هەپەگە: ٨ سەربازی تورکیا کوژران
  2019-03-26       1127       
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل -هەپەگە- ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ گه‌ریلاكانیان لەناوچه‌ی‌ گاباری‌ باكوری‌ كوردستان سوپای تورکیایان کردۆتە ئامانج‌و له‌ئه‌نجامدا هەشت سەرباز کوژراون.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، هەپەگە له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، "ڕۆژی ٢١ی ئازار کاتژمێر ٠٧:٠٠، سوپای تورکی داگیرکەر لە مەیدانی سپڤیان لە گاباری سەربە شرناخ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەری جەنگی دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد، لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید دەلال ئامەد و شەهید بەستا-دا، هێزەکانمان هەر ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە یەکینەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەیان لەسەر گردی سپڤیان-یان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا کە گورزی قورس لە دوژمن درا، دوو سەرباز کوژران."

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "٢٢ی ئازار کاتژمێر ١٦:٤٥ خولەک، گەریلاکانی یەژاستار لەدژی ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر گردی سپڤیان چالاکییان ئەنجامدا، چالاکییەکە لەدژی ٢ مۆڵگەی دوژمن ئەنجامدرا و لە ئەنجامی ئەو چالاکییە شەش سەرباز کوژران."

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا راگه‌یه‌ندراوه‌، "سوپای تورک دوای چالاکییەکە بە هێلیکۆپتەری سکۆرسکی کوژراو و بریندارەکانیان لە ناوچەکە گواستووەتەوە، سوپای داگیرکەری تورک هەروەها کاتژمێر ٢٠:٠٠ ناچاربوو لە ناوچەکە بکشێتەوە، لەو ئۆپەراسیۆنە هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×