كورتەك، كوشتارگەی كورد بەدەستی دەوڵەتی تورك
  2019-07-07       2573       

ئا: ئاوێنە



كورتەك‌و لۆفە پێچا‌وێچە رژدو سەختەكانی، ئەو شوێنەیە كە چەندین جار دەوڵەتی تورك كوشتاری هاوڵاتیانی كورد‌و گەریلاكانی پەكەكەی تێدا كردوە.

ئەمڕۆ ٧ی تەموز، شەهیدبونی دیار غەریب ناسراو بە"هەڵمەت" راگەیەندرا، كە یەكێك بو لەسەركردە دیارەكانی پەكەكە‌و تەنها كەسی سۆرانی ناو كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە بو.

دیار غەریب یان هەڤاڵ هەڵمەت، لەلۆفەکانی کورتەک شەهید كرا، ئەو شوێنەی كە دو هەفتە لەمەوبەر باوكێك‌و دو منداڵی لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە تێدا شەهید كرا.

رۆژی 27ی حوزەیران کاتژمێر ٨ی ئێوارە، مام عەبدوڵاو خێزانەكەی لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، لەلایەن فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركەوە كرانە ئامانج‌و لەئەنجامدا مام عەبدولا ئاڵی كە بە-عەبدوڵا چاوشین ناسرابو، لەگەڵ "کوردستان"ی كچی‌و "ھەریاد"ی كوڕی گیانیان لەدەست داو شەهید بون، شەش لەئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بون .

رۆژی 21 / 8 / 2011، بەهەمان شێوە فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک لەلۆفەکانی چیای کورتەک لەبناری قەندیل بەبیانووی بۆردومانکردنی گەریلاکانی پەکەکە ئوتومبێلی خێزانێكیان كردە ئامانج کە لە بناری قەندیل بەرەو رانیە دەگەڕانەوە، لەئەنجامدا ٧ کەسیان شەهید بون کە زۆربەیان منداڵبون. بەهۆی ئەم بۆردومانەوە بەجەشنێک ئۆتۆمبێلی ئەم خێزانە گڕی گرت، كە ھەمویان سوتان ‌و پارچە پارچە بون، تەرمەکانیان نەدەناسرایەوە.

ئەم حەوت شەهیدە بریتی بون لە"حسێن مستەفا حەسەن، رێزان حسێن مستەفا، زانا شەماڵ حسێن ، سۆلین شەماڵ حسێن، سۆنیا شەماڵ حسێن ، ئۆسکار عوزێر حەسەن، میر حاجی مام کاک".

چیای كورتەك كە دەكەوێتە بناری قەندیلەوەو نزیكی قەڵادزێیە، ئەو شوێنەیە بەردەوام چاوی دەوڵەتی توركی لەسەر بوە. میدیاكانی تورك ئاماژە بەوە دەكەن كە رۆژی پێنج شەممەی رابردو لەلۆفەكانی كورتەكدا تیمێكی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری توركیا - میت(MIT)‌و هێزە چەكدارەكانی توركیا (TSK) لەچالاكییەكدا دیار غەریب‌و دو هەڤاڵی دیكەیان شەهیدكردوە. بەڵام كەجەكە لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاند "دیار غەریب (هەڤاڵا هەڵمەت) لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركدا گیانی لەدەستداوەو شەهید بوە".



لەشوێنی روداوەکە مۆنۆمێنتێک بۆ ئەم شەهیدانە دروستکراوە و کەلوپەلی ئۆتۆمبیلەکەش کۆکراونەتەوە

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×