەکان وەرگرت، بۆ بەدواداچونی زیاتر پەیوەندی بە بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان (عەمید شوان محەمەد)ەوەکردو ناوبراو وتی "لەگەڵ سەرەوەی خۆمان قسەم کردوە بۆ ئەوەی بزانن لەناو قەزای خانەقین شوێنێکمان دەستدەکەوێت بیکەین بە بنکە بۆ ئەوەی ئەو بەشەمان بگوازینەوە."

سەبارەت بەوەی ئەرکی ئەوان پاراستنی ژینگەیە، ئایا ئەو شوێنە پڕمەترسیە گونجاوە بۆ مانەوە؟ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان وتی"کاتێک من هاتوم ئەو بەشە هەر لەوێدابوە، واتە 12ساڵە لەوێن، چەندین جار کتابم کردوەو  باسمان کردوە، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە نابێت لەپێش هێزی پێشمەرگەوە بین چونکە ئیشی ئێمە تەنها پاراستنی ژینگەو دارستانەکانە. "

بەڕێوەبەری دارستان و ژینگەی گەرمیان وتیشی: ئەمڕۆ داوام کردوە لەسەرەوەی خۆمان و پێم وتون ئەو پۆلیسانە لەوێن، شوێنەکە بەنیسبەت ئەوانەوە باش نییە پێشمەرگە لەپێشیانەوە نییە، ئەوانە بەشێکن ئەبێت لەناوخانەقیندا بن، نەک لەگوندێکدا بن."

ناوبراو وتیشی"ئێمە سەنگەرو چەکی پێشکەوتو و کامێرای حەراریمان نیەو ئەوەش مەترسیەکەی زیاتر کردوە. "

بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە چەکدارەکانی داعش ئێستا بەشێوەی مەفرەزەی پارتیزانی ئیش دەکەن ناوبەناو هێزە ئەمنیەکان دەکەن بەئامانج .

لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو بابەتە عەمید شوان محەمەد رایگەیاند"لەگەڵ چەند کەسێکدا قسەم کردوە چاوەڕێی جوابی ئەوانین."

دوای قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی و سیاسی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چەکدارەکانی داعش جوڵەیان زیادی کردوەو ئەوەش مەترسی ئەو ڕێخراوەی زیاتر کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×